چەکدارانی ڤاگنەر کێن و ئامانجیان چییە؟

25-02-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

شەڕی سەختی شاری باخمووت لە رۆژهەڵاتی ئۆکراینا بەردەوامە. گرووپی ڤاگنەری رووسیش دەڵێت، گوندێکی سەر بە شارەکەی کۆنترۆڵکردووە. بەرخیڤکا ئەو گوندەیە کە بە گوتەی یێڤگینی پریگۆژین، دامەزرێنەری ڤاگنەر، رۆژی هەینی کۆنترۆڵکراوە. گوندەکە تەنیا سێ کیلۆمەتر لە باخمووت دوورە. 

لێرەدا بە کورتی باس لە ڤاگنەر دەکەین؛ کێن؟ ئامانجیان چییە؟ کێ پشتیوانییان دەکات؟ زیان و دەستکەوتەکانیان چی بووە؟ ڤاگنەر کۆمپانیاییەکی سەربازیی تایبەتی رووسییە، واتە سەر بە کەرتی تایبەتە و سەر بە سوپا نییە، بە کوردییەکەی، بە پارە شەڕ بۆ رووسیا دەکەن. 
 
ڤاگنەر لە ساڵی 2014 دامەزراوە و یەکەمین ئەرکی سەربازیی لە کریمیا بووە، کاتێک کە ئەندامانی گرووپەکە بە جلی سەربازییەوە یارمەتیی جوداخوازەکانیاندا نیمچە دوورگەکە لە ئۆکراینا جیابکەنەوە و بیخەنە سەر رووسیا. 
 
گرووپەکە لە لایەن یەڤگینی پریگۆژینەوە دامەزرێندراوە، کە بازرگان و هاوڕێیەکی نزیک لە ڤیلادیمیر پووتینی سەرۆکی رووسیایە و زۆرجار بە "شێفەکەی پووتین" ناودەبرێت، چونکە ژمارەیەک رێستورانتی هەیە کە خواردن بۆ کرێملن ئامادە دەکەن. 
 
ئێستاش لەو شوێنانەی کە شەڕی هەرە سەختیان تێدا دەکرێت، ڤاگنەر دژی ئۆکراینییەکان شەڕ بۆ رووسیا دەکات؛ سۆلیداریان کۆنترۆڵکردووە و ئێستاش شەڕی گرتنی باخمووت دەکەن. 
 
بە گوێرەی خەمڵاندنی ئەمریکای هاوپەیمانی کیێڤ، لەم کاتەدا 50 هەزار چەکداری ڤاگنەر لە ئۆکراینا شەڕ دەکەن. 
 
لەو 50 هەزارە، هەر بە گوێرەی واشنتن، 40 هەزاریان زیندانی و بەندکراوی پێشوون، لە بەرامبەر شەش مانگ شەڕکردن دژی ئۆکراینا، بەڵینی ئازادکردنیان پێدراوە. 10 هەزارەکەی دیکەش، سەربازی پێشووی خاوەن ئەزموون و خەڵکی ئاسایی رووسیا و بگرە بیانییەکانیشیان تێدایە؛ نە رووسیا نە ڤاگنەر ئەم وردەکارییانەیان پشتڕاستنەکردووەتەوە. 
 
مووچەی مانگانەی چەکدارانی ڤاگنەر، بە گوێرەی میدیای نزیک لە گرووپەکە، 3 هەزار و 100 دۆلارە. 
 
ئەمریکا مەزەندە دەکات لە سەرەتای شەڕی ئۆکرایناوە 30 هەزار چەکداری ڤاگنەر کوژرابن یانیش برینداربووبن، چونکە شەڕەکەیان لە شەڕێکی خۆکوژی دەچێت، لە کاتێکدا هەوڵدەدەن سەختترین شوێنەکان لەدەستی ئۆکراینییەکان دەربهێنن. یەڤگینی پرگۆژین رۆژی چوارشەممە ئەمەی پشتڕاستکردەوە کاتێک کە ڤیدیۆی خۆی لە ژوورێکی پڕ لە تەرمدا بڵاوکردەوە کە بە گوتەی خۆی، تەرمی چەکدارانی ڤاگنەر بوون و رۆژانە دەیان چەکداریان دەکوژرێت. 
 
بەهۆی ئەوەی لە بەرە چارەنووسسازەکان شەڕدەکەن، بە گوێرەی هەواڵگریی ئەمریکا، رکابەرایەتی و ناکۆکی لە نێوان ڤاگنەر و سوپای رووسیا دروستبووە، بەجۆرێک کە خەریکە دەبێتە یەکە سەربازییە دڵخوازەکەی پووتین و هەر ئەرکێکی تایبەت هەبێت، بەوانی دەدات. 
 
یەڤگینی پریگۆژینیش لە پەیامە ڤیدیۆییەکانیدا وەزارەتی بەرگریی رووسیا و جەنەراڵە سەربازییەکانی تۆمەتباردەکات بەوەی رێگە بە گەییشتنی چەک بە ڤاگنەر نادەن و لە ئەنجامی ئەوەدا رۆژانە ژمارەیەکی زۆری چەکدارەکانیان لەدەستدەدەن. وەزارەتی بەرگریی رووسیا ئەوە رەتدەکاتەوە و دەڵێت، قسەکانی پریگۆژین خزمەت بە "یەگرتوویی رووسیا" ناکات و تەنیا دڵی دوژمنەکانی خۆشدەکات. 
 
رووسیا لە رابردوودا لە لایەن وڵاتانی رۆژئاواوە تۆمەتبارکراوە بە بەکارهێنانی ڤاگنەر وەکو ئامرازێک بۆ شەڕکردن بۆ بەرژەوەندییەکانی مۆسکۆ لە ژمارەیەک وڵاتی وەکو سووریا، سوودان، مالی، مەدەگاسکار و لیبیا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی هەسارەی زەوی کە لە ساڵی 1968 لەلایەن ئەپۆڵی هەشتەوە گیراوە.

توێژینەوەیەکی نوێ: گۆڕانی کەشوهەوا رۆژگار درێژ دەکات

زانایان لە دیاردەیەکی سەیری تایبەت بە زەوییان کۆڵیوەتەوە و بۆیان دەرکەوتووە کە بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاکان بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە وایکردووە زەوی لە کەمەریەوە هەڵبئاوسێت، ئەمەش سووڕانەوەی زەوی هێواش دەکات و دەبێتە هۆی درێژبوونەوەی رۆژ.