رووسیا و ئۆکراینا رێککەوتن هێرشەکانیان لە دەریای رەشەوە بۆسەر یەکدی رابگرن

دوێنێ کاژێر 09:53
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن، هەردوو لایەنی رووسی و ئۆکراینی رێککەوتوون ئەو هێرشانە رابگرن کە لە دەریای رەشەوە دەیانکردە سەر یەکدی و هەردوولا پابەندبوونی خۆیان دووپاتکردووەتەوە کە چیدیکە ژێرخانی وزەی یەکدی بەئامانج نەگرن.

رۆژی سێشەممە، 25ـی ئاداری 2025، کۆشکی سپی لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، هەردوو لایەنی رووسی و ئۆکراینی رازی بوون بەوەی ئاگربەستی دەریایی رابگەیێنن و چیدیکە لە دەریاوە هێرش نەکەنە سەر یەکدی. 
 
لە راگەیێندراوەکەی کۆشکی سپیدا هاتووە: "هەردوو وڵات رێککەوتن لەسەر پەرەدان بە رێوشوێنەکان بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەی پێشوو بۆ ئەوەی هێرشەکانیان بۆ سەر ژێرخانی وزەی یەکدی بوەستێنن."
 
رۆستەم ئومێرۆڤ، وەزیری بەرگریی ئۆکراینا کە بەشداری لە دانوستاندنەکانی تایبەت بە ئاگربەستەکە کردووە، رایگەیاند: "کیێڤ رازییە دڵنیایی بدات لە سەلامەتی گەشتەکانی دەریای رەش".
 
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرایناش لەبارەی راگەیاندنی ئاگربەستی دەریایی لەگەڵ رووسیا گوتی: "ئێمە ئەرکی خۆمان جێبەجێ دەکەین بۆ ئەوەی رێککەوتنی ئۆکراینا-ئەمریکا جێبەجێ بکەین."
 
هەروەها کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا (کرێملن) لە راگەیێندراوێکدا گوتی، بە پێشنیازەکەی ئەمریکا رازی بوون بۆ ئەوەی "کەشێکی ئارام لە دەریای رەش بهێننە ئاراوە".
 
بەگوێرەی رێککەوتنەکە، ئەمریکا یارمەتیی رووسیا دەدات بۆئەوەی هەناردەی کشتوکاڵی بۆ دەرەوە دەستپێبکاتەوە، هەروەها ئاسانکاری دەکات بۆ ئەوەی رووسیا دەستی بە بەندەرەکانی جیهان بگات و بەشێوەیەکی ئاسانتر بتوانێت مامەڵەکانی رایی بکات. 
 
کۆشکی سپی رایدەگەیێنێت، نێوەندگیری دەکەن بۆ ئەوەی رووسیا و ئۆکراینا ژمارەیەک بارمتە و هاووڵاتیی سڤیل ئالۆگۆڕ بکەن و ئەو منداڵانە دەگەڕێننەوە ئەو ناوچانەی ئۆکراینا کە رووسیا رایگواستوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

مارک رووتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ. وێنە: Reuters

سکرتێری گشتیی ناتۆ پەیامێک بۆ پووتین دەنێرێت

سکرتێری گشتیی ناتۆ رایگەیاند، ناتۆ زۆر بە تووندی وەڵامی هەر هێرشێکی دوژمن بۆ سەر پۆڵەندا یان هەر ئەندامێکی دیکەی هاوپەیمانییەکەیان دەداتەوە جا هێرشکارەکە رووسیا یان هەر وڵاتێکی دیکە بێت.