جیهان پێشوازى له‌ كریسمس ده‌كات

25-12-2018
سام عومەر
له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ى كریسمس، گوندى سانتاكلۆز لە فینلەندا رۆژانه‌ زیاتر له‌ 32 هه‌زار نامه‌ى پێده‌گات
له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ى كریسمس، گوندى سانتاكلۆز لە فینلەندا رۆژانه‌ زیاتر له‌ 32 هه‌زار نامه‌ى پێده‌گات
نیشانەکردن کریسمس
A+ A-

رووداو - هەولێر 

له‌ كریسمسدا، كریستیانه‌كان له‌ وڵاته‌ جیاوازه‌كانى جیهاندا ئاهه‌نگى رۆژى له‌دایكبوونى مه‌سیح ده‌گێڕن. ئه‌م ئاهه‌نگه‌ تایبه‌تمه‌ندى خۆی هه‌یه‌ و نه‌ریته‌كانى له‌ وڵاتێكه‌وه‌ بۆ وڵاتێكى دیكه‌ جیاوازە. 

ڤاتیکان

ئاماده‌كارییه‌كان بۆ كریسمس لە هەندێک شوێندا زیاتر له‌ مانگێك بوو ده‌ستیانپێكردبوو، له‌ سه‌ره‌تاى ئه‌م مانگه‌دا سه‌تان كه‌س له‌ شه‌قامى سانت پیتەر له‌ ڤاتیكان كۆبوونه‌وه‌، تاوه‌كو ئاماده‌ى مه‌راسیمى ساڵانه‌ى دانانی دره‌ختى كریسمس بن. 

دره‌ختى ئه‌مساڵ 21 مه‌تر به‌رزه‌ و له‌ دارستانى كانسیگلیۆى باكوورى ئیتاڵیاوه‌ هێنراوه‌. یه‌كه‌مجاریش پاپا جۆن پۆڵی دووه‌م ساڵى 1982 دانانى دره‌ختى كریسمسى له‌ شه‌قامه‌كه‌دا كردووەتە‌ نه‌ریت. 

لوسیۆ كۆستانتین، سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى گه‌وره‌ترین دره‌ختى کریسمس لە جیهان دەڵێ "ئه‌مه‌ 38ـەمین ساڵه‌ گه‌وره‌ترین دره‌ختى كریسمس له‌ جیهاندا دادەنێین. بیرۆكه‌كه‌ له‌ لایه‌ن خه‌ڵكه‌ داهێنه‌ره‌كه‌ى گوبیۆوه‌ بیری لێكرایه‌وه‌، خه‌ڵكانێكى سه‌رشێتن، به‌ڵام ئازان و خه‌ونیان به‌وه‌وه‌ بینیبوو دره‌ختى كریسمس له‌سه‌ر چیا بچێنن و كردیان. ئێمه‌ش درێژه‌ به‌ نه‌ریته‌كه‌ ده‌ده‌ین". 

فنله‌ندا


له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ى كریسمس، گوندى سانتاكلۆز لە فینلەندا رۆژانه‌ زیاتر له‌ 32 هه‌زار نامه‌ى پێده‌گات، ئه‌مساڵیش زۆربه‌ى نامه‌كان له‌ چین، پۆڵه‌ندا، ئیتاڵیا و به‌ریتانیاوه‌ نێردراون. 

ساڵانه‌ زیاتر له‌ 350 هه‌زار گه‌شتیار سه‌ردانى گونده‌كه‌ ده‌كه‌ن به‌ مه‌به‌ستى بینینى سانتا. پیاوێك کە رۆڵى سانتا دەگێڕێت لەو گوندە دەڵێ "په‌یامى كریسمسم هه‌میشه‌ وه‌ك یه‌كه‌؛ ده‌مه‌وێت خه‌ڵك دڵیان خۆشبێت. ده‌مه‌وێت خه‌ڵك باشتر له‌ یه‌كدی بگه‌ن". 

فەلەستین 


له‌ كه‌رتى رۆژئاواى فه‌ڵه‌ستین و به‌ دیاریكراویش له‌ به‌یتلەحم، كه‌ جێگه‌ى له‌دایكبوونى مه‌سیحه‌، چەند رۆژێک پێش ئێستا كریستیانه‌كان دەستیان بە ئامادەکارییەکانیان بۆ كریسمس کرد، لە چەند کاژێری رابردووشدا خەڵکانێکی زۆر لە وڵاتانی جیهانەوە گەیشتوونەتە شارەکە‌. 

له‌ تایله‌ند فیله‌كان وه‌كو سانتا رازێنراونه‌ته‌وه‌، له‌ مه‌كسیك خواردن بۆ كۆچبه‌ره‌كان ئاماده‌ده‌كرێت و له‌ بەڕازیلیش به‌ بۆنه‌ى كریسمسه‌وه‌ خۆبه‌خشه‌كان ئاهه‌نگ بۆ بێلانه‌كان سازده‌كه‌ن. 


 

پێداچوونەوە: هەڵات رێبوار

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە