بڕیاری حکومەتی بەریتانیا بۆ ناردنی کۆچبەران بۆ رواندا و کاردانەوەکان
لە مانگی نیسانی ساڵی 2022 حکومەتی بەریتانیا بڕیاریدا ئەو کۆچبەرانەی بەڕێگەی نایاسایی روویان لە وڵاتەکە کردووە، رەوانەی رواندا بکات، بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ حکومەتی رواندا رێککەوتبوو، ئەم بڕیارە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی کاردانەوەی دروست کرد و هەندێ وڵات بە کارێکی دژی بەها مرۆڤایەتییەکان ناویان برد، رۆژی 29ـی حوزەیرانی 2023 دادگەی تێهەڵچوونەوەی بەریتانیا بە زۆرینەی دەنگ رەوانەکردنی کۆچبەرانی لە بەریتانیاوە بۆ رواندا بە نایاسایی ناساند و رایگەیاند، "رواندا وەکو وڵاتی سێیەم بۆ کۆچبەران، سەلامەت نییە."
پەرلەمانی بەریتانیا لە دانیشتنێکی تایبەتدا لە رۆژی 12-12-2023 دەنگی بە پڕۆژەیاسای هەموارکراوی دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران لە بەریتانیاوە بۆ رواندا دا. بە گوێرەی پرۆژە یاساکە، هەر کۆچبەرێک بەشێوەیەکی نایاسایی بچێتە بەریتانیا، مەترسیی هەیە، رەوانەی ئەو وڵاتە ئەفریقییە بکرێت.
لەگەڵ هاتنە سەر دەسەڵاتی ریشی سووناک و دەستبەکاربوونی وەکو سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە 25ـی تشرینی دووەمی 2022، چەندینجار رایگەیاندووە، چارەسەرکردنی قەیرانی کۆچبەران یەکێکە لە کارە لەپێشینەکانی و بۆ ئەو مەبەستەش سووربوونی خۆی دووپاتکردووەتەوە لە جێبەجێکردنی بەرنامەی دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران بۆ رواندا.
ساڵی 2023، وێنەی تیشکیی سێ رەهەندی3D چووە خزمەتی پزیشکییەوە
لە مانگی حوزەیرانی 2023 دا وێنە تیشکییە پزیشکییەکان چووە قۆناخێکی نوێوە و بە ئامێرێکی تایبەت وێنەی سێ رەهەندی بۆ لەبەرگرتنەوە تیشکییەکان داهێنرا، بەگوێرەی پزیشکان ئەو وێنە سێ رەهەندییە دیاریکردنی نەخۆشییەکان خێراتر دەکات و هاوکارییەکی باشی پزیشکان دەکات بۆ "بەباشی" دیاریکردنی نەخۆشییەکان.
وێنە تیشکییە سێ رەهەندییە پزیشکییەکان پەرەپێدانێکی نوێی ئامێرە کلاسیکەکە بوو بۆ دیاریکردنی هەر زەبر و سووتاوی نەخۆشییەکانی دیکە لە جومگە و ئێسکەکان بە تایبەت لە کاتی نەشتەرگەرییەکانی چاندن و لێکخستنەوە، ئەم هەنگاوەش بوو بە یەکێک لە پەرەسەندنی تەکنەلۆژیا پزیشکییەکان.
بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بۆ 'بەرزترین' ئاست لە مێژووی خۆیدا
رۆژی 24ـی شوباتی ئەم ساڵ، بەهۆی بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان لە ئەمریکا، نرخی ئۆنسەیەک زێڕ بۆ 1811 دۆلار دابەزی. لەوکاتەدا، ئەمە نزمترین ئاستی نرخی زێڕ بوو بەراورد بە هەفتەی پێشتر، بەڵام دواجار بووە نزمترین ئاستی ساڵەکە.
رۆژی 4ـی کانوونی یەکەمیش، نرخی ئۆنسەیەک زێڕ لەگەڵ کرانەوەی بازاڕدا زیاتر لە 70 دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتە 2145 دۆلار، ئەمە بەرزترین ئاستی نرخی زێڕ بوو لە مێژوودا.
ترەمپ خۆی بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا بەربژێر دەکاتەوە
پاش ئەوەی لە کۆنگرەی حیزبەکەیدا دۆناڵد ترەمپ وەکو بەربژێری کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2024 دیاریکرا، جارێکی دیکە هاتەوە نێو گۆڕەپانی سیاسی لە ئەمریکا، هەرچەندە تەنیا لەم ساڵدا زیاتر لە سێ جار بە تۆمەتی جیا جیا دادگایی کراوە، بەڵام دۆناڵد ترەمپ دەڵێت، تەنانەت ئەگەر لەلایەن دادگەوە بە "هەر تاوانێک" سزا بدرێت، لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ساڵی 2024ـی ئەمریکا ناکشێتەوە.
دوایین پێشهاتەکانیش لەبارەی ئەو بەربژێرە 77 ساڵە ئەوەیە؛ رۆژی 20ـی کانوونی یەکەمی 2023،
دادگەی باڵای ویلایەتی کۆلۆرادۆ لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، "زۆرینەی دادوەرانی دادگە پێیان وایە سەرۆک ترەمپ بەپێی مادەی سێی هەموواری چواردەی دەستووری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ناتوانێت ببێتەوە بە سەرۆکی وڵات."
ئەو مادەیەی دەستووری ئەمریکا کە ترەمپی پێ تۆمەتبار کراوە دەڵێت، هیچ کەسێک نابێت ببێت بە سیناتۆر، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران یان بەربژێر بۆ سەرۆکی ئەمریکا و جێگری سەرۆک کە بە یاخیبوون دژی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تیوەگلابێت.
پێدەچێت ململانێی ترەمپ بۆ کورسیی سەرۆکایەتی، بەم بڕیارە نەوەستێت، چونکە دەتوانرێت تانە لە بڕیارەکە بدرێت و گوتەبێژی هەڵبژاردنەکانی ترەمپیش دەڵێت، بە زووترین کات تانە لە بڕیارەکەی دادگەی کۆلۆرادۆ دەدەن.
نقوومبوونی ژێردەریایی تایتن لە باکووری زەریای ئەتڵەسی
رۆژی 22-06-2023، کەشتیی ژێر دەریایی تایتن کە لەلایەن کۆمپانیای OceanGate دروستکرابوو، بۆ گەشتێکی ژێر دەریا و لە نزیکەوە بینینی دیمەنەکانی کەشتیی نقوومبووی تایتانیک، بە پێنج سەرنشینەوە بەرەو قووڵایی باکووری زەریای ئەتڵەسی بەڕێکەوتن، بەهۆی گرفتی دروستبوونی گرفتی تەکنیکی لە کەشتییەکە و نەمانی ئۆکسجین لەنێو کەشتییەکەدا، ماوەیەک بێسەروشوێن بوون و هیچ هەواڵێکیان لەبارەوە نەبوو، بەڵام دوای پێنج رۆژ لە گەڕان بەدوایاندا پاسەوانانی دەریاوانی ئەمریکا رایانگەیاند، "کەشتییەکەیان دۆزیوەتەوە و سەرجەم سەرنشینەکان گیانیان لەدەستداوە."
توویتەر بۆ ئێکس
ئیلۆن مەسک، یەکێک لە ناسراوترین ملیاردێرەکانی جیهان، خاوەنی کۆمانیاکانی سپەیس ئێکس و تێسلا، لە دوای کڕینی توویتەر، ناوی ئەو پلاتفۆڕمەی بۆ ئێکس گۆڕی و لە توویتێکدا گوتی، "ئەگەر ئەمشەو لۆگۆیەکی باشی ئێکس بڵاوبکرێتەوە، وا دەکەین ئەوە سبەی لە سەرانسەری جیهاندا راستەوخۆ بچێتە بازاڕەوە."
دواتر لۆگۆی تویتەری لە باڵندەیەکەوە گۆڕی بۆ پیتی ئێکس، ئەمە لە کاتێکدایە، پێشووتریش مەسک لۆگۆی باڵندەکەی بۆ سەگێک گۆڕی بوو کە ئاماژە بوو بۆ یەکێک لەو دراوە ئەلیکترۆنییانەی لەلایەن مەسکەوە پاڵپشتی دەکرا.
ژنێکی سعودی چووە بۆشایی ئاسمان و کریستیانۆ رۆناڵدۆش بۆ یانەی نەسڕی سعودی
بە پاڵپشتیی حکومەتی سعودیە، رەییانا بەرناوی بووە یەکەم ژن لە وڵاتە بچێتە بۆشایی ئاسمان. لەگەڵیدا عەلی ئەلقەرنی، فڕۆکەوانی فڕۆکەی جەنگی لە هێزی ئاسمانی شاهانەی سعودیە، بەشداری کرد.
لە 28-07-2023 کریستیانۆ رۆناڵدۆ ئەستێرەی هەڵبژاردەی پرتوگال و جیهان پەیوەندیی بە ریزەکانی یانەی نەسڕی سعودیەوە کرد، چاوی میدیاکان هەموو لەسەر یانە سعودیەکە و بڕیارەکەی رۆناڵدۆ بوو، ئەم هەنگاوە وایکرد یانەی نەسڕ ببێتە یەکێک لەو ناوانەی لە جیهانی وەرزشدا لە ساڵی 2023 زۆرترین گەڕانی بەدوادا بکرێت لە گوگڵەوە. ئەم بایەخپێدانەی سعودییەکان بە وەرزش بۆ یەکەمین جارە و وەکو کرانەوەی کۆمەڵگەی سعودی بەڕووی کولتوورە جیاوازەکاندا ناوبرا.
رووداوەکانی عێراق لە ساڵی 2023
هەواڵ و رووداوەکان لەم ساڵیشدا لە عێراق هەر بە گەرمی مانەوە، بەجۆرێک کاریگەرییان لەسەر نەک وڵاتانی دراوسێ، بەڵکو وڵاتانی زلهێزی جیهانیش دانا.
سکاڵاکەی عێراق لەسەر تورکیا و راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان
حکومەتی عێراق لە دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتیی پاریس سكاڵای لە دژی تورکیا تۆمارکرد، کە بەشێوەیەکی ''نایاسایی نەوتی هەرێمی کوردستانی بەبێ ئاگاداری عێراق هەناردەی دەرەوە کردووە'' دادگەکە لە 25-3-2023 بڕیاریدا؛ دەبێت تورکیا بە بڕی ملیارێک و 400 ملیۆن دۆلار قەرەبووی عێراق بکاتەوە و لەو بەروارەوە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بۆریی تورکیاوە راگیرا.
گفتوگۆکان لەدوای دەرچوونی بڕیاری دادگەکەی پاریس لەنێوان هەردوو وڵات و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام بوون بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت، بەگوێرەی بەرپرسانی عێراق و تورکیا، کێشەکان زۆرینەیان تەکنیکین و چارەسەر دەبن،
بەمزووانە هەناردەکردنەوەی نەوت دەستپێدەکاتەوە.
بەپێی بەدواداچوونەکانی تۆڕی میدیایی رووداو
زیانەکانی راگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەماوەی پێنج مانگدا دەگاتە چوار ملیار و 758 ملیۆن و 160 هەزار دۆلار.
پەسندکردنی بودجەی عێراق
بەرەبەیانى رۆژی 12ـی حوزەیران، پەرلەمانى عێراق پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی بۆ ساڵەکانی 2023، 2024 و 2025 پەسندکرد، ئەمەش بووە یەکەمجار لەدواى ساڵى 2021ـەوە پ
ەرلەمانى عێراق بودجەى گشتى پەسند بکات.
بۆ یەکەم جار بوو لە یاساى بودجەى گشتیی عێراقدا بچەسپێندرێت رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوتى هەرێمى کوردستان رادەستى کۆمپانیاى بەبازاڕکردنى نەوتى عێراق (سۆمۆ) بکرێت.
بەپێی یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2023، پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەکەدا نزیکەی 16 تریلیۆن دینارە. ئەو پارەیەی بۆ مووچەی فەرمانبەران تەرخانکراوە 9 تریلیۆن و 299 ملیار و 513 ملیۆن دینارە. بە دابەشکردنی ئەو بڕە پارەیە بەسەر مانگەکانی ساڵدا، هەموو مانگێک ئەو پارەیەی بۆ مووچەی فەرمانبەران تەرخان دەکرێت 774 ملیار و 959 ملیۆن دینار دەبێت.
هەرچەندە چەند بڕگەیەک لەنێو پڕۆژەیاساکە ناکۆکی لایەنەکانی لێکەوتەوە بەتایبەت لایەنە کوردستانییەکان لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، بەپێی دوایین لێدوانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی هەموارکردنەوی ئەو بڕگانە، لە بەرنامەی (بێستوون تۆک)ـی تۆڕی میدیایی رووداوەوە رایگەیاند، "خۆم رەشنووسێکم ئامادەکردووە بۆ چارەسەری کێشەی مووچە، کاتێک ئەو بڕگەیە لە پەرلەمان پەسندکرا، تووشی کێشەیەکی چاوەڕواننەکراو بووین، ئەوەش ئەوەبوو؛ بەشێک لە بەندەکانی پرۆژەکە هاوشێوەی ئەو خاڵانە نەبوون کە پێشووتر [لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان] لەسەری رێککەوتبووین."
سوودانی بەڵێنی دا لە ساڵی داهاتوودا کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان چارەسەر ببێت.
ئاگرکەوتنەوە لە هۆڵێکی ئاهەنگی ژن گواستنەوە لە حەمدانیە
لە 26ـی مانگی ئەیلوولی ئەم ساڵ، بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە هۆڵی شەهیانی قەزای حەمدانیە، 132 کەس گیانیان لەدەستدا، نزیکەی 175 کەسی دیکە بریندار بوون و 12ـیان بەهۆی سەختیی برینەکانیانەوە بەمەبەستی چارەسەر رەوانەی وڵاتی تورکیا کران، سەرباری لێکۆڵینەوەکانی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، کەسوکاری قوربانییان داوا دەکەن لێکۆڵینەوەی زیاتر لەبارەی رووداوەکە بکرێت.
لە کاتی ئاهەنگێکی بووکگواستنەوەدا کە نزیکەی 900 کەس تێیدا ئامادبوون، بەهۆی یاری ئاگرینی نێو هۆڵەکەوە ئاگرکەوتەوە، بە گوتەی بەرگریی شارستانی نەینەواش ئەو هۆڵە بۆ 400 کەس دروستکرابوو. هەروەها بەپێی لێکۆڵینەوەکان لە سەرەتای رووداوەکەدا خاوەنی هۆڵەکە وایزانیوە شۆرتی کارەبا بووە، بۆیە کارەبای هۆڵەکەی کوژاندووەتەوە، ئەمەش وایکردووە خەڵکی نێو هۆڵەکە زیاتر بترسن، پاڵپەستۆ دروست بوو، لە هۆڵەکەدا تەنیا یەک دەرگەی چوونە دەرەوە بووە، بۆیە "ژمارەی قوربانییەکان بەوجۆرە بوون."
ناجێگیریی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار لە عێراق
ساڵی 2023، ساڵێکی پڕ لە بەرز و نزمیی بەهای دینار بوو بەرامبەر بە دۆلار، بەهۆی سزاکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بۆ سەر بەشێک لە بانکەکانی عێراق، بەهای دینار بەردەوام ناجێگیربووە، ئەو وەزارەتە دەڵێت، ئەو بانکانە دۆلاری ئەمریکی دەدەن بە ئێران، ئەو وڵاتەش لەژێر سزاکانی ئەمریکادایە، بۆیە هەر لایەنێک یارمەتی بدات، لەچوارچێوەی سزاکانیان رزگاری نابێت.
لەم ساڵدا بەهای 100 دۆلار گەیشتە 170 هەزار دیناری عێراقی، لەگەڵ ئەوەی بانکی ناوەندیی عێراق لە چوارچێوەی یاسای بودجەدا بەهای 100 دۆلاری بەرامبەر بە 130 هەزار دینار جێگیرکردبوو، بەڵام ئەو بڕیارە نەیتوانی بەهای دینار جێگیربکات. هەرچەندە بەرپرسانی بانکی ناوەندیی عێراق چەندین جار لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی عێراق کۆبوونەوە لەبارەی چارەسەری کێشەکان، بەڵام کاریگەری ئەوتۆی نەبوو.
نزمترین ئاستی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دیناریش 100 دۆلار بەرامبەر بە نزیکەی 144 هەزار دینار مامەڵەی پێوەکرا.
لە مانگی کانوونی یەکەمی 2023، لە میدیا عێراقییەکان بڵاوکرایەوە؛ ئەمریکا بانکی ناوەندیی عێراق بە دۆلاری کاش تێردەکات و پارەی نەختینە بۆ عێراق دەنێرێت، هەرچەندە ئەمە دەنگۆیە و تاوەکو ئێستا پشتڕاستنەکراوەتەوە، بەڵام تاڕادەیەک کاریگەریی لەسەر بەرزبوونەوەی بەهای دینار هەبووە.
هێرشی گرووپە چەکدارەکانی "نزیک لە ئێران" بۆ سەر بنکەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکا
شەڕی ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی فەلەستین کاریگەری لەسەر دۆخی سیاسی و ئەمنی عێراقیش دروستکرد، گروپێکی چەکداری کە خۆیان بە "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" ناساندووە چەندین هێرشی بە مووشەک و درۆنی کردووەتە سەر بنکەکانی هاوپەیمانان بە تایبەتی بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا.
ئەمریکا لە بەرپەرچدانەوەی ئەو هێرشانەوە نەوەستاوە و وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتە دەڵێت، "ئەمریکا مافی بەرگریکردنی لەخۆی بەرامبەر بەو گرووپانە هەیە."
بەرەبەیانی رۆژی هەینی 8-12-2023، بە ژمارەیەک مووشەک هێرش کرایە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، بێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانیی هەبێت. باڵیۆزخانەکە هێرشەکەی خستە ئەستۆی گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران و داوای لە حکومەتی عێراق کرد لێکۆڵینەوە بکات.
لیوا یەحیا رەسوول، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا راگەیاند، "ئەو دەستدرێژییە"ـی لە هەشتی کانوونی یەکەمی 2023 باڵیۆزخانەی ئەمریکا، باڵەخانەی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و بەشێک لە باڵەخانەکانی حکومیی کردە ئامانج، "دەستدرێژییە بۆ سەر ئاسایش و سەروەریی عێراق."
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق گوتیشی، ناسنامەی ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە ئاشکراکراون و بەشێکیان دەستگیرکراون.
کۆبوونەوەکانی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان لەبارەی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان
لەدوای ئەو کێشەیەی لە یاسای بودجەدا سەبارەت بە بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان دروستبوو، هەرێمی کوردستان تووشی قەیرانی دواکەوتنی پێدانی مووچە بووەوە، لەوبارەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان هۆکاری دابەشنەکردنی مووچەی خستە ئەستۆی حکومەتی فیدراڵی بەوەی؛ شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان نانێرێت.
بە گوتەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان شاندی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 19 جار سەردانی بەغدای کردووە بۆ چارەسەری کێشەکان.
رۆژی 14ـی سێپتەمبەری 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران سەردانی بەغدایان کرد و لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوە، دواتر لەگەڵ بەشێک لە سەرکردە سیاسییەکانی دیکەی عێراق لەبارەی کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە.
بەگوێرەی ئەو رێککەوتنەی نێوان هەردوو حکومەت، بەغدا تاوەکو ساڵی 2024 پارەی مووچە بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت، دواتر بەپێی یاسای بودجە پارە بۆ هەرێمی کوردستان رەوانە دەکرێت، بەڵام ئەوە کۆتاییەکانی مانگی 12ـیە و هێشتا مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان سێ مووچەی ئەم ساڵیان وەرنەگرتووە.
کوردستان لە رووداوەکانی ساڵی 2023ـدا
خەڵاتی ستیڤی بۆ "رووداو و هەموو کوردستان"
بۆ یەکەمینجار لەسەر ئاستی جیهان، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و عێراق و هەرێمی کوردستان، لە 13-10-2023 کەناڵی رووداو خەڵاتی ستیڤی لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا وەرگرت. خەڵاتی ستیڤی خەڵاتێکی نێودەوڵەتییە، تۆڕی میدیایی رووداو وەکو "باشترین میدیای قەبارە مامناوەندی ساڵ لەسەر ئاستی جیهان" دیاریکرا و ئەو خەڵاتەی وەرگرت.
دکتۆر ئاراس برادۆستی، بەڕێوەبەری دێسکی تەندروستیی رووداو و بڕوا کیانی، بەڕێوەبەری رووداو دیجیتاڵ بە نوێنەرایەتیی تۆڕی میدیایی رووداو خەڵاتەکەیان وەرگرت.
لەبارەی ستیڤییەوە، بڕوا کیانی بەڕێوەبەری رووداو دیجیتاڵ گوتی، "بەخشینی ئەم خەڵاتە بە تۆڕی میدیایی رووداو نیشانەی ئەوەیە ئێستا میدیایەکی کوردستانی هەیە لە جیهاندا خەڵک دەیناسێت و متمانەیان پێیەتی."
دکتۆر ئاراس برادۆستی باسی لەوەکرد،
خەڵاتی ستیڤی بە تەنیا خەڵاتی رووداو نییە، بەڵکو بۆ هەموو کوردێکە لە هەرچوار پارچەی کوردستان.
"گۆڤاری فۆربس فارووقی مەلا مستەفا بە یەکێک لە 100 کەسایەتییە کاریگەرەکان هەڵبژارد"
گۆڤارە بازرگانییەکە رۆژی 19-03-2023، لیستێکی بڵاوکردەوە و 100 لەو کەسایەتییانەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی تێدایە کە زۆرترین گرنگییان بە کەرتی تەندروستی داوە. فارووق مستەفا رەسوول ناسراو بە فارووقی مەلا مستەفا بە 81ـەمین کەسایەتی دیاریکراوە.
فارووقی مەلا مستەفا رۆشنبیر، بازرگان و کەسایەتییەکی دیاری شاری سلێمانی و باشووری کوردستانە. لەپاڵ ئەوەی کە خاوەنی کۆمپانیای ئاسیاسێڵ و سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگێڕیی گرووپی کۆمپانیاکانی فارووق هۆڵدینگە، هاوکات دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری جێبەجێکاریی شاری پزیشکیی فارووقە لە سلێمانی.
"ملیۆن تێپەڕی، ئێستا سەردەمی ملیارە"
لە رۆژی 21-10-2023 لە کاتی رووماڵی رووداوەکانی جیهان و نێوخۆ بە تایبەت شەڕی ئیسرائیل و حەماس لە غەززە پەیجی تۆڕی میدیایی رووداو لە فەیسبووک ریکۆردێکی نوێی تۆمارکرد کە لە ماوەی سێ هەفتەدا لە سەرانسەری جیهان یەک ملیار بینەری هەبوو.
یەکەمین جارە نەک لە عێراق و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بەڵکو لە تەواوی جیهاندا میدیایەک بینەرەکانی لەو ماوە کەمەدا ملیارێک تێپەڕێنێت. دروشمی رووداو لە کاتی شکاندنی ریکۆردەکە، "ملیۆن تێپەڕی، ئێستا سەردەمی ملیارە" بوو.
لە کاتی ئەو سەرکەوتنەی رووداودا، ساهیرە سدیق، بەرپرسی بەشی تەکنیکیی رووداو دیجیتاڵ گوتی، "ئێستا لە رووداو سەردەمی ملیارە. هەر ئەوەندەش نییە، ئێمە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک لە دوو مانگدا نزیکەی ملیۆنێک فۆڵۆوەرسمان زیاد کردووە، ئەوەش ژمارەیەکی زۆرە."
دواکەوتنی پرۆسەی خوێندن و بایکۆتی مامۆستایان و کێشەی مووچە
رۆژی 13-09-2023 بڕیاربوو زەنگی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن لە سەرجەم قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان لێبدرێت، بەڵام مامۆستایانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین و گەرمیان و قەزای کۆیە بایکۆتی دەوامیان کرد و تاوەکو ئێستا پرۆسەی خوێندن لە سنووری بایکۆت دەستی پێنەکردووەتەوە، مامۆستایانی دامەزراو داوای مووچەی دوو مانگ دەکەن و مامۆستایانی وانەبێژیش داوای دامەزراندنیان دەکەن.
چەند جارێک مامۆستایانی ئەو ناوچانە هاتنە سەرشەقام و خۆپێشاندانیان کرد تاوەکو کێشەکانیان چارەسەر بکرێت، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، حکومەت داهاتی نەماوە و چاوەڕێی عێراقن تاوەکو پارە بۆ دابەشکردنی مووچە بنێرن و حکومەتی عێراق بە هۆکاری ئەو دۆخە دەزانن.