جیهان
پیاوێکی غەززەیی منداڵێکی بە باوشییەوە گرتووە و لە پشتەوە شڵەژان و دۆخی خراپ و لەناکاو دەبیندرێ. وێنە: Reuters
رووداو دیجیتاڵ
18 وڵات راگەیێندراوێکی هاوبەشیان لەبارەی جەنگی غەززە و ئیسرائیلەوە بڵاوکردەوە و داوای دەستبەجێ ئازادکردنی بارمتەکان دەکەن و چارەنووسی ئەو بارمتانە و دانیشتووانی کەرتی غەززە بە نیگەرانییەکی نێودەوڵەتی وەسف دەکەن.
رۆژی پێنجشەممە، 25ی نیسانی 2024، سەرۆکی وڵاتانی ئەمریکا، ئەرجەنتین، نەمسا، بەرازیل، بولگاریا، کەنەدا، کۆڵۆمبیا، دانیمارک، فەرەنسا، ئەڵمانیا، هەنگاریا، پۆڵەندا، پۆرتوگال، رۆمانیا، سڕبیا، ئیسپانیا، تایلاند و بەریتانیا راگەیێندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، "داوای دەستبەجێ ئازادکردنی هەموو ئەو بارمتانە دەکەین کە 200 رۆژە لە غەززە لەلایەن حەماسەوە گیراون و بەشێکیشیان هاووڵاتی ئێمەن. چارەنووسی بارمتە و دانیشتووانی غەززە، کە بە گوێرەی یاسای نێودەوڵەتی پارێزراوە، نیگەرانیێکی نێودەوڵەتییە."
رۆژی 7ی تشرینی یەکەمی 2023، جەنگی ئیسرائیل و حەماس دەستیپێکرد؛ ئەمە دوای ئەوەی کەتیبەی قەسام، باڵی سەربازی حەماس هێرشیکردە سەر ئیسرائیل. بە گوێرەی بەرپرسانی ئیسرائیل، لەو هێرشەدا لانیکەم هەزار و 200 هاووڵاتییان کوژران و 240ی دیکەش بە بارمتە گیران؛ هێشتا لانیکەم 130یان لای ئەو گرووپە ماون.
ئەو وڵاتانە لەو راگەیێندراوە هاوبەشەدا ئاماژە بەوەش دەکەن، "جەخت دەکەینەوە کە ئەو رێککەوتنەی لەسەر مێزە بۆ ئازادکردنی بارمتەکان دەبێتە هۆی ئاگربەستێکی دەستبەجێ و درێژخایەن کە ئاسانکاری بۆ گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی زیاتر بە کەرتی غەزە دەکات و دەبێتە هۆی کۆتایهێنان بە دووژمنکاری."
بە گوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە 2.3 ملیۆن دانیشتووی کەرتەکە، جەنگەکە بووەتە هۆی ئاوارەبوونی لانیکەم ملیۆنێک و 700 هەزاریان. ملیۆنێک و 100 هەزار کەس لەو کەرتە برسین. رۆژانە کەرتی غەززە پێویستی بە 500 بارهەڵگر هاوکاریی مرۆیی هەیە بەڵام لە دەستپێکی جەنگەکەوە رۆژانە تەنیا 125 بارهەڵگر هاوکاری مرۆیی گەیشتوونەتە کەرتەکە.
ئەو 18 وڵاتە دەشڵێن، "بە تووندی پاڵپشتی هەوڵە نێوەندگیرییەکان بۆ گەڕاندنەوەی هاووڵاتییان بۆ ماڵەکانیان دەکەین. داواکەمان لە حەماس بۆ ئازادکردنی بارمتەکان دووپات دەکەینەوە، با کۆتایی بەم قەیرانە بهێنین و سەرنجمان لەسەر گەڕاندنەوەی ئاشتی و ئاسایش بێت بۆ ناوچەکە."
لەدوای دەستپێکی جەنگی غەززەوە، گرژییەکانی ناوچەکەش زیادیان کردووە، لەوانە هێرشەکانی حیزبووڵـڵای لوبنان و ئیسرائیل بۆ سەر یەکتری، هێرشکردنە سەر بنکەکانی سوپای ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و هێرشکردنە سەر کەشتییەکانی دەریای سوور لەلایەن حووسییەکانی یەمەنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ