لە بەنگلادیش نوێژەبارانە دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ
 
لە بەنگلادیش بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، حکومەت قوتابخانەکانی داخستووە و لە مزگەوتەکانیش نوێژە بارانە دەکرێت. حکومەتی بەنگلادیش دەڵێت، پلەی گەرما 5 پلە بەراورد بە 30 ساڵی رابردوو بەرزبووەتەوە.
 
کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لە جیهاندا بەردەوامە و بەنگلادیش بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و وشکەساڵییەوە باری لەناکاوی راگەیاندووە.
 
رۆژی چوارشەممە 24-04-2024، بە سەتان هاووڵاتیی بەنگلادیشی لە مزگەوتێکی شاری داکا نوێژەبارانەیان کرد.
 
نووسینگەی کەشوهەوای بەنگلادیش دەڵێت، "بەراورد بە 30 ساڵی رابردوو پلەی گەرما چوار بۆ پێنج پلە بەرزبووەتەوە."
 
محەممەد ئەبو یوسف، پێشنوێژی مزگەوتێکە لە پایتەختی بەنگلادیش دەڵێت، "نوێژکردن بۆ باران سوننەتی پێغەمبەری ئێمەیە. لە گوناهەکانمان پەشیمان بووینەوە و داوای بەزەیی خودامان کرد. بەهۆی نەبارینی بارانەوە ژیان زۆر قورسبووە و کاریگەریی لە خەڵکی هەژار کردووە."
 
بڕیارە نوێژەبارانە ئەمڕۆ (پێنجشەممە) بەردەوامبێت. پارتی جەماعەت ئیسلام، گەورەترین پارتی ئیسلامیی وڵاتەکە داوای لە ئەندامانی خۆی و هاووڵاتییان کردووە بە کۆمەڵ بەشداریی لە نوێژەبارانە بکەن.
 
بەرزبوونەوەی پلەی گەرما بۆ نزیک 42 پلە، دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەی ناچارکرد تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە دەرگەی قوتابخانەکان دابخەن.
 
تاریفول نەواز کەبیر، شارەزایەکی کەشوهەوایە و گوتی، "مانگی نیسانی ئەمساڵ گەرمترین مانگی نیسان بوو لە 1971ـەوە. پێشبینی دەکەم تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە شەپۆلی گەرما بەردەوامبێت."
 
چەند نەخۆشخانەیەک لە ناوچەی پاتواخالی لە باشووری بەنگلادیش رایانگەیاند، ریکۆردیان شکاندووە لە وەرگرتنی ئەوانەی بەهۆی گەرماوە تووشی سکچوون بوون.