رووداو دیجیتاڵ
لە نوێنەرایەتیی هەرێمی بایەرن لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا، کۆمەڵگەی کوردی لەو وڵاتە کۆبوونەوەیەکیان بۆ پیرۆزبایی نەورۆز رێکخست.
رێوڕەسمی جەژنی نەورۆز بە ئامادەبوونی هەریەکە لە سەرۆکی پارتی گەورەترین فراکسیۆن لە پەرلەمانی فیدراڵی؛ پارتی سۆسیال دیموکراتی حکومڕان؛ سەرۆکی پارتی کریستیان دیموکرات، گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیا؛ سکرتێری گشتیی پارتی لیبراڵ و نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەڵمانیا بەڕێوەچوو.
فریدریش مێرتس، سەرۆکی پارتی یەکێتی کریستیان دیموکرات دەڵێت، "دەمەوێت ئەم دەرفەتە بقۆزمەوە و سوپاسی خۆم دەرببڕم بۆ بانگهێشتکردنم و لە دڵەوە پیرۆزبایی جەژنی ساڵی نوێی کوردیتان لێ بکەم. ئەم بۆنەیە دەرفەتی ئەوەمان پێدەدات بچێنە قووڵایی ئەم کولتوورە دەوڵەمەندە و ئەم جەژنە دێرینەی کە هەزاران ساڵە دەکرێتەوە. دەرفەتی ئەوەشمان پێدەدات بۆ ساتێک بیر لە واتاکانی ئەم جەژنە بکەینەوە. نەورۆز، جەژنی ساڵی نوێی کوردی دەستپێکردنی بەهارە و لەمەشدا سیمبولی سەرکەوتنی رووناکییە بەسەر تاریکیدا، سەرکەوتنی ئازادی بەسەر چەوساندنەوەدایە. ئەم جەژنە لەنێو زۆر خێزانی کورددا، وەک من زانیومە، گرنگترین بۆنەی ساڵە. هەندێکم لەبارەی خوێندەوە و لەبارەی واتای ئەم جەژنەش لە کوردانی دیاسپۆراشم زانیوە بۆ ئەوان چەند گرنگە بۆ ئەوەی ناسنامەی کولتووریی خۆیان بپارێزن."
باڵیۆزی ئیسرائیل لە ئەڵمانیا یەکێک لە میوانەکانی دیپلۆماسیی نەورۆزی کوردستانییانی ئەڵمانیا بوو.
رۆن پرۆسۆر، باڵیۆزی ئیسرائیل لە ئەڵمانیا دەڵێت، "من دەمەوێت لەگەڵ ئێوە ئاگرێکی سیمبولی دابگیرسێنم و هیوای ئاییندەیەکی بەبێ چەوساندنەوە و جەنگ بۆ ئێوە دەخوازم. هیواخوازم ئەم ساڵ بۆ هەموو کوردێک لە سەرتاسەری جیهان ئاشتی و ئازادی لەگەڵ خۆی بهێنێت. بەهیوای جەژنێکی خۆشی نەورۆز."
هاوسەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی حكومڕان لە گوتارێکدا پاڵپشتیی خۆی بۆ مافەکانی کورد دەربڕی.
ساسکیا ئێسکن، هاوسەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی ئەڵمانیا دەڵێت، "دەمەوێت دڵنیاتان بکەمەوە کە پارتی سۆسیال دیموکرات لەگەڵ ئێوەیە و پێکەوە لەگەڵ ئێوە دەمانەوێت بگەینە ئەوە کە هەموو نەتەوەکانی ئەم گەردوونە بە ئاشتییانە پێکەوە بژین. پێویستە کۆتایی بەوە بێت کە مرۆڤەکان بەهۆی نەتەوە و ئایینەکانیانەوە پەراوێز بخرێن، مافەکانیان لێبسەندرێنەوە و بچەوسێندرێنەوە. هەروەها لێرەش لە ئەڵمانیا ئێمە لەگەڵ کورد دەبین و پێکەوە لەگەڵ ئێوە لە دژی رەگەزپەرستی، دژە سامیێتی و راستڕۆیی و رق و کینە لە وڵاتەکەمان دەوەستینەوە."
پەرلەمانتارانی فیدراڵی و هەرێمەکانی ئەڵمانیا لەگەڵ نوێنەرانی دامەزراوە ناحکومییەکانی کوردانی ئەڵمانیا دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی پەیوەست بە کاروباری دەرەوەوە، بەشێک بوون لە ئامادەبووانی ئەم کۆبوونەوە دیپلۆماسی - سیاسییەی کۆمەڵگەی کوردی لە ئەڵمانیا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ