کۆشکی سپی: بایدن و پووتین 16ی حوزەیران لە جنێف کۆدەبنەوە

25-05-2021
بژار زوبێر @BBashqaly
نیشانەکردن ڤلادیمێر پوتین جۆ بایدن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کۆشکی سپی پشتراستیکردەوە کە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و ڤیلادیمیر پووتین سەرۆکی رووسیا 16ی حوزەیران داهاتوو لە جنێف کۆدەبنەوە. 
 
دوای بوون بە سەرۆک، مانگی داهاتوو، بایدن یەکەم گەشتی خۆی بۆ دەرەوەی ئەمریکا ئەنجامدەدات؛ لە بەریتانیا بەشداری لە کۆبوونەوەی سەرۆکەکانی حەوت وڵاتە پیشەسازیە گەورەکەی جیهان دەکات و دواتریش دەچێتە برووکسل و لە لووتکەی ناتۆدا بەشداردەبێت، لە کۆتاییشدا دەچێتە جنێف بۆ ئەوەی لەوێ پووتین ببینێت. 
 
جەین ساکی، گوتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند، دوو سەرۆکەکە هەموو پرسە ناکۆکەکانی نێوانیان تاوتوێدەکەن. 
 
مانگی نیسان، بایدن پێشنیازی بۆ پووتین کرد تا کۆبوونەوەیەک ئەنجامبدەن، لە کاتێکدا کە ئیدارەکەی سەرقالی ئەوە بوو بۆ دووەمجار لە ماوی سێ مانگی سەرۆکایەتییەکەیدا، سزا بەسەر بەرپرسانی رووسیادا بسەپێنێت. 
 
هاوکات کرملین لە راگەیێنراوێکدا رایگەیاند، کە سەرۆکەکانی رووسیا و ئەمریکا لە کۆبوونەوەکەیاندا باس لە "پرسە هەنووکەییەکان و پەیوەندییەکانی نێوان رووسیا و ئەمریکا و سەقامگیریی ستراتیژی" دەکەن و "کێشە سەرەکییەکان، لە نێویشیاندا پەتای کۆرۆنا و ناکۆکییە هەرێمییەکان" تاوتوێدەکەن. 
 
کۆشکی سپی بەردوام گوتوویەتی کە ئەمریکا دەیەوێت پەیوەندیێکی "جێگیر و روون"ی لەگەڵ رووسیادا هەبێت، بەڵام لە هەمان کاتیشدا مۆسکۆی بە دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا و هاککردنی دامەزراوە فیدراڵیەکانی تۆمەتبارکردووە. 
پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو دژبەرەی پێشووی جەنگی سارد لە مانگی ئادارەوە خراپتر بوون کاتێک کە بایدن، ڤیلادیمیر پووتینی بە بکوژ ناوبرد، کە ئەوەش وایکرد مۆسکۆ باڵیۆزەکەی لە واشنتن بکشێنێتەوە بۆئەوەی راوێژی لەگەڵدا بکات. باڵیۆزەکە هێشتاش نەگەڕاوەتەوە ئەمریکا. 
 
لەوکاتەوە، پەیوەندییەکانی کریملین و کۆشکی سپی بۆ ئاستێکی نزم دابەزیون، ئەوەش بەهۆی ژمارەیەک هۆکارەوە، لەنێویشیاندا تۆمەتەکانی دەستوەردان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، پرسی ئۆکراینا، زیندانیکردنی ئەلێکسی ناڤالنی، سەرکردەی ئۆپۆزسیۆنی رووسیا و تۆمەتەکانی هێرشە ئەلکترۆنییەکان.
 
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، دوای سەپاندنی سزا بەسەر مۆسکۆدا لە بەرامبەر "تێوەگلانی لە هێرشی ئەلیکترۆنی بۆ سەر دامەزراوە فیدراڵییەکانی ئەمریکا"، ئاماژەی بەوە کرد، ئەوان نایانەوێت گرژییەکان لەگەڵ رووسیا زیاتر بکەن، بەڵام ئەگەر مۆسکۆ واز لە "هەراسانکارییەکان"ی نەهێنێت، ئەوا رێکاری زیاتر دژی دەگرنە بەر. 
 
پەیوەندییە خراپەکانیان بوونەتە هۆی ئەوەی کە هەریەکەیان دیپلۆماتەکانی ئەوی دیکەیان دەربکات و گفتوگۆکانی سنووردارکردنی چەکی ئەتۆمیش بەو هۆیەوە بەرەوپێشچوونی ئەوتۆیان بەخۆیەوە نەبینەوە. 
 
هەر ئەم مانگە، پەرلەمانی رووسیا بڕیاریدا پشتیوانی لە هاتنەدەرەوەی مۆسکۆ لە پەیماننامەی چاودێریکردنی جموجووڵی ئاسمانی بکات کە بە پەیماننامەی ئاسمانە واڵاکان ناسراوە و رێگە بە فڕۆکەکانی چاودێری دەدات بەسەر ئاسمانی وڵاتانی ئەندام لە پەیماننامەکە بفڕن بۆئەوەی چاودێری جموجووڵی سەربازیی ئەو وڵاتانە بکەن. 
 
رووسیا کە دەڵێت نیازی وایە تا مانگی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ بە تەواوی لە پەیماننامەکە بکشێتەوە، رایگەیاندووە ئەگەر بایدن ئەمریکا بگەڕێنێتەوە نێو پەیماننامەکە، ئەوا ئەوانیش دەمێننەوە، بەڵام تا ئێستا هیچ ئاماژەیەک بۆ گەڕانەوەی ئەمریکا نییە. 
 
رووسیا هێزی سەربازیی خۆی لە جەمسەری باکووری گۆی زەوی زیادکردووە و ژێرخانی سەربازی خۆی لەو ناوچەیە پەرەپێداوە. 
هەفتەی رابردوو، بلینکن مۆسکۆی بە "بانگەشەکردنی ناڕەوا بۆ خاوەندارێتیی سنوورە ئاوییەکان"ی ئەو ناوچەیە تۆمەتبارکرد بەوەی کە یاسا و رێنوێنی بۆ ئەو کەشتییانەی داناوە کە لە رێگەی دەریایی باکووری رووسیاوە هاتووچۆ دەکەن. 
 
هەفتەیەک پێش ئەوە، لاڤرۆڤ نیگەرانییەکانی هاوپەیمانیی ناتۆی لە بەرامبەر زیادبوونی هێزی سەربازی رووسیا لە ناوچەکە بە ناپەسەند ناوبرد و گوتی مۆسکۆ مافی ئەوەی هەیە ئاساییشی باکووری وڵاتەکەی بپارێزێت. 
 
هەروەها لاڤرۆڤ ئاماژەی بەوە کرد، مۆسکۆ چاوەڕێ دەکات بزانێت مەبەستی واشنتن لە هەبوونی پەیوەندی سەقامگیر و خۆڕاگر چییە و رایگەیاند، "ئەگەر مەبەست لێی سزای بەردەوام و چاوەڕوانکراو بێت، ئەوا ئەوە ئەو شتە نییە کە پێویستیمان پێی هەیە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کۆبوونەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا و مارک رووتە، سکرتێری ناتۆ

ترەمپ و سکرتێری ناتۆ لەبارەی "دۆخی ئاسایشی جیهان" کۆدەبنەوە

سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا و سکرتێری گشتی هاوپەیمانی ناتۆ لە کۆشکەکەی ترەمپ لە ویلایەتی فلۆریدا کۆبوونەوە و پرسی هەڕەشەکانیان بۆ سەر ئاسایشی جیهان تاوتوێ کرد