بایدن جارێکی دیکە لێی تێکچوو؛ لە جیاتی کەنەدا، دەستخۆشی لە چین دەکات


رووداو دیجیتاڵ 

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا جارێکی دیکە لێی تێکدەچێت و ئەمجارە لە جیاتی ئەوەی دەستخۆشی لە کەنەدا بکات، دەستخۆشی لە چین دەکات. بەوەش ئامادەبووان دەهێنێتە قاقای پێکەنین. 
 
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە میانی سەردانەکەی بۆ ئۆتاوا، رۆژی هەینی 24ـی ئادار گوتارێکی لە بەردەم پەرلەمانی کەنەدا پێشکێشکرد و باسی لە هاوئاهەنگیی وڵاتەکەی و کەنەدا کرد بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆچی نایاسایی و وەرگرتنی کۆچبەران بە شێوەیەکی یاسایی لە رێگەی پرۆگرامێکی تایبەتەوە. 
 
بایدن گوتی: "ئەمڕۆ من دەستخۆشی لە چین دەکەم کە هاتووەتە پێشەوە.. ببوورن، دەستخۆشی لە کەنەدا دەکەم (پێکەنین).. من.. دەزانن کە بیر لە چی دەکەمەوە (پێکەنین) لەبارەی چین. جارێ ناچمە سەر ئەو بابەتە."
 
لەگەڵ ئەم گوتانە قاقای پێکەنین هۆڵی پەرلەمانی تەنی، کە هاوکات جەستن ترودۆ، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا و خانمی یەکەمی وڵاتەکە لە هۆڵەکەدا دانیشتبوون. 
 
هاوکات، لە جیاتی دەستخۆشیکردن لە کەنەدا بە وەرگرتنی 15 هەزار کۆچبەر، سەرۆکی ئەمریکا ژمارەکەی بۆ هەزار و 500 کۆچبەر کەمکردەوە و گوتی: "دەستخۆشی لە کەنەدا دەکەم کە بە پرۆگرامی هاوشێوە هاتووەتە پێشەوە و رێگەی نوێی یاسایی بۆ هەزار و 500 کۆچبەر کردووەتەوە بۆ ئەوەی بێنە کەنەدا." 
 
جۆ بایدن لە 20ـی تشرینی دووەمی 2022 پێی نایە تەمەنی 80 ساڵییەوە و لە ساڵی 2021 وەکو 46ـەمین سەرۆکی ئەمریکا دەستبەکاربووە. 
 
ئەمە جاری یەکەم نییە بایدن لە قسەکانیدا هەڵە بکات؛ رۆژی 16ـی کانوونی یەکەمی 2022، جۆ بایدن، گوتی: "38 بۆ 39 جار چوومەتە عێراق و ئەفغانستان." بەڵام بایدن لە هەموو ژیانیدا تەنیا 21 جار سەردانی هەردوو وڵاتەکەی کردووە.
 
رۆژی 12ـی تشرینی دووەمی 2022، بایدن لە لووتکەی ئاسیان کە بە سەرکردایەتیی کەمبۆدیا لە فنۆم پێنی پایتەختی وڵاتەکە بەڕێوەچوو، لە جیاتی ئەوەی بڵێت، کەمبۆدیا، ناوی کۆڵۆمبیای هێنا و گوتی: "دەمەوێت سوپاسی سەرۆکوەزیران بکەم بە بۆنەی سەرکردایەتیکردنی کۆڵۆمبیا وەکو سەرۆکی لووتکەی ئاسیان." 
 
هەفتەیەک پێش ئەوە، کاتێک لە کۆشکی سپی ویستی پێشبینی خۆی لەبارەی ئەگەری گەیشتنی رووسیا و ئۆکراینا بە رێککەوتن بخاتەڕوو، لێی شێوا و لە جیاتی خێرسۆن گوتی، فەللـوجە. بایدن گوتی: "پێموایە دۆخەکە بە جۆرێکە کە ئەوان چ لە فەللـوجە بکشێنەوە یان نا، هەروەها.... مەبەستم خێرسۆنە."
 
تشرینی یەکەمی پار، سەرۆکی ئەمریکا لە گوتارێکیدا بە هەڵە گوتی، کوڕەکەی لە عێراق گیانی لەدەستداوە، لەکاتێکدا کوڕەکەی بە نەخۆشیی شێرپەنجە لە ئەمریکا گیانی لەدەستداوە. دواتر میدیاکانی ئەمریکا بەو جۆرە بۆیان لێکدایەوە کە مەبەستی ئەوە بووە کوڕەکەی بەهۆی ژینگەی عێراق تووشی ئەو دۆخە بووە.
 
لە ئەیلوولی هەمان ساڵ، بایدن لە گوتارێکیدا چاوی بڕییە نێو ئامادەبووان و هەوڵی دۆزینەوەی جاکی والۆرسکی، ئەندامی پێشووی کۆنگرێسی دا، کە لە سەرەتای مانگی ئابدا بە رووداوی هاتووچۆ گیانی لەدەستدابوو.