بایدن داوا دەکات تفەنگ لە ئەمریکا قەدەخە بکرێت


رووداو دیجیتاڵ 

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی سێشەممە داوای لە کۆنگرێسی وڵاتەکەی کرد، خێرا هەنگاوبنێن بۆ ئەوەی تفەنگ قەدەخەبکات. ئەم داواکارییەی بایدن دوای ئەوە هات کە لە ماوەی کەمتر لە 48 کاژێردا، دوو رووداوی خوێناویی تەقەکردن لە کالیفۆرنیا روویاندا. 
 
ژمارەیەک سیناتۆر رۆژی دووشەممە هەموارێکی نوێیان بۆ یاسای قەدەخەکردنی تفەنگ پێشنیازکرد کە وا دەکات کەمترین تەمەنی رێگە پێدراو بۆ کڕینی ئەو چەکانە 21 ساڵ بێت. 
 
لە راگەیێندراوێکدا بایدن گوتی: "ئێمە دەزانین کە کارەساتی تووندوتیژیی بە چەک لە سەرانسەری ئەمریکا پێویستی بە هەنگاوی بەهێزتر هەیە. دووبارە داوا لە هەردوو ئەنجوومەنەکەی کۆنگرێس دەکەم خێرا هەنگاوبنێن و ئەم یاسای قەدەخەکردنی تفەنگە بگەیێننە سەر مێزەکەم بۆ ئەوەی هەنگاو بنێین و خەڵکی ئەمریکا بپارێزین." 
 
رۆژی سێشەممە گومانلێکراوی کوشتنی حەوت کەسی باکووری کالیفۆرنیا دەستگیرکرا، ئەوە تەنیا دوو رۆژ دوای ئەوە هات کە رووداوێکی دیکەی تەقەکردنی خوێناوی لە کاتی بەڕێوەچوونی ئاهەنگی سەری ساڵی چینی لۆسەنجلسی هەژاند و 11 کەس کوژران. 
 
یاسای قەدەخەکردنی تفەنگی ئەمریکا لە ساڵی 2004 بەسەرچوو و لەو کاتەوە کۆنگرێس نەیتوانیوە نوێی بکاتەوە، وێڕای ئەوەی کە زوو زوو تەقەکردن روودەدات. 
 
ژمارەیەکی زۆری کۆمارییەکان دژی ئەوەن بەکارهێنانی تفەنگ قەدەخەبکرێت، ئەوەش لەسەر بنەمای مافی دەستووریی خاوەندارێتیکردنی چەک.