رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، دەنگ لەسەر پرۆژەبڕیارێکی هاوبەشی رووسیا، چین و وڵاتانی عەرەبی بۆ راگەیاندنی ئاگربەستی درێژخایەن لە کەرتی غەززە، بدات. ئەمەش دوای ئەوەی رووسیا و چین، رۆژی هەینی پرۆژەیاسایەکی ئەمریکایان بۆ ئاگربەست ڤیتۆ کرد.
رۆژی دووشەممە، 25-03-2024، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، دەنگ لەسەر پرۆژەبڕیارێکی تایبەت بە راگەیاندنی ئاگربەستی درێژخایەن و ئازادکردنی بارمتەکان و گەیاندنی دەستبەجێی هاوکاری مرۆیی بۆ نێو کەرتەکە، دەدات.
دەنگدانەکەی ئەمشەوی ئەنجوومەنەکە لەدوای بڕیاردانەکەی رۆژی هەینیی رابردوو دێت لە بارەی پرۆژەبڕیارێک، کە ئەمریکا ئامادەی کردبوو بۆ راگەیاندنی ئاگربەستێکی درێژخایەنی بۆ کۆتاییهێنان لەو جەنگەی زیاتر لە پێنج مانگە لەنێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس و گرووپە چەکدارەکانی دیکەی فەلەستین بەردەوامە و بووەتە هۆی کوژرانی هەزاران کەس لە هەردوولا، بەڵام چین و رووسیا پرۆژەبڕیارەکەیان ڤیتۆ کرد.
پێش کۆبوونەوەکەی ئەمشەو، ئەمریکا هۆشداری دا، ئەو پڕۆژەبڕیارەی رووسیا و چین و ژمارەیەک وڵاتانی عەرەبی ئامادەیان کردووە، رەنگە زیان بگەیێنێت بە دانوستاندنەکانی تایبەت بە ئازادکردنی بارمتەکان کە لە نێوان ئەمریکا، میسر، قەتەر و ئیسرائیل هەیە، ئەمەش ئەگەرێکی گەورەیە ئەمریکا مافی ڤیتۆ بەکاربهێنێت و پڕۆژەبڕیارەکە رەتبکاتەوە.
ئەگەر پڕۆژەبڕیارەکەی ئەمشەو پەسند بکرێت، چاوەڕێ دەکرێت راستەوخۆ بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و ئاگربەست لەنێو مانگی رەمەزاندا جێبەجێبکرێت.
پڕۆژەبڕیارەکە بێجگە لە رووسیا و چین لەلایەن 22 وڵاتی عەرەبییەوە پشتگریی دەکرێت و لە بەیاننامەیەکیشدا، وڵاتانی عەرەبی داوایان لەسەرجەم 15 وڵاتانی ئەندامی ئەنجوومەنەکە کرد "یەکگرتوو و یەکدەنگ" بن و دەنگ بە پڕۆژەبڕیارەکە بدەن، "تاوەکو خوێڕشتن رابگرن و پارێزگاری لە گیانی خەڵکی سڤیل بکەن"، جەختیشیان کردەوە "کاتی ئاگربەست هاتووە".
جەنگی غەززە، کە لە 7ی ئۆکتۆبەری پارەوە سەریهەڵدا؛ کاتێک بزووتنەوەی حەماس هێرشی کردە سەر ئۆردووگا جوونشینەکان و لانیکەم هەزار و 200 ئیسرائیلی کوژران و نزیکەی 250 کەسی دیکەش لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی فەلەستینەوە بەبارمەتە گیران.
لە بەرامبەردا و لە وەڵامی ئەو هێرشانە، سوپای ئیسرائیل لەسەر زەوی و لە ئاسمانەوە کەرتی غەززەی کردووەتە ئامانج و تائێستاش هێرشەکان بەردەوامن و بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستیی کەرتی غەززە، زیاتر لە 32 هەزار فەلەستینی کوژراون کە ٪80یان ژن و منداڵن.
لەبەرامبەردا، ئیسرائیل دەڵێن لەنێو ئیسرائیل و لە شەڕی 7ی تشرینی یەکەم نزیکەی هەزار چەکداریان کوشتووە، لەنێو کەرتی غەززەش، نزیکەی 13 هەزار چەکداری حەماسیان کوشتووە.
لەسەرەتای جەنگەکەوە، ئەنجوومەنی ئاسایش دوو پرۆژەبڕیاری لەبارەی دۆخی غەززەوە پەسند کردووە، بەڵام هەردوو پرۆژەبڕیارەکە تایبەت بوون بە دۆخی مرۆیی و باسیان لە ئاگربەست نەکردووە.
بەردەوامی جەنگی غەززە لەکاتێکدایە، رۆژی شەممە، 23ی ئادار، رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، رایگەیاندووە زیاتر لە ملیۆنێک دانیشتووی کەرتی غەززە لە دۆخێکی خراپدان و نیوەی ئەو ژمارەیەش لە لێواری برسێتی و قاتوقڕیدان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ