ئێران لە نامەیەکدا بۆ ئەنجوومەنی ئاسایش داوای چەککردنی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات
رووداو دیجیتاڵ
ئێران لە نامەیەکیدا بۆ ئەنجوومەنی ئاسایش لەبارەی بۆردوومانکردنی هەرێمی کوردستان دەڵێت، جگە لە بەرگریی لەخۆکردن، چارەی دیکەی نەبووە و داوا دەکات حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کە لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن، چەکبکرێن.
رۆژی پێنجشەممە، 24ـی تشرینی دووەمی 2022، نوێنەرایەتیی تاران لە نەتەوەیەکگرتووەکان لە نامەیەکیدا بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی نووسیویەتی: "بەمدواییانە ئێران چەند ئۆپەراسیۆنێکی لە دژی گرووپە تیرۆریستییەکان لە باکووری عێراق ئەنجامدا بەو پێیەی کە هیچ بژاردەیەکی دیکەی نەبوو جگە لەوەی کە مافە سروشتییەکەی بۆ بەرگریی لەخۆکردن بەکاربێنێت، ئەوەش لە چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی ئاسایشی نیشتیمانییەکەی".
میدیای فەرمیی ئێران نامەکەی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "گرووپە تیرۆریستییەکان بەمدواییە جمووجوڵەکانیان چڕکردووەتەوە و بەشێوەیەکی نایاسایی قەبارەیەکی گەورەی چەکیان بە مەبەستی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی تیرۆریستی گواستووەتەوە نێو ئێران".
ئەوەش لەکاتێکدایە کە لە دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، کچە کوردی شاری سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان لە 16ـی ئەیلوولی ئەمساڵ لە تاران کە باوکی دەڵێت کوژراوە، خۆپێشاندان لە رۆژهەڵاتی کوردستان، نێوخۆ و دەرەوەی ئێرانیش دەستیپێکرد.
بەرپرسانی ئێرانیش حیزبە کوردییەکان بە دەستوەردان و پاڵپشتیکردنی خۆپێشاندانەکان تۆمەتبار دەکەن.
لەوبارەیەوە، تاران لە نامەکەیدا دەڵێت، " ئەوان خاکی عێراق بۆ پلاندانان، پاڵپشتیکردن، رێکخستن و ئەنجامدانی جمووجوڵەکانیان لە دژی ئێران بەکاردەهێنن".
لەبەر ئەوەش، لە نامەکەیدا، تاران داوادەکات بۆ ئەوەی وەکو خۆی دەڵێت، "ئەنجامدەرانی کردەوە تیرۆریستییەکان لەلایەن دادگەی ئێرانەوە دادگایی بکرێن و ناوەندەکانی بڕیاردانی گرووپە تیرۆریستییەکان و کامپەکانی راهێنانیان دابخرێن و گرووپە چەکدارەکان لە باکووری عێراق چەکبکرێن".
لە نامەکەیدا، ئێران ئاماژە بە "گرنگیی" هەبوونی سوپای عێراق لەسەر سنوورەکانی لەگەڵ ئێران دەکات و دەڵێت، ئێران "رێز لە ئاسایش و سەقامگیریی عێراق دەگرێت و پابەندە بە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی عێراق".
رۆژی سێشەممە، 22-11-2022، محەممەد پاکپوور، فەرماندەی هێزی زەمینیی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، قۆناخێکی نوێی ئۆپەراسیۆنی سوپای وڵاتەکەی بۆسەر پێگە و بارەگاکانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە باشووری کوردستان دەستیپێکردووە.
ئەم هەڕەشە نوێیەی ئێران لە کاتێکدایە کە رۆژانی یەکشەممە و دووشەممە و سێشەممە بە درۆن و مووشەک هێرشکرایە سەر بارەگاکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆیە، حیزبی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ لە زڕگوێز، بارەگای پارتی ئازادی کوردستان لە پردێ و کامپی پەنابەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە جێژنیکان.
لە بۆردوومان و مووشەکبارانەکانی ئەمجارەی ئێراندا پێشمەرگەیەکی حدکا لە کۆیە بەناوی بێهزاد ئیسکات گیانی لەدەستدا.
کاوە بەهرامی، بەرپرسی دەزگای فەرماندەی هێزی پێشمەرگەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "43 ساڵە ئێران داوای چەککردنی ئێمە دەکات و هەڕەشە دەکات، ئێستا کە خەڵک رژاونەتە سەر شەقام دیسان ئەم داوایانە دەکەنەوە، بەڵام ئێمە هەرگیز ناچینە ژێرباری ئەو جۆرە داواکارییانە."
کاوە بەهرامی گوتی: "ئێران کەوتووەتە بەر تووڕەیی خەڵک و چاوی بینایی نادات پرسی کورد ببینێت و دوژمنایەتیی قووڵی لەگەڵ هەر چوار پارچەی کوردستان هەیە، سەرکەوتنی کورد بە لەمپەر لە بەردەم خۆیدا دەزانێت."
لەبارەی بۆردوومانەکانیشەوە، بەرپرسی دەزگای فەرماندەی هێزی پێشمەرگەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران گوتی، "هەرێمی کوردستان بەشێکە لە عێراق، ئێران سەرەوەرییەکەی پێشێلکردووە، پێمانوایە دەبێ عێراق هەڵوێستی هەبێت. ئێمە لەبەر هەرێمی کوردستان دەستمان پاراستووە، بەڵام بگاتە رادەی خۆی، ئێمەش هەڵوێستمان دەبێ."