رووداو دیجیتاڵ
رۆژێک دوای هێرشەکەی سەر ناوەندی کولتووریی کوردیی ئەحمەد کایا لە پاریس، شارەوانیی بازنەی 10ی شارەکە پرسە دەگێڕێت.
وەکو رێزێک بۆ قوربانییانی هێرشەکە، ئاڵای کوردستان لە باڵەخانەی شارەوانیی بازنەی 10ی پاریس هەڵکرا، لە هەمان کاتدا ئاڵای فەرەنسا بۆ نیوە دابەزێنرا.
شارەوانیی بازنەی 10ی پاریس و ئەلێکساندرا کۆردێباردی سەرۆکی شارەوانییەکە، رۆژی شەممە، لە هەژمارەکانیان لە تویتەر وێنەی ئاڵای کوردستانیان لە باڵەخانەی شارەوانییەکە بڵاوکردەوە.
لە یەکێک لە وێنەکان، ئەلێکساندرا کۆردێبارد، لە بالکۆنی باڵەخانەی شارەوانییەکە، لەگەڵ ئاڵای کوردستان دەرکەوتووە، کە لە پاڵ ئاڵاکانی فەرەنسا و یەکێتیی ئەوروپا دانراوە.
سەرۆکی شارەوانی و چەند بەرپرسێکی بازنەی 10ی پاریس، بۆ دەربڕینی هاوسۆزی بۆ کورد، لە گۆڕەپانی کۆماریی بەشدارییان لە خۆپێشاندانی دژی هێرشەکەی هەینی کرد کە بووە هۆی کوژرانی سێ هاونیشتمانیی باکووری کوردستان و برینداربوونی سێی دیکە، دوای ئەوەی کە پیاوێکی تەمەن 69 ساڵانی فەرەنسی هێرشی کردە سەر ناوەندی کولتووریی کوردیی ئەحمەد کایا.
ئەلێکساندرا کۆردێبارد لە تویتێکدا نووسیویەتی: "بەرپرسانی هەڵبژێردراوی بازنەی دەیەمی پاریس لە تەک کوردانی فەرەنسا دەوەستنەوە، کە ژمارەیەکی زۆریان هاتوون بۆ ئەوەی رێزی خۆیان بۆ قوربانییەکانی هێرشە نەژادپەرستەکەی دوێنێی شەقامی غو دۆنگیێ دەرببڕن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ