نوێنەری مەسەدە لە واشنتن: گەلی کورد لە رۆژئاوای کوردستان بەیەکەوە بچنە شام و گفتوگۆ بکەن

25-01-2025
دیار کوردە @diyarkurda
کۆبوونەوەی نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکانی کورد لە ئەمریکا
کۆبوونەوەی نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکانی کورد لە ئەمریکا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکانی هەر چوار بەشی کوردستان و رەوەندی کوردستانی لە واشنتن کۆبوونەوە.
 
کۆبوونەوەکە لەلایەن نوێنەرایەتیی رۆژئاڤای کوردستان لە واشنتن رێکخرابوو، ئامانج لێی نزیککردنەوەی کورد و بەیەکەوە کارکردنی کوردە لەسەر پرسە ستراتیژی و نیشتمانییەکان لە واشنتن دی سیی پایتەختی ئەمریکا.
 
سینەم محەممەد، نوێنەری مەسەدە لە واشنتن بە رووداوی گوت ''دروستکردنی سووریای نوێ چۆن بێت؟ سووریایەکی دیموکرات و نامەرکەزییە، ئەمە بۆ ئێمە زۆر گرنگە، بەڵام گرنگە ئێمەی کورد هەموومان بەیەکەوە بین، گەلی کورد لە رۆژئاوای کوردستان بەیەکەوە بچنە شام و بەیەکەوە گفتوگۆبکەن، ئەمە زۆر گرنگە."
 
هەروەها دەڵێ "پشتیوانیی ئێمەش لە واشنتنەوە کاریگەریی دەبێت، بۆیە ویستمان گفتوگۆیەکی فراوان رێکبخەین و کوردانی ئێمە لە دیاسپۆرا، ئەوانەی رۆژئاڤا، باشوور، باکوور و رۆژهەڵات هەموویان لێرە ئامادە بوون و سوپاسیان دەکەم، هەمووشیان پشتیوانیی خۆیان بۆ رۆژئاڤای کوردستان و خەڵکی ئێمە نیشاندان.''
 
لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی دۆخی ئێستای ناوچەکە و بەتایبەتیش رۆژئاڤای کوردستان و ئەو پێشهاتە نوێیانەکرا کە لە سووریادا روودەدەن. 
 
بەشداربووانی کۆبوونەوەکە کە بەشی زۆریان نوێنەرایەتیی لایەنێکی سیاسیی بەشێکی کوردستانیان دەکرد، ئەم کۆبوونەوەیان بە گرنگ زانی، لەهەمان کاتدا بەلایانەوە گرنگ بوو، سەرکردایەتیی کوردیش لە هەرچوار بەشی کوردستان، پشتیوانی زیاتری ئەو دانیشتنانە بکەن.
 
ئارەش ساڵح، نوێنەری حدکا لە واشنتن لە کۆبوونەوەکە بەشدار بووە و بە رووداوی گوت ''بە باوەڕی من، ئەو کۆبوونەوەوانە زۆر گرنگن، پێویستە ئەو کۆبوونەوە و چاوپێکەوتنانە زیاتر بن، بەڵام دووشت لێرەدا گرنگن؛ یەکەم تۆزێک درەنگە، مەبەستم ئەوەیە دەبووایە زووتر درک بە پێویستیی ئەوانە کرابا، هەست بەوە کرابووایە دۆخەکە دەگۆڕێت، پێویست دەکات شمولییەت لەنێو کاری هێزە کوردییەکاندا زیاتر بێت، ئەمەش پێش ئەوەی ئەم دۆخە بێتە ئاراوە. بابەتی دووەم ئەوەیە، پێویستە ئیرادەیەکی بەهێز لە کورستان لە پشت ئەم بابەتەوە بێت، ئیرادەیەکی راستبین.''
 
بەبۆچوونی بەشێکی ئامادەبووانیش، هەرچەندە ئەمریکا دۆستی خۆیەتی و زیاتر لە کورد لە خەمی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی خۆیەتی، بەڵام بەیەکەوەبوونی کورد و لێکنزیکبوونەوەیان، گرنگیی خۆی هەیە و کاریگەریی لەسەر دۆزی کورد دەبێت، دوایین کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی و ژەنەراڵ مەزڵووم عەبدیش ئەو بایەخەیان بە روونی نیشاندا.
 
حیکمەت بامەڕنی، بەرپرسی لقی حەوتی پارتی لە ئەمریکا گوتی ''پێویستە راستبین بین، ئەمریکا لەگەڵ بەرژەوەندییەکانییەتی. دەڵێین، ئەمریکا دۆستی ئێمەیە، ئەمریکا دۆستی خۆیەتی و هەرکەس بۆخۆیەتی.  ئێمەی کورد نیگەرانی سووریاین، چونکە کوردین، تورکیش بۆ تورک و ئەمریکاش بۆ ئەمریکی، هەرکەس بۆ خۆیەتی، ئەگەر ئێمە زیرەک بین و بتوانین سوود لەمە ببینین، باشە، ئەگەر نا من نیگەرانم، دڵخۆشیشم کە هەنگاوی باش نراون. چوونی مەزڵووم عەبدی بۆ لای سەرۆک بارزانی و هەڵوێستی ئەنەکەسە و لەگەڵ ئەوانیشدا رێککەوتنێک هەیە، هیوادارم لەکاتی دانوستاندنەکانیاندا راستبین تربن، سەیری بۆچوونەکانی یەکدی بکەن، نەوەک خەریکی خۆنیشاندان و سینگ هێنانەدەرەوە بن، چونکە بەم شێوەیە هەموومان زەرەر دەکەین.''
 
لە کۆبوونەوەکەدا پێداگیری لەوە کرا پێویستە لەسەر پرسە نیشتمانی و ستراتیجییەکان، کورد پشتیوانیی لەیەکدی بکەن و بەیەکەوە کار بۆ دانانی کاریگەری لەسەر کۆنگرێس و ناوەندەکانی بڕیاری ئەمریکا بکەن، هاوکات ململانێ و ناکۆکییە سیاسییەکانیان لە نێوخۆ کوردستان دا بهێڵنە و بەیەکەوە بچنە ئەو پایتەختانەی کوردستانیان بەسەر دابەشکراوە، بەمەش دەستکەوتی گەورەتر بۆ کورد بەدەستدەهێندرێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە