رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، کار بۆ دەرکردنی ئێران لە نەتەوەیەکگرتووەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی دیکەی پەیوەست بە مافی ژنانەوە دەکەن. داواش لە ئێران دەکات "دەستبەجێ سەرکوتکارییەکانی" بەرامبەر بە خۆپێشاندەران رابگرێت.
رۆژی پێنجشەممە، 24ـی تشرینی دووەمی 2022، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "حکومەتی ئێران بە سەرکوتکردن وەڵامی خۆپێشاندەران دەداتەوە و سزای لەسێدارەدان بەسەر خۆپێشاندەرە ئاشتیخوازەکاندا جێبەجێ دەکات".
بلینکن لە راگەیێندراوەکەیدا ئاماژەی بە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای مافەکانی مرۆڤی سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان کرد کە ئەمڕۆ لەبارەی دۆخی مافەکانی مرۆڤی پەیوەست بە ئێران لە جنێڤ بەڕێوەچوو و گوتی "خراپبوونی دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران" تاوتوێکراو و تێیدا سەرنج خراوەتەسەر مامەڵەی بەرپرسانی ئێران بەرامبەر خۆپێشاندەران و "سەرکوتکردن و تووندوتیژیی بەرامبەر کچان و ژنان".
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، ئێران سزای لەسێدارەدان بەسەر خۆپێشاندەرە ئاشتیخوازەکاندا جێبەجێ دەکات و داوا لە ئێران دەکات دەستبەجێ کۆتایی بەم "سەرکوتکارییە بهێنێت و تووندوتیژی لە دژی کچان و ژنان رابگرێت".
بلینکن دەشڵێت، ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەویەکگرتووەکان سەرنجی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەخاتەسەر قەیرانی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، لێکۆڵینەوەیان لەبارەوە دەکات و میکانیزمێکی لێپرسینەوە دادەمەزرێنێت بۆ ئەوەی ئەوانەی لە سەرکوتکردنی خۆپێشاندەراندا دەستیان هەبووە دەستنیشان بکات و کارەکانیان بە دۆکیۆمێنت بکات.
بلینکن باس لەوەش دەکات، "گرنگە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە هاوبەشی کاربکات بۆ ئەوەی دڵنیایی بدات لەوەی کە ئێران هیچ رۆڵێکی لە نەتەوەیەکگرتووەکان و رێکخراوە هاوشێوە نێودەوڵەتییەکانی دیکەدا نەبێت کە پەیوەستن بە پاراستنی مافەکانی مرۆڤی تایبەت بە ژنان".
کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤ رۆژی پێنجشەممە لەسەر داوای ئەڵمانیا بەڕێوەچوو، کە لەلایەن زیاتر لە 50 وڵاتەوە پاڵپشتی کرا و لە کۆبوونەوەکە داوای لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ و نێودەوڵەتی لە "پێشێلکارییەکان"ی تاران کرا.
دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، کچە کوردی شاری سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان لە 16ی ئەیلوولی ئەمساڵ لە تاران کە باوکی دەڵێت کوژراوە، خۆپێشاندان لە رۆژهەڵاتی کوردستان، نێوخۆ و دەرەوەی ئێرانیش دەستیپێکرد.
بەگوێرەی رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێرانی، لە دەستپێکی خۆپێشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، لانیکەم 426 کەس گیانیان لەدەستداوە کە لەنێویاندا 51 منداڵ و 22 ئافرەت هەبوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ