نوێنەری پووتین لە سووریا: هەوڵدەدەین کورد لە شام نزیک بکەینەوە


رووداو دیجیتاڵ

نوێنەری سەرۆکی رووسیا لە سووریا و سەرۆکی شاندی دانوستاندنکاری ئەو وڵاتە لە ئاستانە دەڵێت، هەوڵدەدەن بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە دیمەشق نزیک بکەنەوە. دەشڵێت، هیوادارن تورکیا خۆی لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی زەمینی بۆسەر رۆژئاوای کوردستان بەدوور بگرێت.
 
لە کۆبوونەوەی ئاستانەدا باس لە یەکپارچەیی خاکی سووریا، درێژبوونەوەی شەڕی دژی تیرۆر و سەرکۆنەکردنی هەوڵی جوداخوازی کرا. ئەو خاڵانە لەنێوان وڵاتانی گەرەنتیکار (رووسیا، سووریا و ئێران) دوای دوو رۆژ گفتوگۆ لە 19ـەمین دانوستاندنی ئاستانە باسی لێوە کرا.
 
سەرۆکی شاندی رووسیا باسی لە هێرشی ئێران بۆسەر باشووری کوردستان و هێرشی تورکیا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان کرد و، هەروەها باسی لە پێویستیی چارەسەرکردنی کێشەی کوردیش کرد.
 
ئەلێکساندەر لاڤرێنتیڤ، نوێنەری تایبەتی سەرۆکی رووسیا لە سووریا و سەرۆکی شاندی ئەو وڵاتە لە ئاستانە گوتی، "لەگەڵ هاوکارانی ئێران و تورکیا باسمان لە بەکارهێنانی هێزی سەربازی کردووە. هیوادارین کە لایەنی تورکی داخوازییەکانمان لەبەر چاوبگرێت و خۆی لە ئۆپەراسیۆنی زەمینی بەدوور بگرێت، چونکە ئەوە دەبێتە هۆی زیادبوونی قوربانیی سڤیل. لەبارەی چارەسەرکردنی پرسی کورد لە سووریا، ئێمە هانیان دەدەین کە کورد لە شام نزیک بکەینەوە. هیوادارین بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بڕیارێکی دروست بدەن لەسەر پێویستیی یەکبوونی خاکی سووریا."
 
عیمران سوسانی، نوێنەری حکومەتی سووریا هەرچەندە لە ئەنجامی دانوستانەکان رازی نییە، بەڵام لەشکرکێشیی سوپای تورکیای لەنێو خاکی وڵاتەکەی وەکو "داگیرکاری" ناوبرد و گوتی، "ئەو بابەتە پێویستی بە روونکردنەوە نییە. داگیرکاری هەر داگیرکارییە. دەستدرێژی هەر دەستدرێژییە و پێشێلکردنی سەرورەی هەر پێشێلکردنی سەروەرییە. لەو باوەڕەدام کە هیچ بیرکردنەوەیان لەبارەی ئەو کارانەوە نییە."
 
ئەو نوێنەرەی حکومەتی سووریا گوتیشی، "ئەمە مایەی شەرمەزاییە، چونکە پێشێلکردنێکی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکانە و دەستدرێژییە بۆسەر سەروەریی سووریا و یەکێتیی خاکەکەی. لەبەر ئەوە پێویست بە هەڵوێستی سووریا لەبارەی ئەو مژارەدا ناکات."
 
جیاواز لە بۆچوونی نوێنەرەکەی حکومەتی سووریا، نوێنەرانی ئۆپۆزیسیۆنی ئەو وڵاتە پشتگیرییان لە هێرشی ئاسمانیی تورکیا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان کرد.
 
ئەو نوێنەرەی رووسیا لە ئاستانە هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە بەشداریی چین و گەڕانەوەی ئەمریکا وەکو چاودێر بۆ ئاستانە زۆر سوودی دەبوو. هەروەها داواشی لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە کۆمیتەی دەستووریی سووریا لە ماوەیەکی نزیکدا کۆببێتەوە.