لە بۆردۆی فەرەنسا، کەشتییەک بۆ پێشوازیکردن لە بێماڵەکان ئامادەکراوە

رووداو دیجیتاڵ

کەشتییەک لە شاری بۆردۆی فەرەنسا وەک شێڵتەرێک ئامادەکراوە و رۆژانە پێشوازیی لە 100 کەسی بێماڵ دەکات، بێماڵەکان لەسەر کەشتییەکەدا خواردنەوەی گەرم، خواردن و جێخەوێک بەبێ بەرامبەر وەردەگرن. 
 
ئەلحوسێنی، خانەنشین و بێماڵە، لەبارەی کەشتییەکەوە دەڵێ "ئەمڕۆ ئێمە لێرەین. داوام لێیان کرد؛ ئەگەر رێی تێبچێت شەوێکی دیکە بمێنمەوە، ئەگەریش نەکرا ئەوە هیچ. ئەوانیش داری سیحرییان پێنییە، هەمووان هەرچییەک لەدەستیان بێت، دەیکەن."
 
پێشتر کەشتییەکە گەشتیاری بوو؛ بەڵام ئێستا تەنیا بۆ خزمەتکردنی بێماڵ و هەژاران تەرخان کراوە. کەشتییەکە رۆژانە کاژێر 4:30ـی دوای نیوەڕۆ تاوەکو 08:30ـی بەیانی کراوەیە و، تێیدا دوو ژەمی بێ بەرامبەر پێشکێشی کەسانی بێماڵ دەکرێت. 
 
ئیسماعیل، بێماڵێکی دیکەیە و دەڵێ "دوو رۆژە لێرەم و زۆر خۆشە، ناوازەیە. وەک ئەوە وایە لە پشوودابم."
 
ئەو پڕۆژەیە لەلایەن حکومەتی فەرەنسا و کۆمەڵەی پشتیوانیی بۆردۆوە پەرەی پێدراوە و پاڵپشتیی دەکرێت.
 
ئوریەل تۆلاس، بەڕێوەبەری بەشی فریاگوزاری لە کۆمەڵەی پشتیوانیی بۆردۆ گوتی "ئێمە لەم پڕۆژەیەوە بەخۆمانمان گوت؛ ئەو بنکە فریاگوزارییە وەک هەنگاوی یەکەم دەکەینەوە. ئێستاش کە ئێرە کراوەتەوە و بەردەوامە، بە نیازین پڕۆژەی دیکە لە مانگی پێنج بۆ مانگی 10 بکەینەوە و هەمان پڕۆژەش بۆ زستانی داهاتوو دووبارە بکەینەوە."
 
گرووپێکی داکۆکیکردن لە بێماڵەکان دەڵێت، لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا ژمارەی بێماڵەکانی فەرەنسا دووهێندە بووە.
 
بەگوێرەی دامەزراوەی ئابی پیێرێ، زیاتر لە 330 هەزار بێماڵ لە فەرەنسا هەن.