رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی لۆس ئەنجلسی ئەمریکا کاتێک بەدوای گومانلێکراوێکدا دەکەون، تەقەی لێدەکەن. فیشەکێک بەر کچێکی 14 ساڵان دەکەوێت و بەو هۆیەوە گیان لەدەستدەدات.
رۆژی پێنجشەممە 23-12-2021 بەرپرسانی لۆس ئەنجلس رایانگەیاند کاتێک پۆلیس بەدوای تۆمەتبارێکەوە بوون، خۆی لە نێو فرۆشگایێکی جلوبەرگدا شاردووەتەوە کە پڕبووە لە خەڵک؛ پۆلیس تەقەی لە تۆمەتبارەکە کردووە، لە ئەنجامدا کچێک کە لەنێو فرۆشگاکەدا بووە. فیشەکێکی بەرکەوتووە و دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.
رووداوەکە کاژێر 11:45ـی بەیانی بەکاتی لۆس ئەنجلس (22:45 شەوی پێنجشەمە بە کاتی هەولێر) لە فرۆشگایەک بە ناوی بێرلینگتۆن لە دۆڵی سان فێرناندۆ روویداوە.
تۆمەتبارەکە بەگوتەی پۆلیس دەستدرێژیی کردووەتە سەر ژنێک و ئازاری داوە. دوای ئەوەی پۆلیس پێی زانیوە، بەدوایدا گەڕاوە بۆ ئەوەی دەستگیری بکەن.
هاوکات، بەرپرسانی لۆس ئەنجلس دەڵێن کە گومانلێکراوەکەش کوژراوە. ئەو ژنەشی دەستدرێژی کراوەتەسەری بە "برینی سەختەوە" رەوانەی نەخۆشخانە کراوە.
پۆلیس دەڵێت برین لەسەر، دەموچاو و قۆڵی ژنەکە هەبووە. هاوکات، پۆلیس کێبڵێکی کارەبایان لە نزیک تۆمەتبارەکە دۆزیوەتەوە، کە پۆلیس گومان دەکات بۆ ئەشکەنجەدانی ژنەکە بەکارهاتبێت.
ستەیسی سپێڵ، ئەفسەری پۆلیس لە لۆس ئەنجلس، لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند سەرەتا پۆلیس هەواڵی دەستدرێژیکردنە سەر ژنێکیان پێگەیشتووە و "تۆمەتبارەکە بە چەکەوە هەڕەشەی لە ژنەکە کردووە و ئەشکەنجەی داوە".
پۆلیس دەڵێت کاتێک بینیویانە کەسێکی دیکە هەراساندەکات، تەقەیان کردووە و لە ئەنجامدا فیشەکێک بەر تۆمەتبارەکە کەوتوووە و کوشتوویانە.
هاوکات، بەگوێرەی پۆلیس، یەکێک لە فیشەکەکان بەنێو دیواری ژوورێکی جلگۆڕیندا رۆشتووە و بەر کچێکی 14 ساڵان کەوتووە؛ دواتر پۆلیس تەرمەکەی لەنێو ژوورەکەدا دۆزیوەتەوە.
لێکۆڵینەوە سەرەتایەکان هێشتا دڵنیانین کە کچەکە پێش ئەوەی تۆمەتبارەکە دەستدرێژی بکاتە سەر ژنەکە، چووەتە نێو ژووری جلگۆڕین یان دوای ئەوەی هەستی بە مەترسی کردووە خۆی لەوێ شاردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ