پۆڵەندا یەکەمین کاروانی تانکی لیۆپارد 2 رادەستی ئۆکراینا دەکات

25-02-2023
لهۆن نەسرەدین
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

پۆڵەندا یەکەمین کاروان لە تانکی ئەڵمانی جۆری لیۆپارد 2ـی رادەستی ئۆکراینا کرد.

رۆژی هەینی، 24-2-2023، ماتیۆز مۆراویکی، سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا سەردانی ئۆکراینای کرد و لەلایەن ئۆلێکسی رێزنیکۆڤ، وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتەوە پێشوازی لێکرا و لە رێوڕەسمێکیشدا یەکەمین کاروان تانکی ئەڵمانی لە جۆری لیۆپارد 2 رادەستی ئۆکراینا کران.
 
ژمارەی تانکە رادەستکراوەکان 4 دانە بوو و رادەستکردنەکەش زیاتر بە سیمبوولی دادەنرێت و بڕیارە پۆڵەندا لە داهاتوویەکی نزیکدا 15 تانکی دیکە رادەستی ئۆکراینا بکات، ئەوەش لە دوای بەڵێنی وارشۆ دێت بە پێشکێشکردنی هاوکاریی سەربازی بە ئۆکراینا کە جگە لە تانکی لیۆپارد، ئامادەیی دەربڕیوە بۆ راهێنانکردن بە ئەفسەرانی ئۆکراینی لەسەر فڕۆکەی ئێف 16ـی ئەمریکی.
 
تانکی لیۆپارد 2، یەکێكە لەو چەکانەی کە وڵاتانی رۆژئاوا پێیانوایە هاوسەنگیی شەڕ بە سوودی ئۆکراینا و زیانی رووسیا دەگۆڕێت، ئەگەرچی رووسیا بەڵێنی داوە بە نوێترین چەک رووبەڕووی سەرجەم چەکە نوێکانی وڵاتانی ناتۆ ببێتەوە و بیانکاتە ئامانج.
 
تانکی لیۆپارد 2ـی ئەڵمانی لە ساڵی 1979 لە لایەن چەند کۆمپانیایەکی پیشەسازیی سەربازی ئەو دەمەی "ئەڵمانی رۆژئاوا" دروستکرا.
 
کۆمپانیای کراواسمافی دیزاینی تانکەکەی کردووە؛ کۆمپانیای راینمیتال-یش لوولەکەی دیزاینکردووە.
 
تاوەکو ئێستا ئەڵمانیا 3600 دانەی لێ درووستکردووە؛ زۆرترین شەڕ کە تێیدا بەکارهێندرابێت، شەڕی ئەفغانستان بووە؛ کێشی تانکی لیۆپارد 2 نزیکەی 55 تۆنە و درێژییەکەی 9.97 مەتر، پانییەکەی 3.75 مەتر و بەرزییەکەی 3 مەترە. تانکی لیۆپارد 2 توانای هەیە بە تێکڕا 250 کیلۆمەتر رێگە ببڕێت بە خێرایی سەرووی 70 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا.
 
4 کەس لە تانکەکە جێیان دەبێتەوە.
 
لیۆپارد 2 بە یەکێک لە باشترین تانکەکانی جیهان دادەنرێت کە توانای یەکجار گەورەی هەیە لە هێرشکردن، جووڵەی خێرا، مانۆڕ و هاویشتنی گوللە تۆپ کە بە دووری 5 کیلۆمەتر دەڕوات. تانکەکە لەلایەن سوپای 21 وڵاتی جیهان بەکاردەهێندرێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 جەی دی ڤانس، سیناتۆری تەمەن 39 ساڵی ویلایەتی ئۆهایۆ، رۆژگارێک دەیگوت "هەرگیز نابێتە لایەنگری ترەمپ."

کۆنە نەیارەکەی ترەمپ بناسە کە بە جێگری خۆی هەڵیبژارد

جەی دی ڤانس، سیناتۆری تەمەن 39 ساڵی ویلایەتی ئۆهایۆ، رۆژگارێک دەیگوت "هەرگیز نابێتە لایەنگری ترەمپ." ترەمپی بە "گەمژە" و "هیتلەری ئەمریکا" وەسف دەکرد.