ئەنجوومەنی ئاسایش پڕۆژەبڕیارێکی رووسیا و چینی بۆ ئاگربەست لە غەززە پەسند کرد

رووداو دیجیتاڵ 

ئێوارەی ئەمڕۆ بەکاتی هەولێر ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، بە کۆی دەنگ پرۆژەبڕیارێکی هاوبەشی رووسیا، چین و وڵاتانی عەرەبی بۆ داواکردنی ئاگربەستێکی دەستبەجێ و درێژخایەن لە کەرتی غەززە، پەسند کرد. ئەمریکاش بە بەڵێ یان نەخێر دەنگی بە پڕۆژە بڕیارەکە نەدا.
 
دووشەممە، 25-03-2024، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، دەنگی لەسەر پرۆژەبڕیارێکی تایبەت بە داواکردنی ئاگربەستی درێژخایەن و ئازادکردنی بارمتەکان و گەیاندنی دەستبەجێی هاوکاری مرۆیی بۆ نێو کەرتەکە دا. 
 
دەنگدانەکەی ئەنجوومەنەکە لە کاتێکدایە رۆژی هەینی، رووسیا و چین، پرۆژەبڕیارێکیان ڤیتۆ کرد، کە لەلایەن ئەمریکاوە پێشکەشی ئەنجوومەنی ئاسایش کرابوو. رووسیا ئەوکات گوتی، پرۆژە بڕیارەکە لە بەرژەوەندیی ئیسرائیل دایە." 
 
پێش کۆبوونەوەکە، ئەمریکا هۆشداری دابوو، ئەو پڕۆژەبڕیارەی کە رووسیا و چین و ژمارەیەک وڵاتانی عەرەبی ئامادەیان کردووە، رەنگە زیان بگەیێنێت بە دانوستاندنەکانی تایبەت بە ئازادکردنی بارمتەکان کە لەنێوان ئەمریکا، میسر، قەتەر و ئیسرائیل هەیە.
 
پرۆژەبڕیارەکە بە دەنگی 14 ئەندام لە کۆی 15 ئەندامی ئەنجوومەنەکە پەسند کرا، بەڵام ئەمریکا دەنگی بە پرۆژەبڕیارەکە نەدا. 
 
لەدوای پەسندکردنی، چاوەڕێ دەکرێت بڕیارەکە راستەوخۆ بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و ئاگربەست لەنێو مانگی رەمەزاندا جێبەجێبکرێت. 
 
پێش دەنگدان بە پڕۆژەبڕیارەکە، 22 وڵاتی عەرەبی لە بەیاننامەیەکدا داوایان لەسەرجەم 15 وڵاتانی ئەندامی ئەنجوومەنەکە کرد "یەکگرتوو و یەکدەنگ" بن و دەنگ بە پڕۆژەبڕیارەکە بدەن، "تاوەکو خوێنڕشتن رابگرن و پارێزگاری لە گیانی خەڵکی سڤیل بکەن"، جەختیشیان کردەوە "کاتی ئاگربەست هاتووە".
 
جەنگی غەززە، کە لە 7ی ئۆکتۆبەری پارەوە سەریهەڵدا؛ کاتێک بزووتنەوەی حەماس هێرشی کردە سەر ئۆردووگا جوونشینەکان و  لانیکەم هەزار و 200 ئیسرائیلی کوژران و نزیکەی 250 کەسی دیکەش لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی فەلەستینەوە بەبارمەتە گیران.
 
لە بەرامبەردا و لە وەڵامی ئەو هێرشانە، سوپای ئیسرائیل لەسەر زەوی و لە ئاسمانەوە کەرتی غەززەی کردووەتە ئامانج و تائێستاش هێرشەکان بەردەوامن و بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستیی کەرتی غەززە، زیاتر لە 32 هەزار فەلەستینی کوژراون کە ٪80یان ژن و منداڵن. 
 
لەبەرامبەردا، ئیسرائیل دەڵێن لەنێو ئیسرائیل و لە شەڕی 7ی تشرینی یەکەم نزیکەی هەزار چەکداریان کوشتووە، لەنێو کەرتی غەززەش، نزیکەی 13 هەزار چەکداری حەماسیان کوشتووە.
 
لەسەرەتای جەنگەکەوە، ئەنجوومەنی ئاسایش دوو پرۆژەبڕیاری لەبارەی دۆخی غەززەوە پەسند کردووە، بەڵام هەردوو پرۆژەبڕیارەکە تایبەت بوون بە دۆخی مرۆیی و باسیان لە ئاگربەست نەکردووە.
 
بەردەوامی جەنگی غەززە لەکاتێکدایە، رۆژی شەممە، 23ی ئادار، رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، رایگەیاندووە زیاتر لە ملیۆنێک دانیشتووی کەرتی غەززە لە دۆخێکی خراپدان و نیوەی ئەو ژمارەیەش لە لێواری برسێتی و قاتوقڕیدان.