ڤلادیمیر پووتین: رێزنەگرتن لە پێغەمبەری ئیسلام، ئازادیی رادەربڕین نییە

24-12-2021
عەلی زەڵمی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی رووسیا دەڵێت، رێزنەگرتن لە پێغەمبەر محەممەد (د.خ) ئازادیی رادەربڕین نییە و ئاماژە بەوەش دەکات، هەر جۆرە هەوڵێک بە ئاراستەی رێزنەگرتن لە پێغەمبەری ئیسلام بریتییە لە "پێشێلکاریی ئازادیی ئایینی و پێشێلکاریی هەستە پیرۆزەکانی خەڵکی موسڵمان". 
 
ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا رۆژی پێنجشەممە 23-12-2021 لە گوتەیەکدا لە کۆنفرانسی ساڵانەی خۆی رایگەیاند، هەر جۆرە هەوڵێک بۆ رێزنەگرتن لە پێغەمبەر محەممەد دەبێتە هۆی ئەوەی کاردانەوەی بەدوادا بێت، وەک هێرشەکەی کرایە سەر نووسینگەی گۆڤاری چارلی هیبدۆی فەرەنسی، ئەوەش دوای بڵاوکردنەوەی چەند کاریکاتێرێک لەو بوارەوە. 
 
لە کانوونی دووەمی 2015دا هێرشکرایە سەر نووسینگەی پاریسی چارلی هیبدۆ و لە ئەنجامدا 17 کەس کوژران و 11 کەس لەوانیش رۆژنامەڤانی گۆڤارەکە بوون. ئەنجامدەرانی هێرشەکە دوو کەسی مەغریبی بوون بەناوەکانی سەعید و شەریف و خۆیان وەک سەربازی پێغەمبەر محەممەد ناساند و ئاماژەیان بەوەشکرد کە لە لایەن رێکخراوی ئەلقاعیدەوە نێردراون بۆئەوەی ئەو هێرشە ئەنجامبدەن. هێرشەکە دوای ئەوە هات لە ساڵی 2012دا گۆڤارە فەرەنسییەکە ژمارەیەک کاریکاتێری محەممەد، پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) بڵاوکردەوە. 
 
سەرۆکی رووسیا لە بەشێکی دیکەی گوتەکەیدا بە گرنگییەوە لەسەر ئازادیی رادەربڕین وەستا، بەڵام ئاماژەی بەوەشکرد، هەموو شتێک سنووری خۆی هەیە و نابێت دەستەواژەی "ئازادیی رادەربڕین" بۆ هێرشکردنە سەر ئازادیی کۆمەڵگەی دیکەی بەکاربهێندرێت.
 
ژمارەی دانیشتووانی رووسیا نزیکەی 145 ملیۆن کەسە و 73٪یان کریستیان، 10٪یان موسڵمان و نزیکەی 15٪یشیان هیچ ئایینێکیان نییە.
 
پووتین لەبارەی ئەم فرەئایینییەی وڵاتەکەی قسەی کرد و گوتی، رووسەکان نەریتێکی تایبەتیان هەیە، ئەویش رێزگرتنە لە کولتوور و ئایینەکانی دیکە و ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو رێزگرتنە لە وڵاتانی دیکەدا وەک پێویست نییە. 
 
یەکەمجار نییە کەسایەتییە سیاسییەکان جەخت لە ئازادیی رادەربڕین، بەڵام پێویستیی رێزگرتن لە پیرۆزییەکانی کۆمەڵگە ئایینییەکانیش دەکەنەوە. 
 
لە حوزەیرانی رابردوودا ناز شاه، پەرلەمانتاری بەریتانیا لە پەرلەمان گوتەیەکی پێشکێشکرد و گوتی، هەر جۆرە هەوڵێک بۆ بێڕێزیکردن بە محەممەد، پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) نیگەرانیی جیدی لای موسڵمانانی جیهان دروستدەکات. 
 
ناز شاه لە گوتەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە بەریتانییەکان هەستیارییەکی زۆریان هەیە ئەگەر بە جۆرێکی نەرێنی باس لە وینستن چەرچڵ، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری بەریتانیا بکرێت و دەبێت بزانن موسڵمانەکانیش خۆشەویستییەکی زۆریان بۆ محەممەدی کوڕی عەبدوڵڵا هەیە و هەربۆیەش هەستیارییان بەرامبەر بە هەر جۆرە هەوڵێکی بێڕێزی پێی هەیە. 
 
عیمران خان، سەرۆکوەزیرانی پاکستانیش دەڵێت، کەسانێکی پەڕگیر لە رۆژئاوادا هەن کە لە ماوەی رابردوودا بێڕێزییان بە پێغەمبەری ئیسلام کردووە و هەربۆیە دەبێت داوای لێبووردن بکەن. 
 
عیمران خان، سەرۆکوەزیرانی پاکستان لە نیسانی 2021دا ئاماژەی بەوەکرد، چەند کەس و لایەنێک لە جیهاندا هەن کە "بەناوی ئازادیی رادەربڕین"ەوە قسەی رەگەزپەرستانە بەرامبەر موسڵمانان دەکەن و بەو جۆرەش ئازاری موسڵمانان لە سەرانسەری جیهاندا دەدەن. 
 
عیمران خان لە 17-4-2021یشدا لە تویتەر نووسی: "ئێمەی موسڵمان گەورەترین رێز و خۆشەویستیمان بۆ پێغەمبەرەکەمان هەیە؛ پێغەمبەرەکەمان لە دڵماندایە و ناتوانین رێگە بە هیچ جۆرە بێڕێزی و سووکایەتییەکیش پێی بدەین".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ساڵانە لە 10ی موحەڕەم زیارەتکارێکی زۆری شیعەمەزهەب لە سەرتاسەری جیهان سەردانی عێراق دەکەن و لە نەجەف و کەربەلا کۆدەبنەوە، ژمارەی زیارەتکارانی ئێرانی و پاکستانی پشکی شێریان بەردەکەوێت.

دەرفەتی کار لە عێراق بۆ پاکستانییەکان زیاتر دەبێت

بەغدا و ئیسلام ئاباد بەنیازن یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن واژۆ بکەن و رێکبکەون لەمەودوا دەرفەتی کاری زیاتر بۆ پاکستانییەکان لە عێراق بڕەخسێندرێت، ئەمەش وادەکات هاووڵاتییانی پاکستانی بە نایاسایی لە وڵاتەکە نەمێننەوە.