لە ئیندۆنیزیا بەهۆی تەقینەوە لە کارگەیەکدا 13 کەس گیانیان لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی تەقینەوەیەک لە کارگەیەکی بەرهەمهێنانی نیکڵ لە ئێندۆنیزیا، 13 کەس گیانیان لەدەستدا و 46 کەسی دیکەش بریندار بوون.
رۆژی یەکشەممە، 24ـی کانوونی یەکەمی 2023، بەرپرسانی ناوچەی پیشەسازیی رۆژهەڵاتی ئیندۆنیزیا بڵاویانکردەوە، تەقینەوەیەک لە کارگەیەکی بەرهەمهێنانی نیکڵ لە رۆژهەڵاتی وڵاتەکە روویدا و بووە هۆی گیانلەدەستدانی 13 کەس. تەقینەوەکە لە کاتێکدابووە کە کارمەندانی کارگەکە سەرقاڵی چاککردنەوەی یەکێک لە کوورەکانی کارگەکە بوون.
لەبارەی ناسنامەی قوربانییەکانەوە بەرپرسانی ئێندۆنیزیا ئاماژەیان بەوەکرد، 4 لەو کەسانە چینی بوون و 9ـی دیکەشیان ئێندۆنێزی بوون. هەروەها گوتیشیان، زۆرینەی ئەو 46 کەسەی کە بریندار بوون هۆکارەکەی بەرکەوتنی هەڵمێکی زۆر گەرم بووە کە دوای تەقینەوەکە دروست بووە.
بە گوێرەی بەرپرسانی ئێندۆنیزیا، رۆژی یەکشەممە کاژێر 5:30ـی بەرەبەیان بە کاتی وڵاتەکە (1:30 بەرەبەیان بە کاتی هەولێر) تەقینەوەکە لەو کارگەیە روویداوە کە کەوتووەتە دوورگەی سولەواسی، دوورگەکە بە نێوەندێک بۆ بەرهەمهێنانی نیکڵ کە کانزایەکی بنەڕەتییە و بۆ پاتری ئۆتۆمبێلی کارەبایی و پۆڵا بەکاردێت دادەندرێت.
یەکەمجار نییە تەقینەوە لەو کارگەیەی بەرهەمهێنانی نیکڵدا روودەدات و پێشتریش لە حوزرەیرانی ئەم ساڵ لە تەقینەوەیەکدا لەو کارگەیە کەسێک گیانی لەدەستدا و شەشی دیکەش بریندار بوون.
هەروەها لە کانوونی دووەمی ئەم ساڵ، لە ناوچەی پیشەسازیی رۆژهەڵاتی ئیندۆنیزیا بەهۆی تەقینەوەیەکی دیکە لە کارگەیەکی بەرهەمهێنانی نیکڵ دوو کرێکاری چینی گیانیان لەدەستدا.