26 منداڵ لە کامپێکی رۆژئاوای کوردستانەوە گەڕێندرانەوە رووسیا
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی رووسیا، 26 منداڵی کەسوکاری چەکدارانی داعش لە کامپی رۆژ لە رۆژئاوای کوردستان وەردەگرێتەوە، کە تەمەنیان لەنێوان پێنج بۆ 12 ساڵە.
رۆژی شەممە 23ـی تشرینی دووەمی 2024، ماریا لڤۆڤا بیلۆڤا، کۆمیسیاری کاروباری مافەکانی منداڵان لە رووسیا، رایگەیاند وڵاتەکەی لە نوێترین هەنگاویدا، 26 منداڵی کەسوکاری چەکدارانی پێشووی داعشی لە کامپی رۆژ لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا وەرگرتووەتەوە؛ منداڵەکان گەڕێندراونەتەوە رووسیا.
ئەو بەرپرسە رووسە ئاماژەی بەوەش کردووە. منداڵەکان 14ـیان کوڕن و 12ـیان کچن. 10 لە منداڵەکان خەڵکی ناوچەی داغستانن لە رووسیا.
کۆمیسیاری کاروباری مافەکانی منداڵان لە رووسیا راشیگەیاندووە، سەرجەم منداڵەکان پشکنینی دی ئێن ئەی-یان بۆ کراوە تاوەکو بیسەلمێنێت، باوانیان رووسین، پاشان رەزامەندی وەرگیراوە تاوەکو بگەڕێندرێنەوە رووسیا. بە گەیشتنەوەشیان پشکنینی زیاتریان بۆ دەکرێت و دواتر رادەستی کەسوکاریان دەکرێنەوە.
ماریا لڤۆڤا بیلۆڤا دەڵێت "منداڵەکان رادەستی یەکێک لە خزمە نزیکەکانیان دەکرێن، لەنێویان دا باپیر یان داپیرەیان، پوور یان مام و خاڵیان." ئەو بەرپرسە رووسە ئاماژەشی بەوە کردووە، ئەوان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رێککەوتوون بۆ وەرگرتنەوەی ئەو منداڵە رووسییانە.
پێش وەرگرتنەوەیان، شاندێکی رووسی بەسەرۆکایەتیی بیلۆڤا سەردانی رۆژئاوای کوردستانی کردبوو، دواتر سەردانی کامپی رۆژی کردبوو.
رووسیا لەساڵی 2018ـوە دەستی بە وەرگرتنەوەی ئەو هاووڵاتییە رووسانە کردووە، کە لە کامپەکانی هۆل و رۆژن لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، بەگوێرەی قسەی ئەو بەرپرسە رووسییە، تاوەکو ئێستا مۆسکۆ، 383 منداڵی لەو کامپانە وەرگرتووەتەوە، هێشتاش زیاتر لە 1200 منداڵی رووسی لەو دوو کامپە دا ماون.
بەگوێرەی ئاماری فەرمیی حکومەتی رووسیاش، لەساڵی 2017ـوە، 440 منداڵی رووسی لە عێراق و سووریا گەڕێندراونەتەوە بۆ مۆسکۆ.