کەشتیوانە ئیماراتییەکە لە بۆشایی ئاسمان چۆن بەڕۆژوو دەبێت؟

رووداو - هەولێر

کەشتیوانێکی ئیماراتی لە وێستگەی نێودەوڵەتیی بۆشایی ئاسمان بەڕۆژوو دەبێت، ئەو کەشتیوانە لە تویتەر پیرۆزبایی هاتنی مانگی رەمەزانی لە موسڵمانانی جیهان دەکات.
 
رەمەزان پیرۆزترین مانگی ساڵە لە ئایینی ئیسلامدا و موسڵمانان لە تەواوی جیهاندا لەو مانگەدا بەڕۆژوو دەبن. ماوەی رۆژووگرتن لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە دەگۆڕێت و بە گوێرەی هەڵاتن و ئاوابوونی خۆر ماوەی رۆژووگرتن دیاری دەکرێت.
 
سوڵتان نەیادی، کەشتیوانی ئاسمانیی بە رەچەڵەک ئیماراتییە و پەیڕەوکاری ئایینی ئیسلامە؛ لە 2ی ئاداری ئەمساڵ لەگەڵ 3 کەشتیوانی دیکە سەردانی وێستگەی نێودەوڵەتیی بۆشایی ئاسمانی کرد. یەکێک لەو پرسیارانەی پێش گەشتەکەی بۆ نێو کەشتییە ئاسمانییەکە لێی کرا ئەوەبوو، نەیادی نیازی وایە چۆن بەڕۆژوو بێت.
 
وێستگەی نێودەوڵەتیی بۆشایی ئاسمان بە خێرایی 27 هەزار و 600 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا بە دەوری زەویدا دەسوڕێتەوە؛ هەربۆیە کەشتییەکە 16 جار لە 24 کاژێردا هەڵاتن و ئاوابوونی خۆر دەبینێت.
 
ئەگەر نەیادی وەکو هەموو موسڵمانێکی دیکەی زەوی کە لەسەر زەوین و پێیان لەسەر زەوی دانەبڕاوە بە گوێرەی سووڕانەوەی زەوی بە دەوری خۆیدا و دەرکەوتن و دیارنەمانی خۆر رۆژووی بگرتایە، دەبوو تەنیا لە ماوەی 24 کاژێردا 16 جار رۆژوو بگرێت و بیشکێنێت.
 
لە 2007 لیژنەی فەتوای مالیزیا فەتوایەکیان بۆ شێخ موزەفەر شکور، کەشتیوانی مالیزی بۆ تێپەڕاندنی ئەرکە ئایینییەکانی دەرکرد. بە گوێرەی ئەو فەتوایە، موسڵمان دەبێت بۆ کاتی نوێژکردن و رۆژووگرتن پشت بە کاتی گرینویچ GMT ببەستێت کە بۆ کاروبارەکانی دیکەی نێو کەشتییەکە بەکاردێت.
 
واتە نەیادی بە هەمان کاتی گرینویچ GMT بەڕۆژوو دەبێت و دەیشکێنێت.
 
رۆژووگرتن لە ئایینی ئیسلامدا فەرزە و یەکێکە لە 5 پایەکەی موسڵمانبوون. بە گوێرەی ئیسلام، لەسەر هەموو موسڵمانێک پێویستە لە دوای تەمەنی پێگەیشتنەوە لە مانگی رەمەزاندا بەڕۆژوو بێت.
 
رۆژی 23ی ئاداری ئەمساڵ کە یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان بوو، نەیادی لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تویتەر گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە نێو وێستگەی نێودەوڵەتیی بۆشایی ئاسمانەوە بڵاوکردووەتەوە و پیرۆزبایی خۆی لە موسڵمانان کردووە.
 
سوڵتان نەیادی نوسیویەتی، "رەمەزان پیرۆز بێت. هیوای مانگێکی پڕ لە میهرەبانیتان بۆ دەخوازم. ئەمەش دیمەنی جوانی شەوە لە وێستگەی نێودەوڵەتیی بۆشایی ئاسمانەوە کە لەگەڵتاندا بەشی دەکەم."
 
تاوەکو نوسینی ئەم بابەتە، 23 رۆژە سوڵتان نەیادی لەگەڵ ستیفان بۆون، کەشتیوانی ئەمریکی، وارن هۆبورگ، کەشتیوانی ئەمریکی و ئاندری فێدایڤ، کەشتیوانی رووسی سەردانی بۆشایی ئاسمانیان کردووە.
 
هێشتا گەشتەکەیان 157 رۆژ، واتە 5 مانگ و 7 رۆژی ماوە؛ بڕیارە لە سەرەتاکانی ئەیلوولی ئەمساڵ کەشتییەکەیان بگەڕێتەوە زەوی و بکەوێتە نێو زەریای ئەتڵەسییەوە.
 
"ژیان و خوێندن"
 
ئەندازیار سوڵتان نەیادی تەمەنی 41 ساڵە و لە ساڵی 1981 لە گوندی ئەل عەین لە ئیمارات لە دایکبووە. خوێندنی بنەڕەتی، ناوەندی و دواناوەندی لە ئیمارات تەواوکردووە.
 
لە دواتردا پەیوەندی بە هێزی ئاسمانی سوپای ئیماراتەوە کردووە. لە ساڵی 2000 لە زانکۆی برایتن لە بەریتانیا دەستی بە خوێندنی ئەندازیاریی کارەبا و پەیوەندیی کردووە.
 
لە 2008 دەستی بە خوێندنی بڕوانامەی ماستەر لەسەر ئاسایشی زانیاری و پەیوەندییەکان لە زانکۆی گریفس لە ئوسترالیا کردووە و لە 2011 گەڕاوەتەوە ئیمارات و دەستی بە خوێندنی بڕوانامەی دکتۆرا لە بەشی تەکنەلۆجیای رێگەگرتن لە دزەکردنی زانیاری کردووە.
 
یەکەم هەنگاوی گەیشتنی سوڵتان نەیادی ئەو کاتە بوو کە لەگەڵ 4 هەزار و 22 گەنجی دیکە چووە نێو کێبڕکێوە بۆ بوون بە یەکەم کەشتیوانی ئیماراتی. دوای ئەوەی چەندین تاقیکردنەوەی مێشک و جەستەیی لە رووسیا و ئیمارات لەسەریان ئەنجامدرا، تەنیا سوڵتان و یەک کەشتیوانی دیکە هەڵبژێردران کە نوێنەرایەتی ئیمارات بکەن لە بۆشایی ئاسمان.
 
لە 3ی ئەیلوولی 2018، محەممەد بن رەشید ئال مەکتووم، سەرۆکوەزیرانی ئیمارات لە تویتێکدا رایگەیاند، "ئەمڕۆ یەکەم کەشتیوانەکانمان بۆ وێستگەی نێودەوڵەتیی بۆشایی ئاسمان رادەگەیێنم: هەزە ئەل مەنسووری و سوڵتان ئەل نەیادی. هەزە و سوڵتان نوێنەرایەتی تەواوی گەنجانی عەرەب و کرۆکی تێڕوانینی ئیمارات دەکەن."