هیومان رایتس وۆچ: سووریا و رووسیا بۆمبی هێشووییان بەکارهێناوە

24-11-2022
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

رێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، لە هێرشەکانی سووریا و رووسیا لە 6ی تشرینی دووەمی 2022، بۆمبی هێشوویی قەدەخەکراو دژی چوار کەمپی ئاوارەکان بەکارهێنراون.
 
بەگوێرەی رێکخراوەکە، لەو هێرشانەدا هەشت هاووڵاتیی سڤیل کوژران و دەیان کەسی دیکەش برینداربوون، لەنێویاندا ژنێکی دووگیانی تەمەن 28 ساڵ، کە لەگەڵ کۆرپەکەی لە 15ی ئەم مانگەدا بەهۆی برینەکانیەوە گیانیان لەدەستدا. قوربانییەکانی دیکە بریتین لە کچێکی تەمەن 14 ساڵ، دوو کچی خوار تەمەنی شەش ساڵی و کوڕێکی تەمەن چوار مانگ. 
 
هیومان رایتس وۆچ ئاماژە بەوە دەکات، لەو هێرشانەدا، لانیکەم 75 هاووڵاتیی دیکەی سووری برینداربوون کە لە شوێنێکی دیکەی سووریاوە پەنایان بردبووە بەر 4 کەمپی ئیدلب لە باکووری رۆژئاوای سووریا. 
 
دوو شایەتحاڵ بە رێکخراوەکەیان گوتووە، لە کاتی هێرشەکاندا هیچ چالاکییەکی سەربازی لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە لە ناو کەمپەکان یان دەوروبەری کەمپەکاندا نەبووە.
 
ئادەم کوگل، جێگری بەڕێوەبەری لقی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ گوتی: "هاوپەیمانیی سەربازیی سووریا و رووسیا بەردەوامە لە بەکارهێنانی چەکی قەدەخەکراو لە دژی دانیشتووانی سڤیلی گیرخواردوو لە سووریا و لێکەوتەی وێرانکەری لێدەکەوێتەوە. ئەمڕۆ نەک تەنیا تەقەمەنیی هێشوویی زیان بە سوورییەکان دەگەیێنێت، بەڵکو تەقەمەنیی لاوەکیی نەتەقیویش دەتوانێت درێژە بە کوشتنیان بدات."
 
تەقەمەنیی هێشوویی دەتوانرێت لە زەوییەوە بە تۆپهاوێژ لە شێوەی مووشەک و تۆپ بهاوێژرێت یان لە فڕۆکەوە بخرێتە خوارەوە. بە شێوەیەکی گشتی لە هەوادا بڵاودەبنەوە، چەندین تەقەمەنی لاوەکی یان بۆمبی بچووک بەسەر ناوچەیەکدا بڵاودەکەنەوە کە رووبەرەکەی هێندەی گەڕەکێک دەبێت. زۆربەیان سەرەتا ناتەقنەوە، ئەمەش وادەکات ببنە تەقەمەنیی نەتەقیوی مەترسیدار کە دەتوانن وەک مینە چێندراوەکان بۆ ساڵانێک یان تەنانەت دەیان ساڵ خەڵک بکوژن، مەگەر پاک بکرێنەوە و لەناوببرێن.
 
رێککەوتننامەی 2008ی تایبەت بە تەقەمەنیی هێشوویی، کە 110 وڵات پەسندیان کردووە و 13 وڵاتی دیکەش واژۆیان کردووە، بە هەموو جۆرێک ئەم چەکانە قەدەخە دەکات و داوای پاککردنەوەی ناوچەکان لەو چەکە و قەرەبووکردنەوەی بەرکەوتووانی دەکات. نە سووریا و نە رووسیا لە رێککەوتنەکەدا بەشدار نین. 
 
هیومان رایتس وۆچ چاوپێکەوتنی لەگەڵ هەشت شایەتحاڵ لە کەمپەکاندا کردووە، کە رایانگەیاندووە، هێرشەکان لە نێوان کاژێر6  بۆ 7ی بەیانیدا روویانداوە، کاتێک هەندێک کەس هێشتا خەوتبوون، هەندێکی دیکە لە مزگەوت بوون بۆ نوێژی بەیانی، منداڵانیش خۆیان بۆ قوتابخانە ئامادە دەکرد.
 
کەمپەکان کە دەکەونە دەرەوەی شارۆچکەکانی کفر جەلیس، مورین و کفر رۆحین، زیاتر لە هەزار خێزانی ئاوارەیان لەخۆگرتووە. هەموویان 9 کیلۆمەتر لە شاری ئیدلبەوە دوورن. پارێزگای ئیدلب، تاڕادەیەکی زۆر لەژێر کۆنترۆڵی گرووپە چەکدارەکانی دژە حکومەتدایە کە پەیوەندییان بە تورکیاوە هەیە، هەروەها لانیکەم 3 ملیۆن هاووڵاتیی سڤیل لەو شارەدا نیشتەجێن، کە نیوەیان لە شوێنەکانی دیکەی سووریاوە ئاوارەبوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە