رووداو خەڵاتی ئەمساڵی شیفا گەردی دەبەخشێتە ژنە رۆژنامەڤانێکی بەریتانی


رووداو دیجیتاڵ

تۆڕی میدیایی رووداو خەڵاتی ئەمساڵی شەهید شیفا گەردی دەبەخشێتە خانمە رۆژنامەڤانی بەریتانی، ئیزۆبێل یەنگ. یەنگ تەمەنی 36 ساڵە و لە 2014ـەوە لە رێگەی بەڵگە فیلمەکانی رووماڵی کۆمەڵێک پرس و بابەتی گەرم و هەستیاری لە جیهان کردووە، لەوانەش شەڕ و ململانێ، جینۆساید، رەشبگیری و گەندەڵی. 
 
خانمە پەیامنێرەکە بەهۆی کارەکانییەوە، ژمارەیەک خەڵاتی جیهانیی بردووەتەوە، لەوانەش دوو خەڵاتی ئێمی و ساڵی 2016ش لە ئەمریکا بە یەکێک لە 50 خانمە هەرە کاریگەرەکان دیاریکرا. یەنگ ئێستا کار بۆ تۆڕی ڤایس نیوزی ئەمریکی دەکات. 
 
لە بەرامبەر پێدانی خەڵاتەکە، یەنگ سوپاسی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات و دەڵێت: "شانازییەکی زۆر گەورەیە بۆ من کە ئەم خەڵاتەی شیفا گەردی بۆ رۆژنامەڤانی ساڵ وەردەگرم. کارکردن و رۆیشتن بە شوێنپێی کەسێکی بەهرەمەندی وەک شیفا گەردی شانازییەکی گەورەیە."
 
دەستەی دادوەریی خەڵاتی جیهانیی شیفا گەردی، کە ساڵانە دەدرێتە یەکێک لەو خانمە رۆژنامەڤانانەی لەپێناو کارەکەیان رووبەڕووی بەربەست و سەختییەکان دەبنەوە، یەنگ-یان لە بەرامبەر کارە دیار و پڕ لە سەرکێشییەکانی بە براوەی ئەمساڵ دیاریکرد. 
 
خانمە رۆژنامەڤانەکە بۆ ئامادەکردنی بەڵگەفیلمە بنکۆڵکارییەکانی و گواستنەوەی رووداوەکان، لە رۆیشتن بۆ شوێنە مەترسیدارەکان سڵی نەکردووەتەوە. 
 
ئەفغانستان، یەمەن، رەققەی سووریا، پارێزگا جیاجیاکانی عێراق، لیبیا و بەرەکانی پێشەوەی شەڕی ئۆکراینا و رووسیا بەشێکی کەمی ئەو شوێنانەن کە یەنگ تێیاندا کاریکردووە. 
 
یەنگ هەروەها هەوڵیداوە لە رێگەی کارەکەیەوە سەرنج بخاتە سەر پرسە کۆمەڵایەتییەکانی پەیوەست بە ژنان لە وڵاتانی هەژار و تازەگەشەسەندوودا، لەوانەش ماف و رۆڵی ژنان. 
 
رۆب بەینۆن، ئەندامی دەستەی دادوەریی خەڵاتی شیفا گەردی دەڵێت، یەنگ "لە کارەکەیدا سەرنجی تایبەتی لەسەر رۆڵی ژنان و ئەو زەحمەتییانەیە کە لەو ناوچانەی ململانێدا رووبەڕوویان دەبنەوە."
 
بەخشینی خەڵاتی شیفا گەردی ساڵانە لە 25ـی شوبات لە رێوڕەسمێکی تایبەت بە بەشداریی بەرپرسانی باڵای نێوخۆیی و نێودەوڵەتی لە هەولێر بەڕێوەدەچێت، بەڵام ئەمساڵ براوەی خەڵاتەکە نەیتوانی بەهۆی کارەکەیەوە ئامادە بێت. 
 
کۆمیتەی خەڵاتی شیفا گەردی لەوبارەیەوە لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "بەداخەوە جیهان لە دۆخێکی ناسەقامگیردایە، ئەم ناسەقامگیرییەش کاری رۆژنامەڤانانی مەترسیدارتر و سەختتر کردووە. لەبەرئەوەش کۆمیتەی خەڵاتی شیفا گەردی و تۆڕی میدیایی رووداو نەیانتوانی ئەمساڵ رێوڕەسمی خەڵاتی جیهانیی شیفا گەردی ساز بکات بەهۆی سەرقاڵیی براوەی خەڵاتی ئەمساڵی شیفا گەردی بە کارکردن لەسەر مەینەتییەکانی خەڵکی ناوچەکانی شەڕ و ئێستا لە کاردایە لە ناوچەیەکی مەترسیدار دا."
 
یەنگ دوای پێگەییشتنی خەڵاتەکە لە ماڵەکەی خۆیەوە لە شاری نیویۆرکی ئەمریکاوە لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا گوتی: "زۆر زۆر حەزم دەکرد لەوێ بم بۆ ئەوەی ئەم خەڵاتە لە دەستی خۆتان وەربگرم،" هەروەها هاوسۆزیی خۆی بۆ قوربانییانی بوومەلەرزەی باکوور و رۆژئاوای کوردستان و تورکیا و سووریا دەردەبڕێت و دەڵێت: "دڵی من و راستییەکەی دڵی هەمووان لای ئەوانەیە کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوت یان زیان بەر ئازیزانیان کەوت. شتێکی زۆر ناخهەژێن بوو ئەوەی لەوێ روویدا. کاری ئێمە وەکو رۆژنامەڤان دروستکردنی هاوسۆزییە، دروستکردنی تێگەیشتنە، لە هەمووشی گرنگتر، رووماڵکردنی راستییەکانە. من لە قووڵایی دڵمەوە بڕوام بەم کارە هەیە. من بەڵێن دەدەم کە تاوەکو لەم پیشەیەدا بم، لەسەر ئەنجامدانی ئەو کارانە بەردەوام دەبم." 

 

 

کارەکانی ئیزۆبێل یەنگ
 
ساڵی 2022، یۆنگ بەڵگەفیلمێکی بنکۆڵکاریی 44 خوولەکی لە ئەفغانستان بە ناونیشانی "ژیان لە ئەفغانستانی تاڵیباندا" بۆ ڤایس نیوز بەرهەمهێنا کە تێیدا تیشک دەخاتە سەر دۆخی یاسا و دادپەروەریی وڵاتەکە دوای گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ سەر فەرمانڕەوایی، هەروەها بەدواداچوون بۆ دۆخی مافەکانی ژنان و قەیرانی بەردەوامی مرۆیی لەو وڵاتە دەکات کە بووەتە هۆی کەمیی خۆراک و پێداویستییە پزیشکییەکان.
 
لەبارەی ئەو کارەیەوە، بەینن دەڵێت: "ئەو لە قوتابخانە، نەخۆشخانە و ماڵە ئاساییەکان بە هاوسۆزی و خەمخۆری و مرۆڤایەتییەوە رووماڵیکرد، کە ئەمە کارێکی زۆر ناوازەیە بە گوێرەی دەستەی دادوەری."
 
لە بەشێکی هەمان بەڵگەفیلمدا، یەنگ باس لە بابەتی بە سەربازکردنی ئەو منداڵانە دەکات کە باوکەکانیان لە ریزەکانی تاڵیباندا کوژراون
 
هەروەها ئایاری ساڵی رابردوو، یەنگ بەڵگەفیلمێکی دیکەی بە ناوی "قۆناخی داهاتووی شەڕی رووسیا لە ئۆکراینا" بڵاوکردەوە. لەو بەرهەمە 18 خولەکیەیدا، یەنگ دەچێتە ئەو شوێنانەی هەرێمی دۆنباسی رۆژهەڵاتی ئۆکراینا و بەدواداچوون بۆ رەوشی خەڵکی سڤیلی ژێر بۆردومان و تۆپباراندا دەکات. 
 
لە بەڵگە فیلمێکی دیکەدا کە کۆتایی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو هەر لە لایەن ڤایس نیوزەوە بڵاوکرایەوە، یەنگ لە دۆخی دەروونیی ئەو ئۆکراینییانە دەکات کە بەهۆی جەنگەکەوە توشی نەخۆشی و گوشاری دەروونی بوون. 
 
لە بەڵگەفیلمی "جەنگی ئۆکراینا بەرەو داڕمانێکی دەروونی" کە نزیکەی 17 خوولەک درێژە، ئیزۆبێل یەنگ سەردانی دامەزراوەکانی تەندروستیی دەروونیی ئۆکراینا دەکات و لە نزیکەوە گوێ لەو ئۆکراینییانە دەگرێت کە بەهۆی جەنگ لە ترسی بەردەوامدا دەژین یان بەشێک لە ئەندامانی جەستەیان لەدەستداوە.
 
ئەدریان وێڵز، ئەندامی دەستەی دادوەریی خەڵاتی شیفا گەردی دەڵێت، یەنگ "بە دیاریکراوی سەرنجی خستووەتە سەر ئەوانەی کەوتوونەتە بەر کاریگەرییەکانی ململانێکە،" دەشڵێت: "کارەکەی هاوسۆزیی مەزنی بۆ ئەو کەسانە پێشانداوە کە لە ژێر بەزەیی هەندێ رووداوی بەدەر لە دەسەڵاتیاندان."
 
هەر لەو بەرهەمەیدا، یەنگ لە رەوشی ئاوارەکانی رۆژهەڵاتی ئۆکراینا و ئەوانەشی کە لە ناوچە گەرمەکانی ململانێکە گیریانخواردووە، دەکۆڵێتەوە، کە ئەمەش وەک وێڵز باسی دەکات، "هەمان ئەو چیرۆکەیە کە شیفا بۆ دوایینجار کاری لەسەر کرد لەبارەی ئەو پەنابەرانەی ساڵی 2017 لە شەڕی موسڵ هەڵدەهاتن."
 
رۆب بەینن پێیوایە، شوازی یەنگ بۆ رووماڵکردنی ئۆکراینا "میهرەبانی، مرۆڤایەتی و نزیکبوون لە خەڵکەوەی پێشاندا کە زۆر کەس تەنیا دەتوانن خەونی پێوە دەبینن."
 
بردنەوەی دوو خەڵاتی ئێمی لەبەر رووماڵکردنی یەمەن
 
ساڵی 2018، یەنگ چووە عەدەنی یەمەن بۆ بەدواداچوونکردن بۆ دۆخی ژنانی ئەو وڵاتە لە کاتی شەڕی نێوخۆدا. لە بەڵگە فیلمەکەیدا بە ناوی "ئەو ژنانەی شەڕ بۆ پاراستنی یەمەن دەکەن"، یەنگ چاوپێکەوتنی لەگەڵ ژنانی شەڕکەر، قوربانییانی توندوتیژیی خێزانی، ژنە هاوژین کوژراوەکان و ژنە خۆپێشاندەرەکاندا کرد. 
 
هەروەها گوێی لە چیرۆکی ئەو کچە منداڵانە گرت کە لە بەرامبەر پارە بەشوودراون، وەک ئیمانی 12 ساڵ کە باوکی لە بەرامبەر 420 دۆلاری ئەمریکی بە پیاوێکی داوە کە سێ هێندەی کچەکەی تەمەنی هەیە، بەڵام دواتر بەهۆی ئەوەی کە پیاوەکە ویستوویەتی پێش باڵقبوونی ئیمان، بیگوازێتەوە، دایک و باوکی پاشگەزبوونەتەوە. 
 
هەر لەو کورتە بەڵگەفیلمەیدا کە کانوونی دووەمی ساڵی 2020 لە لایەن ڤایس نیوزەوە بڵاوکراوەتەوە، یەنگ گوێ لەو کوڕە منداڵانە دەگرێت کە لە لایەن حووسیەکانەوە کراونەتە سەرباز. یەنگ لە رێگەی ئەو بەڵگە فیلمەوە، دوو خەڵاتی ئێمی بەدەستهێنان. 
 
کارکردن بە نهێنی لە چین
 
ساڵی 2019، یەنگ لە هەرێمی شینجیانگی چینی زۆرینە موسڵماننشین، بە نهێنی بەڵگەفیلمێکی نیو کاژێریی بە ناونیشانی "موسڵمانە دیارنەماوەکانی چین" دروستکرد. 
 
لەو بەرهەمەیدا کە حوزەیرانی ساڵی 2019 لە ڤایس نیوزەوە بڵاوکرایەوە، رۆژنامەڤانە بنکۆڵکارەکە بەدواداچوونی بۆ ئەو کەمپانە کرد کە حکومەتی چین بۆ چاودێریکردنی موسڵمانانی ئیگۆر دروستیکردوون. لە کاتی کارکردنیدا، چەندین جار راسپێردراوانی چینی رووبەڕووی یەنگ بوونەوە و تۆماری کامێراکەی لە لایەن پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتەوە سڕدرانەوە، بەڵام ئەوە تاکە کاری نهێنی نەبوو کە یەنگ لە ئەزموونیدا کردبێتی. 
 
تەممووزی ساڵی رابردوو، بۆ بەدواداچوون بۆ گەندەڵی حکومەتی گایانا و دەستتێکەڵکردنی ژمارەیەک بەرپرسی ئەو وڵاتە لەگەڵ کۆمپانیا چینییەکان، یەنگ و پرۆدیوسەرەکەی لە بەرگی سکرتێر و بازرگاندا و بە شاردنەوەی کامێرای بچووک لە ژێر جلەکانیاندا دەچنە ئەو وڵاتەی ئەمریکای باشوور و قسەی هەستیاریان لە بەرپرسانی هەرە باڵای حکومی گایانی و کۆمپانیا چینییەکان دەرهێنا. 
 
کارکردن لە عێراق و سووریا
 
هەژموونی ئێران لە عێراق، تەوەری بەڵگە فیلمێکی 15 خوولەکیی ئیۆبێل یەنگە، کە کانوونی دووەمی 2020 لە لایەن ڤایس نیوزەوە بڵاوکراوەتەوە. 
 
لەو بەرهەمەیدا، یەنگ لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی بەسرە دەچێتە شوێنێک کە بەسەر گرووپێک قاچاخچیی ماددەی هۆشبەردا دەگرن. 
 
خانمە رۆژنامەڤانەکە لەبارەی سەرچاوە و بازرگانیی ماددەی هۆشبەر قسە لەگەڵ قاچاخچییە دەستگیرکراوەکاندا دەکات. هەروەها لەگەڵ سەرکردە سیاسییەکانی عێراقدا دادەنیشێت و باس لە هەژموونی ئێران بەسەر سیاسەت و دۆخی ئەمنیی عێراق دەکەن. 
 
یەنگ هەروەها لەگەڵ حەشدی شەعبی دەچێتە ئەو شوێنانەی کە شانە نووستووەکانی داعشی لێیە. 
 
رۆژنامەڤانەکە دوو بەڵگەفیلمی لەسەر سووریاش هەیە. 
 
لە بەڵگەفیلمی "رەققە دوای رووخانی داعش بۆ ژیان ناشێت،" کە کانوونی یەکەمی 2019 بەرهەمهێنراوە، بەدواداچوون بۆ دۆخی خەڵکی سڤیلی رەققە دەکات کە لە کاتی کۆنترۆڵکردنی شارەکەیان لە لایەن داعشەوە، تووشی نەهامەتی و لەدەستدانی ئەندامانی خێزانیان بوون.
 
لە بەڵگەفیلمێکی دیکەدا بە ناونیشانی "لەنێو سووریای ئەسەددا" ئیزۆبێل یەنگ لە ساڵی 2017 بەدواداچوون بۆ دۆخی دیمەشق و شارەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی بەشار ئەسەد دەکات لە کاتێکدا کە شەڕ لە هەموو بەرەکانەوە لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان بەردەوامە.