چین بۆنە ئایینییەکان ناکاتە پشوو؛ بە سێ زمانیش نوێژی قەداس کرا
رووداو دیجیتاڵ
کریستیانەکانی چین لە کەنیسەی کاسۆلیکی "شیشیکو" لە بەیژینگ، بە سێ گەڕ و سێ زمانی جیاواز نوێژی قەداسیان کرد. لە چین لە هیچ بۆنەیەکی ئایینی پشووی فەرمیی نییە، بۆیە "رۆز هان" رۆژێک مۆڵەتی وەرگرتووە تاوەکو بەشداربێت لەو بۆنە تایبەتە.
رۆز هان، دیزاینەرە و لە بەیژینگ نیشتەجێیە. دەڵێت: "من دیزاینەرم و چێژ لە چالاکییە داهێنەرەکان وەردەگرم. ئەمڕۆ شەوی کریسمسە، رۆژێک پشووم وەرگرت بۆ ئەوەی چێژ لە فێستیڤاڵێکی وەها جوان و دەوڵەمەند وەربگرم. من و هاوڕێ باشەکەم پێکەوە هاتینە کاتدراڵی شیشیکو، چونکە فێستیڤاڵی دەوڵەمەندی هەیە، لەنێویاندا درەختی کریسمس و کەنیسەکەمان. ئەم چالاکییانە زۆر لەگەڵ تەوەری فێستیڤاڵەکە دەگونجێت.
ژمارەی کریستیانەکان لە چین 44 ملیۆن کەسن کە 90٪یان پرۆتستانتن. شەش هەزار و 440 کەنیسە و پەرستگای تایبەت بە کریستیانەکانی لێیە. لای چینییەکان، ئێوارەخوانی کریسمس زۆر باونییە و زیاتر گەنجەکان لە دەرەوە کۆدەبنەوە و دیاری بەیەکدی دەبەخشن.
دیاریی دڵخواز و باوی ئەوان سێوە، چونکە دەربڕینەکەی نزیکە لە کریسمس.
چین یەکێکە لە خێراترین وڵات لە جیهان کە ژمارەی مەسیحی تێیدا لە زیادبووندایە.
هێزی میوزیکی کلاسیک وایکردووە ئانی ژێنگ، ئایینی مەسیحی هەڵبژێرێت. ئەو بەڕێوەبەری بازاڕکردنە لە یەکێک لە کۆمپانیاکان. بە رووداوی گوت، "هەست دەکەم ئایین دەتوانێت جۆرێک لە دەسەڵاتم پێبدات، ئەوە وا دەکات لە ناوەوە هەست بە ئارامی بکەم، چونکە حەزم لە میوزیکی کلاسیکە. میوزیکی کلاسیک خۆشەویستییەکی گەورە دەگەیێنێت، کە دەتوانێت لە جیهانێکی نائارامدا ئارامت بکاتەوە."
چین وڵاتێکی نامەزهەبی و نائایینییە و لە دەستووری ساڵی 1982 مادەی 19 دا، یاسای ئازادی لە هەڵبژاردنی ئایین پەسندکراوە. زیاتر لە 90٪ـی خەڵکی چین هەڵگری هیچ بیروباوڕێکی ئایینی نین.
لە چین تەکنەلۆژیادا ئاوێتەی هەموو شتێک بووە، تەنانەت ئایین و بیروباوەڕیش. لە ڤیدیۆکەدا پیاوێک دەبینن کە یادی کریسمس و لەدایکبوونی پێغەمبەر مەسیح لە رێگەی چاویلکەی ڤی ئاڕەوە دەکاتەوە. ئەو لەنێو ئەو کەنیسەیە دەگەڕێ بۆ جێبەجێ کردنی ئەرکە ئایینییەکان و هەروەها دۆزینەوەی چەند دیارییەک لەنێو چەند بۆکسێک لەنێو کەنیسەکە.
لو دانگ، خۆی دیزاینەری ڤی ئاڕە، دەڵێت: چاویلکەی ڤی ئاڕ راستی و خەیاڵ تێکەڵ دەکات بۆ ئەوەی بەرهەم و بەرنامەکانی کریسمس خەیاڵیتر و سەرنجڕاکێشتر بن. "لە دیمەنەکاندا هەندێک وێنەی فریشتەمان دەبێت بۆ ئەوەی خەڵک هەست بە کەشوهەوای جەژنی کریسمس بکەن."