بە ئەگەری زۆرەوە بایدن و ترەمپ لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە

25-04-2023
لهۆن نەسرەدین
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

تەمەن و تەندروستی دوو بابەتی گەرمی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکان؛ ئەو دوو مژارە بۆ هەڵبژاردنی 2024 زەقتر دەبن، چونکە ئەگەری زۆرە بایدنی تەمەن 80 ساڵ و ترەمپی 76 ساڵ دوایین بەربژێرانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی وڵاتەکە بن.
 
وڵیەم هاوڵ، شارەزای سیاسییە و دەڵێت: "خۆبەربژێرکردنەوەیەکی مێژوویی دەبێت، چونکە بایدن ئێستا بە تەمەنترین سەرۆکە لە مێژووی ئەمریکا و لە ئەگەری بردنەوەی هەڵبژاردنەکاندا تەمەنی دەبێتە 82، لە ساڵی کۆتایی سەرۆکایەتییەکەشی لە تەمەنی 86 ساڵیدا دەبێت."
 
هەر لە ئێستاوە ناوەندەکانی راپرسیی دەستبەکاربوون؛ نوێترین راپرسیی پەیمانگەی سیاسی لە زانکۆی هارڤاردی ئەمریکی دەریدەخات؛ لە نێو 10 گەنجی تەمەن 18 تاوەکو 29 ساڵ، تەنیا سیانیان لە کار و توانستی بایدن رازین؛ لە کاتێکدا شەش مانگ لەمەوبەر، چوار لەو گەنجانە ئەدای بایدنیان بە ئەرێنی تەماشا دەکرد.
 
لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا بایدنی تەمەن 80 ساڵ لایەنگری لە ترەمپی تەمەن 76 ساڵ زیاترە؛ بە گوێرەی راپرسییەکی سەرانسەری مانگی نیسانی ئەمساڵی ناوەندی ئیپسۆس؛ بایدن لە 34٪ و لە بەرامبەردا ترەمپ لە 25٪ی بەدەستهێناوە.
 
چەند خاڵێکی ئەرێنی هەن کە خزمەت بە بایدن دەکەن و دەکرێت بابەتی تەمەنەکەی تاڕادەیەک داپۆشن؛ لەوانەش لە سەردەمی ئەودا، پڕۆژەیاسای ژێرخانی ئابووری، پڕۆژەیاسای رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا پەسند کران. لە سەردەمی ئەودا پەتای کۆرۆنا تا رادەیەکی زۆر لاواز بوو، هەڵاوسانی ئابووری بەرەو کەمبوونەوە دەڕوات و چەند سەرکەوتنێكی دیکەش.
 
ترەمپ لە تشرینی دووەمی ساڵی 2022ـوەوە بە فەرمی خۆی بەربژێر کردووە.
 
سەرەڕا هەموو کێشەکان لە هەڵکوتانی لایەنگرانی بۆ سەر بارەگای کۆنگرێس لە سەرەتای 2021 تاوەکو تۆمەتبارکردنی لە پەڕاوی بێدەنگکردنی ئەکتەرێكی پۆڕن؛ هێشتا سەرووی 70٪ی کۆمارییەکان پشتگیری لە ترەمپ دەکەن.
 
باربرا پێری، شارەزای کاروباری سەرۆکایەتیی ئەمریکایە و دەڵێت: "زۆربەی ئەمریکییەکان گرنگی بە بابەتی تەمەن دەدەن و دەشزانین کە تەمەنی بایدن زۆرە، بۆیە دەبێت بایدن کار لەسەر ئەو مژارانە بکات کە جێگەی گرنگیی زۆربەی دەنگدەرانن."
 
یەکێک لەو مژارانە پرسی لەباربردنی منداڵانە کە دوو لەسەر سێی ئەمریکییەکان هاوشێوەی دیموکراتەکان پشتگیری لێدەکەن؛ لە کاتێکدا کۆمارییەکان بە تووندی لە دژی دەوەستنەوە.
 
فرۆشتنی ئازادانەی چەک و تووندوتیژی نێو کۆمەڵگە و قوتابخانەکان بابەتێکی دیکەیە کە ئەمریکییەکانی دابەشکردووە و سەنگەری کۆمارییەکان و دیموکراتەکانی لە یەکدی تووندتر کردووە و کاریگەری گەورەی لەسەر یەکلاکردنەوەی هەڵبژاردنەکان هەیە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە