گەنجێکی کورد لە سوێد بە پاڵپشتیی ڤیژن ئیجوکەیشن ریکۆردێکی نوێی تۆماری گینس دەشکێنێت

24-11-2024
زنار شینۆ
زنار شینۆ @ZinarShino
مەیسەن فەرهاد نەریمان لەکاتی شکاندنی ریکۆردەکە دا.
مەیسەن فەرهاد نەریمان لەکاتی شکاندنی ریکۆردەکە دا.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

گەنجێکی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان بە سپۆنسەری دامەزراوەی ڤیژن ئیجوکەیشن لە سوێد ریکۆردێکی نوێ لە تۆماری گینس دەشکێنێت. 
 
ئەوەی لە سەرەتای ڤیدیۆکە دا دەردەکەوێت، مەیسەن فەرهاد نەریمانە؛ گەنجێکی تەمەن 30 ساڵی شاری مهابادی رۆژهەڵاتی کوردستانە و خۆی ئامادە دەکات بۆ ئەوەی بە مێشکی تیژ و بەهێزی خۆی ریکۆردێکی نوێ لە تۆماری گینس دا بشکێنێت.
 
فەرهاد لە ماوەی 30 دا چرکە بێوچان یاری بە تۆپێک دەکات و 30 ژمارەی بە زمانی کوردی بۆ دەژمێردرێت. ئەویش هەموو لێدانێک بە تۆپەکەوە، کە بەسەر پێیەوە هەڵیدەدات و نایەڵێت بکەوێتە سەر زەوییەکەوە، هاوکات لەگەڵ ژمارەکان دەژمێرێت. 
 
ئەم کارەی بە ئامادەبوونی نوێنەری تۆماری گینس کە بەتایبەت لە بەریتانیاوە چووەتە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوێد و دوو شایەتحاڵی دیکە ئەنجام دەدات. هەموو ژمارەکان بە زمانی ئینگلیزی دەخوێنێت، تەنانەت بۆ سەلماندنی بیرتیژیی خۆی، لە کۆتاییەوە بۆ سەرەتا ژمارەکان دەخوێنێت، بەبێ ئەوەی هیچ هەڵەیەک بکات. 
 
کارل سەڤیلە، نوێنەری گینس بۆ رێکۆردە جیهانییەکان دەڵێت: "بە دڵنیاییەوە، ئەمە مایەی خۆشحاڵییە کە بینەری هەوڵی زۆرترین لێدانەوەی تۆپی پێ بووین بەبێ وەستان لە 30 چرکەدا. ئەمە کارێکی زۆر قورسە چونکە پێویستی بە تێکەڵکردنی دوو تایبەتمەندی و کارامەییە چونکە لەلایەک پێویستە بەشێکی مێشک دەبێت بۆ کۆنترۆڵکردنی توانای جەستە و ئەوەی دیکەش بۆ هێشتنەوەی ژمارەکان. تێکەڵکردنی ئەم دووانە بەیەکەوە زۆر سەرسامکەرە. ئەمڕۆ لە 30 چرکەدا، پێویست بوو مەیسن ژمارەکان لەبەر بکات کە دەخوێندرانەوە و دواتر لەدوای یەک دووبارەیان بکاتەوە. ئەو ژمارانەی کە دەخوێندرانەوە دواتر دەبوو بەدوای یەکدا بگوترێنەوە، ئەگەر تەنیا یەکێکیان جیاوازبوایە، ئەوا هەوڵەکە شکستیدەهێنا. مەیسن سەرکەوتووبوو لە گوتنەوەی هەر 30 ژمارەکە، دواتریش هەموو ژمارەکانی لە کۆتاییەوە بۆ سەرەتا بەبێ هەڵە گوتنەوە. ئەمڕۆ ژمارەکەی گینس شکێندرا، ئەو کارەکەی بە رێگەیەکی جیاواز کرد و رێگەیەکی درێژی بۆ ئەم دەستکەوتە لەپێش بوو. پێویستە شانازییەکی گەورە بەم دەستکەوتەی خۆیەوە بکات." 
 
لەدوای ئەوەی خەڵاتەکەی بردەوە، پیرۆزبایی لێکرا و هەندێ گفتوگۆی لەگەڵ ئامادەبووان کرد. لە فەرهاد دەپرسین، بیرەوەریی نزیکی ئەو لە خێرایی رووناکیی خۆر بەهێزترە، ئەی بیرەوەریی دووری چۆنە؟ دەڵێت، تا هەفتەیەکی دیکەش ئەم ژمارەیە بە هەمان ریزبەندی لە مێشکی ئەو دا دەمێنێتەوە. 
 
مەیسن فەرهاد نەریمان دەڵێت: "بۆ من گرنگ بوو لەبەر ئەوەی ئێستا لێرە داواکاریی خوێندنی ماستەرم لە بەشی دارایی پێشکێش کردووە. ئەو زانکۆیە لەسەر وێبسایتەکەیان دەڵێت، دەبێت بیسەلمێنیت کە تۆ بلیمەتیت. منیش بیرم کردەوە چۆن بۆیان بسەلمێنم. بڕیارم دا بەمشێوەیە بیکەم. لەمێژە دەمزانی کە ئەو توانایەم هەیە و لە ژیانی خۆم دا کەڵکی لێوەردەگرم. لە ماوەی دوو ساڵ دا لە دوو زانکۆ دەخوێنم. سەرەتا وا بڕیاربوو 45 [هەڵدانی تۆپ بە پێ] بێ، دواتر گوتم کاتی ئەوەم نییە ئەو ریسکە بکەم. لەوانەیە خوێندنی زانکۆم بکەوێتە مەترسییەوە. بۆیە کردمانە 30. بەڵام [پێشتر] 45ـم کردووە." 
 
زەهاوی سنجاوی ناوێکی دیارە لە فیلمسازیی کوردی دا. ئەرشیڤی 15 ساڵی رابردووی فەرهادی کۆکردووەتەوە و دوایین شەش ساڵی لە سوێد تۆماری کردوون، بۆ ئەوەی رۆژێک بیکاتە بەڵگەفیلمێک. بەڵام توانا لەڕادەبەرەکانی فەرهاد هێشتا نەیگەیاندووەتە خاڵی دوای بەرهەمهێنان. 
 
زەهاوی سنجاوی دەڵێت: "15 ساڵی ژیانی فەرهادم کۆکردووەتەوە. چ ئەوانەی کە لەلایەن هاوکارە بەڕێزەکانی دیکە لە رۆژهەڵات یان لە تاران گیراون، لە قۆناخی جۆراوجۆر دا فەرهاد کاری لەسەر کراوە. شەش ساڵیشە دوای هاتنی بۆ ستۆکهۆڵم بەشێوەیەکی چڕوپڕ  پەیوەندیمان هەبووە و پێکەوە بووینە. ژیانی ئەو شەش ساڵەی سوێدم دۆکیومێنت کردووە. لە چەند شوێنیش دا ویستوومە ئەم فیلمە کۆتایی پێبێنم، بۆ ئەوەی کە بچینە بواری پۆست پرۆدەکشن تاوەکو فیلمەکە بەرهەمبهێنین. بینیومە کە شتی گەورەتر لە ژیانی فەرهاد روودەدات کە بەبێ ئەو شتە ناکرێ فیلمەکە کۆتایی پێبێنین. لە داهاتوو دا بە نیازین ئەم گەشتە دوور و درێژ و سەختەی فەرهاد کە هەوڵیداوە ئەو بەهرەیە و خەڵاتە خوداییەی کە وەکو مێشک پێیدراوە بیپارێزێ و بیگەیێنێتە شوێنێکی پارێزراو کە وەکو خۆی باسی دەکات خزمەتی مرۆڤایەتی بکات."
 
فەرهاد لەلایەن ڤیژن ئیجوکەیشنەوە سپۆنسەر دەکرێت و ئەم چالاکییەی ریکۆردی جیهانیش لەلایەن ئەو دامەزراوەیەوە پاڵپشتی کراوە. ڤیژن ئیجوکەیشن دامەزراوەیەکی پەروەدەیی و زانستییە پاڵپشتی کەسانی خاوەن بەهرە دەکات. 
 
دامەزراوەی ڤیژن ئیجوکەیشن لە ساڵی 2018 دامەزراوە و خاوەنی چەندین قوتابخانەی نێودەوڵەتی و زانکۆی ناحکومییە کە قازانجی لە دامەزراوە ئەهلییەکانی بۆ خزمەتی پەروەردەی گشتی بەکاردەهێنێت.
 

 

 

 

 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە