شاندێکی پارتی لە کەمبۆدیایە
رووداو دیجیتاڵ
شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسی پارتە سیاسییەکانی ئاسیا، لە کەمبۆدیایە. سەرۆکی شاندەکە دەڵێت، باسی لە پرسی نەتەوەی کورد، هەڵبژاردن، پێکەوەژیانی ئایینی و چەند پرسێکی دیکەیش کردووە.
رۆژانی 22 و 23ـی تشرینی دووەمی 2024، دوازدەیەمین کۆنفرانسی پارتە سیاسییەکانی ئاسیا له شاری پنووم پنی پایتهختی كهمبۆدیا بەڕێوەچوو، شاندێکی پارتی کە پێکهاتبوون لە ھۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی و عەبدولسەلام زێباری، بەرپرسی دیسکی ئوراسیا و د. دیاری ئەحمەد حەسەن، ئەندامی مەکتەب، بهشدارییان کرد.
هۆشیار سیوەیلی لە کۆنفرانسەکەدا گوتارێکی پێشکێش کرد و لە بەشێکی گوتارەکەیدا گوتی: "کورد، وەکو گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەت و چوارەم گەورەترین نەتەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەسەر تورکیا، ئێران، عێراق و سووریا دابەشکراوە. هەریەک لەو وڵاتانە بەشێوەیەکی جیاواز مامەڵە لەگەڵ کورد دەکەن. لە کاتێکدا کورد لە عێراقدا پلەیەکی باش لە فیدراڵییەتی بەدەستھێناوە کە لە دەستووری فیدراڵیدا چەسپاوە، کورد لە سێ پارچەکەی دیکەی کوردستان هێشتا لە خەباتدایە بۆ گەیشتن بە مافە نەتەوەیی و کولتوورییەکانی خۆی."
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی مەکتەبی پەیوەندییەکانی پارتی، هۆشیار سیوەیلی لە گوتارەکەیدا تیشکی خستووەتە سەر رۆڵی حزبهكهی و راگەیاندووە: پارتی دیموکراتی کوردستان لەدوای رووخانی رژێمی پێشووی عێراق لە ساڵی 2003ـەوە هاوبەشی سەرەکی بووە لە پێکھێنانی حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی هەرێمی کوردستان و رۆلی گرنگی ھەبووە لە پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا."
لە کۆنفرانسەکەدا، سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی کەمبۆدیا گوتاریان هەبوو، هەروەها سەرۆکی پارتی جەماوەریی ئەو وڵاتە و گوتاری وڵاتانی رووسیا، چین، ڤێتنام و ئازەربایجانیش پێشکێش کران.
شاندەکەی پارتی لە پەراوێزی کۆنفرانسەکەدا، لەگەڵ پارتە بەشداربووەکانی وڵاتانی کەمبۆدیا، رووسیا، ژاپۆن، چین، کۆریای باشوور، ئۆزبەکستان، نیپاڵ، پاکستان، جۆرجیا، تایلاند، ماڵدیڤ، سەنگاپوور و ئیندۆنیزیا و چەند کەسایەتیی سیاسی و رۆژنامەڤان دیداریان هەبووە.
هۆشیار سیوەیلی لە گوتارەکەیدا باسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی کردووە و رایگەیاندووە: "هەرێمی کوردستان مانگێک پێش ئێستا هەڵبژاردنێکی ئاشتیانە و شەفافی کرد، کە نەتەوە یەکگرتووەکان و سەدان چاودێری نێودەوڵەتی چاودێرییان کرد و رێژەی بەشداریی 72% بوو. دەستخۆشی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا بۆ بەڕێوەچوونی رێکوپێکی و دیموکراسیانەی هەڵبژاردن لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە."
بهرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان له درێژهی گوتارهكهیدا، باسی دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کردووەو رایگەیاندووە: "هەرێمی کوردستان بە هەماهەنگی و هاوکاری لەگەڵ حکومەتی عێراقی فیدراڵ هەموو توانای خۆی خستۆتە گەڕ بۆ ئەوەی عێراق لەم ململانێیە دووربخاتەوە و گوشار بخاتە سەر میلیشیا عێراقییەکان بۆ ئەوەی چیدی دۆخەکە ئالۆزتر نەکەن.
لە دووەمین ڕۆژی کۆنفرانسەکە بهڕێز عەبدولسەلام زێباری بەرپرسی بەشی ئۆراسیا له پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان له سێیەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ڕۆشنبیری ئاسیا لە دوازدەهەمین کونفرانسی گشتی ICAPP گوتارێكی لەژێر دروشمی فرەچەشنی کولتووری بۆ بەرەوپێشبردنی ئاشتی و ئاشتەوایی پێشكهشكرد، گوتی: "لە زۆربەی دامودەزگاکانی حیزبەکەماندا، پێشمەرگەی دێرین و بەرپرسی پلە باڵای بێشومار لە پاشخانی نەتەوەیی و ئایینی جۆراوجۆردا هەن. ئێمە پێمانوایە فرەچەشنی نیعمەتە و بە هیچ شێوەیەک نەفرەت نییە."
لەهەمان رۆژدا و لە پانێڵێکی جیا د.دیاری ئەحمەد حەسەن، ئەندامی مەکتەب گوتارێکی لە حەوتەمین فۆڕمی میدیا لە دوازدەهەمین کۆنفرانسی گشتی ICAPP له بارهی چۆنییهتی بەرەنگاربوونەوەی هەواڵی ساختە لە چوارچێوەی سەردەمی دیجیتاڵیدا پێشكهشكرد، تێیدا مهترسییهكانی بۆ ئامادهبووان روونكردهوه.
د. دیاری ئهحمهد گوتی: "بە نوێنەرایەتی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق لێرەم، نەک تەنیا بۆ ئەوەی هاوبەشی ئەزموونەکان بكهین، بەڵام بۆ ئەوەی بەشداری لە گەڕان بەدوای چارەسەری هاوبەش بکەین بۆ بەرەنگاربوونەوەی زانیاری هەڵە و پاراستنی یەکپارچەیی زانیارییەکانی دیجیتاڵی.
له بهشێكی دیكهی گوتارهكهیدا د.دیاری ئهحمهد گوتی: "جیهانی دیجیتاڵی، کاتێک بە خراپ بەکاردەهێنرێت، سەرهەڵدانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و ناڕەزایەتییە گشتییەکانی لێدهكهوێتهوه، زانیاری هەڵە دەتوانرێت چەکدار بکرێت، راستییەکان بشێوێنێت و متمانەی گشتی تێكبدات."
سهبارهت به ئاستی تێگهیشتنی هاووڵاتیانی ههرێمی كوردستان لەو بابەتە د.دیاری ئهحمهد گوتی: "هەرێمەکەمان سوودمەندە لە رێژەیەی بەرزی خوێندەواری، کە یارمەتیدەر بووە لە بەرەنگاربوونەوەی زانیاری هەڵە. هاوڵاتیانی خوێندەوار باشتر هەواڵی ڕاست لە سهرچاوهی ههواڵی فێك جیا دهکەنەوە و بەرەنگاری کاریگەری گێڕانەوەی درۆ دهبنەوە."
لهبارهی كاری حكومهت له رێكخستنهوهی دهزگا ههواڵییهكانی نێو پلاتفۆرمهكانی سۆشیال میدیا، د. دیاری ئهحمهد دهڵێت: "رێکخستنی حکومەت لە فەزای دیجیتاڵیدا زۆر گرنگە بۆ پاراستنی ئازادی ڕادەربڕین، پێویستە رێوشوێنیش بگرینەبەر بۆ رێگریکردن لە بڵاوکردنەوەی بە ئەنقەستی زانیاری هەڵە کە سەلامەتی و ئاسایشی گشتی دەخاتە مەترسییەوە یان نەزمی کۆمەڵایەتی تێکدەدات."
راپۆڕتی کۆنفرانسی گشتی ICAPP لەلایەن سەرۆکی فەخری دوازدەهەمین کۆنگرەی گشتی کە سەرۆک وەزیرانی کەمبۆدیایە خوێنرایەوە. بۆ سێزدەهەمین کۆنگرەی گشتیش کە وا بڕیارە لە ساڵی 2026 لە کۆریای باشوور بکرێت، ئاڵای کۆنگرە رادەستی دوو ئەندامی پەرلەمان لە پارتی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن کە نوێنەرایەتی کۆماری کۆریای باشوور دەکەن، کرا.