لە بەلجیکا ژمارەیەک تورک هێرشدەکەنە سەر چەند خێزانێکی کورد
رووداو دیجیتاڵ
گرووپێکی رەگەزپەرستی تورک لە بەلجیکا بەهۆی گێرانی ئاهەنگی نەورۆز رێگە لە چەند خێزانێکی کورد دەگرن و هێرشیان دەکەنە سەر. بەگوتەی پۆلیس شەش کەس لە رووداوەکەدا بریندار بوون.
رووداوەکە رۆژی یەکشەممە لە شاری لیمبۆرگ لە باکووری رۆژهەڵاتی بەلجیکا روویداوە.
بەپێی گرتە ڤیدیۆیەک دەردەکەوێت گرووپە رەگەزپەرستە تورکەکە لەسەر شەقامێکی شارەکە رێگە لە چەند خێزانێکی کورد دەگرن، بەگوتنەوەی دروشمی "ئەڵاهوئەکبەر" هێرشیان دەکەنە سەر و ئاڵای کوردستان دەسووتێنن.
میدیای بەلجیکا لەسەر زاری پۆلیسی ئەو ناوچەیە دەڵێت، لە رووداوەکەدا شەش کەس بریندار بوون، کە برینی یەکێکیان قورسە.
پۆلیس دەشڵێت، ژمارەیەکی زۆر لە پۆلیسیان بە هێلیکۆپتەر رەوانەی شوێنی رووداوەکە کردووە و کەسێکیشیان دەستگیر کردووە.
میدیای تورکیاش کوردەکان بەوە تۆمەتبار دەکەن، کە سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان – پەکەکە بوون و ئاڵای پەکەکەیان بەرز کردووەتەوە.
دوای رووداوەکەش کوردانی دایاسپۆرا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەڵمەتێکییان دژی گرووپە رەگەزپەرستەکە و هێرشکردنە سەر خێزانە کوردەکان راگەیاند، بڕیاریشە لە چەند رۆژی داهاتوودا خۆپێشاندانێکی فراوانی کوردەکان لە چەند شارێکی تورکیا بۆ سەرکۆنەکردنی رووداوەکە بکرێت.
میدیا نێوخۆییەکانی بەلجیکا ئاماژە بەوە دەکەن، ئەو گرووپەی کە هێرشی کردووەتە سەر خێزانە کوردەکان سەر بە رێکخراوی 'گورگە بۆرەکان' بوون.
گورگە بۆرەکان گرووپێکی نەژادپەرستن، کار و چالاکییان لە چەند وڵاتێک قەدەخەیە. بانگەشە بۆ نەژادپەرستی و دژایەتیکردنی گەلانی دیکە بەتایبەت کورد دەکەن و ناوەکەشی لە داستانە کۆنەکانی تورکیاوە وەرگیراوە کە گورگەبۆرەکانی بە هێمای لێهاتوویی و شەڕەنگێزی و زیرەکی وێناکردووە.