سەرجەم گەشتەکانی فڕۆکەخانەی بەرلین هەڵوەشانەوە
رووداو دیجیتاڵ
تەواوی گەشتە ئاسمانییەکان لە فڕۆکەخانەی بەرلین هەڵوەشانەوە، دوای ئەوەی کارمەندان بڕیاریاندا بۆ زیادکردنی مووچەکانیان بایکۆتی کارکردن بکەن.
رۆژی چوارشەممە، 25ی کانوونی دووەمی 2023، بەرپرسانی فڕۆکەخانەی بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا ئاشکرایان کرد، سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەکە هەڵوەشاوەتەوە، دوای ئەوەی کرێکارانی فڕۆکەخانەکە بریاریاندا بایکۆتی کارکردن بکەن، هەتا ئەوکاتەی مووچەکانیان زیاد دەکەن.
بەگوێرەی بەرپرسانی فڕۆکەخانەکە، بایکۆتکردنەکە لە کاژێر 05:30ی بەرەبەیانیی رۆژی چوارشەممە بەکاتی هەولێر دەستپێکرد. بڕیاربووە لە ماوەی 24 کاژێری داهاتوودا 300 فڕۆکە لەو فڕۆکەخانەیە بڕوات یانیش بگاتە ئەو فڕۆکەخانەیە و نزیکەی 35 هەزار سەرنشین لە رێگەی ئەو فڕۆکەخانەیەوە گەشت بکات.
ئەو کارمەندانەی فڕۆکەخانەی بەرلین کە بایکۆتیان راگەیاندووە، بریتین لە کارمەندانی خزمەتگوزاری، ئاسایشی فڕۆکەخانە و کارمەندەکان رایانگەیاندووە، تاوەکو کێشەی مووچەکانیان چارەسەر نەکرێت، بایکۆتەکە بەردەوام دەبێت.
بەگوێرەی سەندیکای کرێکارانی ئەڵمانی، لەگەڵ حکومەتدا رێککەوتوون تاوەکو مانگی حوزەیرانی داهاتوو رێژەی لە 3%ی مووچەکانیان زیاد بکات و تاوەکو ناوەڕاستی مانگی ئاداری داهاتووش لە 2%ی دیکەش زیاد بکەن، بەڵام تا ئێستا حکومەت بڕیاری یەکلاکەرەوەی لەسەر زیادکردنەکە نەداوە.
هەروەها کۆمپانیا ئاسمانییەکانی ئەڵمانیاش رایانگەیاندووە، بەهۆی بایکۆتەکەی رۆژی چوارشەممەوە، گۆڕینی کاتی گەشتەکان و گەشتکردن بە شەمەندەنەفەریان بۆ سەرنشینەکانیان پێشنیاز کردووە.