مەڕێک بە 35 کیلۆ خورییەوە لە ئوسترالیا دەدۆزرێتەوە

رووداو دجیتاڵ

 

چەند کارمەندێکی پاراستنی ئاژەڵ و چاودێریکردنی کێڵگەکان، مەڕێکی ونبوو و نەخۆشیان لە دارستانێکی ئۆستراڵیا دۆزییەوە، کە پێدەچێت ماوەی 5 ساڵ بێت ونبووە و نزیکەی 35 کیلۆ خوری پێوەیە.
 
ئەو مەڕە کە ناویان ناوە باراک چەندین ساڵە لە یەکێک لە دارستانەکانی ڤیکتۆریا ونبووە، ئێستا لەلایەن پۆلیسێکی پاسەوانی ژینگە لە 60 کیلۆمەتریی باکووری مێلبۆرنی ئۆسترالیا دۆزراوەتەوە.
 
کایلی بێرند ئەو کارمەندەیە کە مەڕەکەی دۆزیوەتەوە و، لەوبارەوە دەڵێت "لەوە دەچێت باراک پێشتر خاوەنی هەبووبێت، نیشانەیەکی کۆن لەسەر گوێی دانراوە، بەڵام وادیارە بەهۆی ئەو هەموو خوریەی دەوری دەمووچاوی گرتووە، نیشانەکە نەمابێت".

 

 
کایلی هەروەها دەڵێت" مەڕەکان پێویستیان بەوەیە بەلای کەمەوە ساڵی جارێک ببڕێنەوە، ئەگەر ئەوە نەکرێت خوریەکە بەردەوام زیاد دەکات وەک ئەوەی ئێستا دەیبینین". دوای بڕینەوەی باراک کایلی دەڵێت کە نزیکەی 35.4 کیلۆ خوری پێوە بووە.
 
باراک لە دارستانەکە دۆخی تەندروستیی باش نەبووە و کێشی لەشی زۆر کەمبوو، هەروەها بەهۆی ئەو خورییە زۆرەی دەوروبەری دەموچاوی، توانای بینینی زۆر زەحمەت بووە.
 
بە گوتەی کایلی، باراک ئێستا لەگەڵ مەڕە رزگاربووەکانی دیکەدا دەژی و دەڵێت" هەموو شتێک ئەوە نیشان دەدات کە ئەو مەڕانە چەندە ئازا و نەرمونیانن، بەڕاستی ناتوانین لەوە زیاتر خۆشمان بوێن".