لە تایلاند 30 کەس بەهۆی گەرماوە گیان لەدەستدەدەن
رووداو دیجیتاڵ
پلەی گەرما لە تایلاند لە 50 پلە نزیک دەبێتەوە و حکومەت باری لەناکاوی راگەیاندووە. تائێستاش 30 کەس بەهۆی گەرماوە گیانیان لەدەستداوە.
رۆژی پێنجشەممە 25-04-2024 حکومەتی تایلاند دووبارە هۆشداریی دایە هاووڵاتییەکانی لە ماڵەکانیان بمێننەوە. ئەمەش دوای ئەوەی دوێنێ (چوارشەممە) وەزارەتی تەندروستیی ئەو وڵاتە رایگەیاند، "لە 1ی کانوونی دووەم تاوەکو 17ـی نیسانی 2024، بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، 30 کەس گیانیان لەدەستدا. لەکاتێکدا، لە تەواوی 2023ـدا تەنیا 37 کەس بەو هۆکارە گیانیان لەدەستدابوو."
ماوەی هەفتەیەکە شەپۆلێکی بەتینی گەرما رووی لە باشوور و باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا کردووە، حکومەتی فلیپین قوتابخانەکانی داخستووە و لە بەنگلادیشیش نوێژەبارانە کرا.
دیرێک خامپەین، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشییەکان لە تایلاند داوا لە کەسانی بەساڵاچوو، ئەوانەی نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە و ئەوانەی نەخۆشیی قەڵەوییان هەیە لە ماڵەوە بمێننەوە و ئاوی زۆر بخۆنەوە.
بەشێوەیەکی گشتی، مانگی نیسان گەرمترین مانگی ساڵە لە تایلاند و وڵاتانی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا، بەڵام گۆڕانی کەشوهەوا دۆخەکەی قورستر کردووە.
رۆژی دووشەممە، پلەی گەرما لە پارێزگەی لامپانگ، باکووری تایلاند گەیشتە 44.2، تائێستا گەرمترین ریکۆرد تۆمار کرابێت، پار بوو کە گەیشتە 44.6.
لە میانماری دراوسێی تایلاندیش، پلەی گەرما گەیشتووەتە 45.9 و چاوەڕێ دەکرێت زیاتریش بەرزببێتەوە.