كۆچبەرانی موسڵمان لە بولگاریا لە دین وەردەگەڕێن

25-02-2018
زامدار ئەحمەد
نیشانەکردن بولگاریا کۆچبەران
A+ A-

رووداو - بولگاریا 

بەشێك لەو كۆچبەرە موسوڵمانانەی وڵاتەكانی خۆیان بەجێدێڵن و روو لە ئەوروپا دەكەن، لەسەرەتای گەیشتنیان بە وڵاتانی ئەوروپا، ئاینی خۆیان دەگۆڕن و دەبنە پەیڕەوكاری ئاینی مەسیحی، هەندێكیان بەهیوان لەم رێگەیەوە مافی پەنابەرێتی وەرگرن، ژمارەیەكی دیكەشیان دەڵێن زوڵم و زۆری سیستمی سیاسی و كۆمەڵایەتی وڵاتەكانیان وای لێكردوون دینەكەیان بگۆڕن
رامین، گەنجێكی ئێرانییە و لە شیرازەوە رێی ئەوروپای گرتووەتەبەر، ئەو هەر دوای دووركەوتنەوەی لە ئێران وازی لە دینەكەی هێناوە.

رامین لە زیندانی لۆبۆمێز لە باشووری بولگاریا بە (رووداو)ی گوت: "لە ئەكاونتەكەم لە فەیسبووك بڵاومكردەوە، هاوڕێیان و خزمان و دۆستانم، لێرەوە رایدەگەیەنم كە دینی ئیسلامم بۆ دینی مەسیحی گۆڕیوە، باوەڕم بە دینێكی پاك و بێگەرد هێناوە، دینی ئاشتی و دوور لە هەموو ناخۆشی و شەڕ و كێشەیەكم لەسەر خواستی خۆم هەڵبژاردووە، چیدیكە موسوڵمان نیم".

رامین، لەبارەی هۆكاری گۆڕینی ئاینەكەی گوتی: "بەگشتی وڵاتانی رۆژهەڵات كێشەی گەورەیان تێدایە، هەمیشە لە ناخۆشیدان، میللەتەكانیان دەچەوسێنرێنەوە و دەچەپێنرێن. دانیشتووانی ئێران لە دۆخێكی زۆر خراپی دەروونی و كۆمەڵایەتیدا دەژین. ئەمەش بەهۆی بارودۆخی سیاسی و سیستەمی ئیسلامییەوەیە، ئەو سیستەمە وای لە زۆرینەی دانیشتووانی ئێران كردووە - جیا لەوانەی لەنێو دەسەڵاتدان-، بەهۆی زەبر و ستەمی ئەو كۆمارەوە رق لە دینی ئیسلام هەڵبگرن. هەوڵ دەدەن لە بچووكترین دەرفەتدا خۆیان لەو وڵاتە رزگار بكەن".

رامین درێژە بە قسەكانی دەدات و دەڵێت: "منیش لەوكاتەی بیرم دەكردەوە ئێران جێبێڵم، بڕیارم دا لەگەڵ گەیشتنم بە وڵاتێكی ئەوروپی، واز لە ئیسلام بێنم و بەبێ دین بمێنمەوە، یان بچمە ژێر پەیڕەوی دینێكی دیكە، كە لەگەڵی ئاسوودە بم. كاتێك گەیشتمە بولگاریا، 20 رۆژ دەستگیر كرام، لەدوای ئازادبوونم لە سۆفیا مامەوە، لەوكاتەدا لەڕێی چەند هاوڕێیەكی ئێرانییەوە بە پیاوێكی ئێرانی ئاشنابووم بەناوی (عەلی دینی). ئەو قەشەیە لە كڵێسایەك خەڵك دەخاتە سەر دینی مەسیحی و هاوكاریی زۆری پەنابەرانی فارس دەكات، قسەم لەگەڵ كرد و پێیگوتم كەیسی دین پاڵپشتییەكی باشە بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەری و دەرفەتی مانەوە، ئەم قسانە وای لێكردم بچمە سەر دینی مەسیحی، هەر لەو كڵێسایە باوەڕم بە دینی مەسیح هێنا و رێكارە دینییەكانم جێبەجێ كرد، ئێستا مەسیحیم و خۆم بە پەیڕەوكارێكی دینی مەسیحی دەزانم".

كەم نین ئەوانەی دینی ئیسلام بۆ دینی مەسیحی دەگۆڕن، هەریەكە بە شێوەیەك و بەجۆرێك و لەسەر بنەمایەكی تایبەتی بڕیار دەدەن. زۆربەی ئەم دین گۆڕینەش لە بولگاریا لە رێگای (عەلی دینی)یەوە جێبەجێ دەكرێ. عەلی زیاتر لە 20 ساڵە ئێرانی جێهێشتووە و لە بولگاریا نیشتەجێ بووە و پاسپۆڕتی بولگاری هەیە، لەوێ ژیانی هاوبەشی لەگەڵ خانمێكی بولگاری پێكهێناوە و خاوەنی دوو منداڵن. ئەو بە زمانی فارسی، توركی، ئینگلیزی و بولگاری قسە دەكات و دەیەوێ پەیڕەوانی دینی مەسیح زیاد بكات. لەدوای ئەوەی كەسێك دەكاتە مەسیحی، ئینجیلێكی تەرجەمەكراوی بە زمانی خۆی پێدەدا و هەمیشە پەیوەندییان لەگەڵ دەگرێ، بۆ بۆنە و مەراسیمە دینییەكانی كڵێساكەی بانگهێشتیان دەكات.

حەمید، كۆچبەرێكی ئەفغانییە و لە بولگاریا دینی ئیسلامی بۆ دینی مەسیحی گۆڕیوە، بە (رووداو)ی گوت: "لەڕێگەی (عەلی دینی) لە سۆفیا باوەڕم بە دینی مەسیحی هێنا و وازم لە ئیسلام هێنا. بەمشێوەیە دەرفەتی زیاتری مافی پەنابەریم هەبوو، ئەگەرچی بۆ من وانەبوو، چونكە دووجار رەفزی ئیقامەی بولگاریام وەرگرتووە، ئەو ماوەیەی لە سۆفیا بووم، رۆژانە دەچوومە كڵێسا، لەوێ نانمان دەخوارد و كەلوپەلی زۆرمان بە دیاری وەردەگرت، قاپ و قاچاخ و پێداویستیی رۆژانەیان پێدەداین".
حەمید، برایەكی لەلایەن چەكدارانەی تاڵیبانەوە ‌بزركراوە. ئەو دەڵێت "بولگاریا، هاوكاریی باشی ئەو كەسانە دەكا كە دەیانەوێ بێنە سەر دینی مەسیحی، كەلوپەلی باشیان پێدەدا، جاروبار هاوكاریی داراییشمان دەكەن، بەشێك لەو كەلوپەلانەی لە كڵێسا وەریدەگرین و سوودی بۆ ئێمە نییە، لە دەرەوە دەیفرۆشینەوە و بڕێك پارەمان دەستدەكەوێ".

تەنیا فارس و ئەفغانی دینەكەیان ناگۆڕن، بەڵكو كۆچبەری كوردی باشوور و رۆژهەڵاتی كوردستانیش دینی خۆیان دەگۆڕن، ئەڵبەتە بەشێك لە كوردی باشوور تەنیا بۆ ئیقامە و بە رووكەش باوەڕ دەهێنن و دەڵێن پەیڕەوكاری ئاینی مەسیحین. فاروق، پەناهندەیەكی سنەییە، بەهۆی پەیوەندی بە حیزبە كۆمۆنیستەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانەوە‌ ڕووی لە ئەوروپا كردووە، بە (رووداو)ی گوت "لەسەر دەستی (عەلی دینی) بوومە مەسیحی و ئینجیلم وەرگرتووە، لەگەڵ ئەم دینە تازەیە ئاسوودە و دڵخۆشم، هیچ رێگری و كێشەیەك نییە و نابینم، تەنانەت خواردنەوەی كهولی حەرام نییە، دینێكی زۆر كراوە و ئازادە، هەروەها خەرجییەكی زۆری سەرشانمانیان كەم كردووەتەوە".

فاروق هیچ ترسی لەوە نییە كە دینەكەی گۆڕیوە و دەڵێت: "ئەگەرچی چەند هاوڕێیەكمان لە وڵات و شاری خۆیانەوە هەڕەشەیان لێكراوە، بەڵام ئەمە كێشە نییە، چونكە من بەنیاز نیم بگەڕێمەوە ئێران".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە