سی ئای ئەی پاسەوانی تایبەتی بۆ برازایەکی سەرۆکی کۆریای باکوور دابینکردووە

24-11-2020
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن کۆریای باشوور کۆریای باکوور
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
گۆڤاری 'نیویۆرکەر'ی ئەمریکی ئاشکرایکردووە، ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا (سی ئای ئەی)، پاسەوانی تایبەتی بۆ "کیم هان سول" برازای کیم جۆنگ ئونی سەرۆکی کۆریای باکوور دابینکردووە، پاش ئەوەی باوکی هان سول، لە ساڵی 2017دا لە مالیزیا تیرۆرکراوە.
 
گۆڤارەکە ئاشکرایکردووە، پاش دوو هەفتە لە کوژرانی باوکی، هان سول پەیوەندی بە گرووپی Free Joseon ەوە کردووە، کە گرووپێکە لەو کەسانە پێکهاتووە کە پێشتر لە کۆریای باکوور هەڵهاتوون. ئەوەشی خستووەتە روو، دواتر هان سول چووەتە تایوان و لەگەڵ ئەندامانی ئەو گرووپەدا کۆبووەتەوە.
 
برازاکەی سەرۆکی کۆریای باکوور، پاش کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرهەڵستکارەکانی حکومەتەکەی مامیدا، رووی لە هۆڵەندا کردووە و داوای مافی پەنابەری کردووە، لەوێ وەک گۆڤارە ئەمریکییەکە ئاشکرایکردووە، لە پاش کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەندامانی 'سی ئای ئەی' بێهەواڵ بووە و ئێستا ئەندامانی ئاسایشی ئەو ئاژانسە، بەنهێنی گەنجە کۆرییەکە دەپارێزن لە ترسی تیرۆرکردنی لەلایەن مامییەوە.
 
'نیویۆرکەر' ئەوەشی راگەیاندووە کە لەکاتی پەیوەندیکردنی هان سولدا بە ئەندامانی 'سی ئای ئەی'، ئەو تەمەنی 22 ساڵ بووە.
 
هان سول، بە بەربژێر بۆ جێگرتنەوەی کیم جۆنگ ئونی سەرۆکی ئێستای کۆریای باکوور دادەنرێت، ئەگەر مامی بەهەر هۆکارێک، پۆستەکەی بەجێبهێڵێت.
 
هان سول، دەرچووی پەیمانگای زانستە سیاسییەکانی پاریسە لە فەرەنسا، پێشتر لەگەڵ دایبابیدا لە تاراوگە ژیاوە لە ماکاو، بەرلەوەی لەگەڵ خوشکەکەی و دایکیدا شوێنبزرببن، پاش کوژرانی باوکی بەهۆی ژەهرخواردکردنییەوە بە غازی مێشکپژێن.
 
سەرچاوە هەواڵگرییەکانی کۆریای باشوور و سەرچاوە ئەمریکییەکان دووپاتیدەکەنەوە، کیم جونگ نام، بە فەرمانی کیم جونگ ئونی سەرۆکی کۆریای باکوور کوژراوە.
 
گۆڤارە ئەمریکییەکە ئاشکرایکردووە، برازا شوێنبزرکراو و پارێزراوەکەی سەرۆکی کۆریای باکوور، خاوەنی هەندێک بۆچوونی سیاسیی تایبەتە لەسەر دۆخی وڵاتەکەی، لەوانەش داوای یەکخستنەوەی هەردوو کۆریای باکوور و باشوور دەکات. لە چاوپێکەوتنێکی ساڵی 2012دا گوتوویەتی خەونی ئەوەیە هەردوو بەرەکەی کۆریا یەکبگرنەوە، ئەوەشی روونکردووەتەوە کە هەندێک هاوڕێی لە کۆریای باشوور هەیە کە لەکاتی خوێندندا ناسیوونی.
 
لەو چاوپێکەوتنەدا کە تەلەڤزیۆنی فینلەندا بڵاویکردووەتەوە، برازاکەی سەرۆکی کۆریای باکوور گوتوویەتی توانای جیاکردنەوەی قسەی باش و خراپی کەسانی دیکەم هەیە، دەتوانم لەسەر بنەمای قسە باشەکان، بڕیارەکانی خۆم دروست بکەم.
 
باوکی کیم هان سول، لە ساڵی 2001دا بووە هۆکاری تووڕەکردنی کیم جۆنگ ئیلی باوکی، کە سەرۆکی کۆریای باکوور بوو، پاش ئەوەی پۆلیسی وڵات ئەویان بە پاسپۆرتێکی ساختەوە لە نزیک سنوورەکانی وڵاتەکە لەگەڵ ژاپۆندا دەستگیرکرد. لە کاتێکدا هەوڵی راکردن لە حوکمی باوکی دەدا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لە کەنار دەریایەکی فەرەنسا دوو وشتر بۆ پاککردنەوەی کەناراوەکە بەکاردێن

وشتر بۆ خاوێنکردنەوەی کەناراوەکانی فەرەنسا بەکاردێت

تیمێکی فەرەنسییە لە کەناری دەریای نێوەڕاست، نزیک لە شاری مارسیلیای باشووری وڵاتەکە؛ بە بەکارهێنانی وشتر، کەناراوەکە لە پلاستیک و پاشماوەکانی دیکە خاوێن دەکەنەوە