کریستیانەکانی جیهان خۆیان بۆ کریسمس ئامادە دەکەن

24-12-2022
بژار زوبێر @BBashqaly
دیمەنێکی گوندی سانتاکلۆز لە شاری رۆڤانیمی فینلاند
دیمەنێکی گوندی سانتاکلۆز لە شاری رۆڤانیمی فینلاند
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە گوندی سانتاکلۆز لە شاری رۆڤانیمی فینلاند، ئەگەرچی پلەی گەرما لە خوار سفری سلیزییە و بەفر هەموو شتێکی سپیپۆش کردووە، بەڵام دار سنۆبەرەکان بە گڵۆپی رەنگاوڕەنگ رازێندراونەتەوە و خەڵک ئامادەکاریی بۆ جەژنی کریسمس دەکەن.
 
سانتا کلوز، دانیشتوویەکی گوندەکەیە و لەنێو خانووە دارینەکەی ئەو نامانە دەخوێنێتەوە کە منداڵان بۆی ناردوون، دەڵێت، "من دیاری دەبەخشم بێگومان، بەڵام کریسمس تەنیا دیاری نییە. کریسمس لەنێو دڵ و هزرتاندایە. لەنێو رۆحتاندایە، ئەوە کریسمسە."
 
چەند رۆژێکی دیکە جیهان ماڵئاوایی لە ساڵی 2022 و پێشوازی لە ساڵی 2023ـی زایینی دەکات. نزیکەی دوو ملیار و 140 ملیۆن کریستیانی رۆژئاوایی و بەشێک لە کریستیانە رۆژهەڵاتییەکان، 25ـی کانوونی یەکەم بە رۆژی کریسمس یان رۆژی لەدایکبوونی پەیامبەر عیسا (د.خ) دادەنێن. 
 
لە مانێلای پایتەختی فلیپین، چەند رۆژێک بەر لە کریسمس، خەڵک پێش گزنگی بەیانی دەچنە کەنیسە و نزای خێر بۆ ساڵی نوێ دەکەن.
 
تێس ئەگیلار، دانیشتووی مانێلا لە فلیپین دەڵێت، "ساڵی جارێک بۆ ماوەی 9 شەو لەسەر یەک دەچینە کەنیسە بۆ نزاکردن. نۆ شەو خەوی خۆمان دەکەینە قوربانی و زوو لە خەو هەڵدەستین. تەنانەت ئەگەر زەحمەتیش بێت، تەنانەت ئەگەر باران ببارێت، یان کەنیسە دوور بێت، هەر دەڕۆین."
 
کریستیانەکانی جیهان بە گشتی شەوی پێش کریسمس یان لە رۆژی کریسمس بۆ نزاکردن و گوتنەوەی سروودی ئایینیی تایبەت بە لەدایکبوونی مەسیح (د.خ) دەچنە کەنیسە.
 
لە نەریتەکانی دیکەی کریسمس بریتییە لە ئامادەکردن و هاوبەشیکردنی خواردنی تایبەت لە ئێوارەی 24 تاوەکو ئێوارەی 25ـی مانگ لەگەڵ کەسوکار و هاوڕێیان کە دیارترینیان کێکی کریسمس و قەلی سوورکراوەن. 
 
کریستیانەکان هەروەها بەم بۆنەیەوە وەکو جەژنانە دیاریی بەیەک دەبەخشن. بەو هۆیشەوە، لە کۆتایی هەموو ساڵێکدا بازاڕەکان دەبووژێنەوە. چاوەڕێدەکرێت بۆ ئەم کریسمسە هەر خێزانێک داهاتی مانگ و نیوێکی لە دیاری، خواردن، جوانکاری و ئامادەکارییەکانی دیکەی کریسمس خەرج بکات.
 
یەکێتیی تاکفرۆشانی نیشتمانیی ئەمریکا دەڵێت، تەنیا لە ئەمریکا هەموو ساڵێک، ئەمریکییەکان 997.73 ملیار دۆلار لە کریسمس خەرج دەکەن، 65٪ـی ئەو پارەیە لە کڕینی دیارییەکان خەرج دەکرێت، 96٪ـی ئەمریکییەکان دیاری بۆ خێزانەکانیان دەکڕن، خەرجیی پیاوان لە کریسمس 10٪ زیاترە بەراورد بە ژنان، 43٪ـی ئەمریکییەکان لە کۆتایی مانگی ئۆکتۆبەرەوە دەست بە شتکڕین دەکەن و بەگوێرەی یەکێتییەکە، 57٪ـی ئەمریکییەکان بە ئۆنلاین دیاری و پێداویستییەکانی کریسمس دەکڕن. 
 
نەریتێکی دیکەی کریسمس تەماشاکردنی ئەو شانۆیانەیە کە باس لە لەدایکبوونی پەیامبەر عیسا (د.خ.) دەکەن. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لە کەنار دەریایەکی فەرەنسا دوو وشتر بۆ پاککردنەوەی کەناراوەکە بەکاردێن

وشتر بۆ خاوێنکردنەوەی کەناراوەکانی فەرەنسا بەکاردێت

تیمێکی فەرەنسییە لە کەناری دەریای نێوەڕاست، نزیک لە شاری مارسیلیای باشووری وڵاتەکە؛ بە بەکارهێنانی وشتر، کەناراوەکە لە پلاستیک و پاشماوەکانی دیکە خاوێن دەکەنەوە