لە دژی هێرشی کەسێک لە دەبلن، خۆپێشاندان کرا و گرژی دروستبوو

24-11-2023
لهۆن نەسرەدین
ڤیدیۆی خۆپێشاندان و سووتاندنی ئۆتۆمبێل لەسەر شەقامەکانی دەبلنی پایتەختی ئێرلەندا
ڤیدیۆی خۆپێشاندان و سووتاندنی ئۆتۆمبێل لەسەر شەقامەکانی دەبلنی پایتەختی ئێرلەندا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

دوای ئەوەی رۆژی پێنجشەممە پیاوێک بە چەقۆ هێرشی کردە سەر ژمارەیەک کەس و سیانیانی بریندارکرد، شەوی رابردوو دەبلنی پایتەختی ئێرلەندا شەوێکی پڕ گرژی بەڕێکرد و خۆپێشاندەران و پۆلیس رووبەڕووی یەکدی بوونەوە. 
 
کاژێر 1:30 خولەکی نێوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە، 23-11-2023 ( 16:30 بە کاتی هەولێر) لە شاری دەبلن، پایتەختی ئێرلەندا پیاوێكی تەمەن 50 ساڵ بە چەقۆ هێرشی کردە سەر چەند کەسێك و بەهۆیەوە ژنێک و دوو منداڵ بریندار بوون. پۆلیس گەیشتە شوێنەکە و هێرشبەرەکەی بە "برینداری" دەستگیر کرد.
 
پۆلیس دواتر رایگەیاند، "لە هێرشەکەدا تەنیا ئەو پیاوە تاوانبارە و گومانمان لە کەسی دیکە نییە."
 
هێرشەکە لە دەرەوەی قوتابخانەیەک لە  ناوچەی "پارنێڵ سکوێر" لە باکووری سەنتەری بازاڕی دەبلن بوو. بە گوتەی پۆلیسی شارەکە، برینی ژنەکە مامناوەندە و لەگەڵ کچێکی شەش ساڵان لە نەخۆشخانە خەوێندراوە، بەڵام منداڵێکی دیکە کە تەمەنی 5 ساڵان بوو، برینەکەی سووک بووە و رەوانەی ماڵەوە کراوەتەوە.

 

پۆلیسی ئێرلەندا داوای لە خەڵک کردووە زانیارییان پێ بدات لەسەر هێرشەکە وەک وێنەیەک یان گرتەیەکی ڤیدیۆیی بە مۆبایل کە "هاوکارییان بکات لە تێگەیشتن لە رووداوەکە." راشیگەیاند، "تاوەکو ئێستا زانیاری تەواومان لەسەر رووداوەکە نییە، بەڵام گومانی تیرۆریستی یان تێکەڵبوونی کەسانی دیکە وەک گرووپ لە هێرشەکە ناکەن."
 
دوا بە دوای هێرشەکە، خەڵکی ناوچەکە چوونە سەر شەقامەکان و خۆپێشاندانیان دژ بە پۆلیس کرد. خۆپێشاندەران پۆلیسیان بە کەمتەرخەم لە ئاست پاراستنی ئاسایشی ناوچەکانیان تۆمەتبار کرد. دواتر خۆپێشاندانەکان ئاڵۆزییان تێکەوت و چەند پاسێک سووتێندران و چەند فرۆشگەیەکیش تاڵانکران.
 
بەهۆی خۆپێشاندانەکانەوە لە بەشێکی شارەکە هێڵەکانی هاتووچۆی گشتی لەکارکەوتن. هێزی دژە تیرۆر و ئاڵۆزی لە ناوچەکە بڵاوکرانەوە، لە هەندێ شوێن پێکدادان لەگەڵ خۆپێشاندەران دروستبوو و ژمارەیەکیشیان لێ دەستگیرکران؛ هێزەکانی پۆلیس لە دەوروبەری باڵەخانەی پەرلەمان و دامەزراوە حکومییەکانی دیکە بڵاوکرانەوە.
 
پاتریک ماکمینامن، سەرۆکی پۆلیسی دەبلن رایگەیاند، "زیاتر لە 400 پۆلیس خراونەتە ئامادەیی تەواوەوە و بەشێكیشیان لە لایەن خۆپێشاندەرانەوە هێرشیان کراوەتە سەر و بە سووکی بریندارکراون. دوای نیوەشەویش پۆلیس رایگەیاند، "نێوەڕاستی شاری دەبلن ئارام بووەتەوە و هیچ هێما یان ئاماژەیەک بۆ ئاڵۆزی یان سەرهەڵدانەوەی تووندوتیژی بە دی ناکرێت."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پلاسخارت و جێگرەوەکەی.

جێگرەوەی پلاسخارت دیاریکرا

رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، محەممەد ئەلحەسان، نوێنەری عومان لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بە نوێنەری نوێی یونامی لە عێراق دەستنیشان کرا و شوێنی جێنین هێنیس پلاسخارت، دەگرێتەوە.