گرژییەکانی ئیسرائیل و فەلەستین قووڵتر دەبنەوە؛ داوای دەستلەکارکێشانەوەی گوتێرێز دەکرێت

24-10-2023
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
 
 
رووداو دیجیتاڵ 

سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رەخنەی تووندی لە بزووتنەوەی حەماس و حکومەتی ئیسرائیل گرت و بەشێکی قسەکانیشی بووە هۆی توڕەبوونی بەرپرسانی ئیسرائیل. نوێنەری ئیسرائیل لە ئەنجوومەنی ئاسایش بە تۆمەتی "رەواییدان بە کاری دڕندانە" داوا لە سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات دەست لەکار بکێشێتەوە. 
 
رۆژی سێشەممە، 24ی تشرینی یەکەمی 2023، ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان جارێکی دیکە لەسەر جەنگی ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە کۆبووەوە. ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە گوتارێکدا رەخنەی لە بزووتنەوەی حەماس گرت و بە هۆکاری شەڕی ئێستای ناوبرد. گوتێرێز رەخنەی لە حکومەتی ئیسرائیلیش گرت و بەوە تۆمەتباری کرد کە لە ماوەی چەندین دەیەی رابردوودا هەوڵی نەداوە کێشەی نێوان خۆی و فەلەستین چارەسەر بکات. 
 
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هۆشداریی دایە ئێران و گرووپە نزیکەکانی لە ئەگەری هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی واشنتن لە ناوچەکەدا. 
 
گوتێرێز ئیسرائیلییەکان توڕە دەکات
 
ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دەستپێکی کۆبوونەوەکە لە گوتارێکدا رەخنەی لە بزووتنەوەی حەماس گرت لە بەرامبەر هێرشەکەی 7ی تشرینی یەکەم بۆ سەر باشووری ئیسرائیل کە وایکرد ئیسرائیلیش کاردانەوەی هەبێت و هێرش بکاتە سەر کەرتی غەززە.
 
گوتێرێز گوتی، "بێ دوو دڵی، سەرکۆنەی ئەو کردەوە تیرۆیستییە ترسناک و بێ وێنەیەی 7ی تشرینی یەکەم دەکەم حەماس ئەنجامی دا. هیچ پاساوێک بۆ کوشتن، بریندارکردن و رفاندنی بەئەنقەستی خەڵکی سڤیل نییە؛ یان بەئامانجکردنی خەڵکی سڤیل لە رێگەی رۆکێتەوە. دەبێت سەرجەم بارمتەکان بەشێوەیەکی مرۆییانە مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت و دەستبەجێ و بێ مەرجیش ئازاد بکرێن". 
 
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رەخنەی لە ئیسرائیلیش گرت و گوتی، "گرنگە دان بەوەشدا بنێین کە هێرشەکانی حەماس بێ هۆکار نەبوون. خەڵکی فەلەستین رووبەڕووی 56 ساڵ داگیرکارییەکی خنکێنەر بوونەتەوە. ئەوان بینیویانە چۆن خاکەکەیان بە کۆمەڵگەکان نیوە کراوە و بەهۆی تووندوتیژیشیەوە زیانی پێگەیێندراوە؛ ئابوورییەکەیان خنکێندراوە، پاشان خەڵکەکە دەربەدەر کراوە و ماڵەکانیان رووخێندراون. هیوایان بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی لەنێوبراوە. بەڵام نیگەرانییەکانی خەڵکی فەلەستین نابێت رەوایەتی بداتە ئەو هێرشە قێزەونانەی حەماس و ئەو هێرشانەش نابێت رەوایەتی بدەنە سزادانی بەکۆمەڵی فەلەستینییەکان". 
 
گوتێرێز گوتی، "زۆر نیگەرانم لەو پێشێلکارییە روونانەی لە یاسا نێودەوڵەتییەکان لە غەززە دەکرێن. با راشکاو بم؛ هیچ لایەنێک لە شەڕدا لەسەرووی یاسای نێودەوڵەتی مرۆییەوە نییە".  
 
ئەم گوتانەی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئێلی کۆهین، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیلی تووڕە کرد و پەنجەی بۆ گوتێرێز راکێشا و بە دەنگێکی بەرز باسی شێوازی کوشتنی هاووڵاتییانی ئیسرائیلی لە ‌هێرشەکانی 7ی ئەم مانگەی باشووری ئیسرائیل کرد.
 
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل گوتی، "بەڕێز سکرتێری گشتی، تۆ لە چی جیهانێکدا دەژیت؟"
 
ئەو بەرپرسە باڵایەی ئیسرائیل لە گوتارەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد، وڵاتەکەی لەساڵی 2005 لە غەززە کشاوەتەوە و رایگەیاند، "ئێمە دوا ملیمەتری خاکی غەززەمان بە فەلەستینییەکان دایەوە." 
 
هەر لە نەتەوە یەکگرتووەکان، گیلاد ئیردان، نوێنەری ئیسرائیل لەو رێکخراوە، داوای دەستلەکارکێشانەوەی گوتێرێزی کرد و رایگەیاند، "پێم وایە پێویستە سکرتێری گشتیی دەستلەکاربکێشێتەوە، ئەگەر داوای لێبووردن نەکات. داوای لێ دەکەین داوای لێبووردن بکات. ئەم باڵەخانەیە دروستکراوە بۆ رێگەگرتن لە کاری دڕندەیی. چۆن دەکرێت سکرتێری گشتی رەوایەتی بداتە ئەو کارە دڕندانەی بەرامبەر هاووڵاتیانی سڤیل دەکرێن؟"
 
"ناهەمەتییەکی بێ هاوتا" 
 
بەگوێرەی بەرپرسانی ئیسرائیل، لە ‌هێرشەکەی 7ی ئەم مانگەی چەکدارانی حەماس بۆ سەر باشووری ئیسرائیل، تا ئێستا لانیکەم هەزار و 400 کەس کوژراون.  
 
لە وەڵامی ئەو هێرشەدا، لەو رۆژەوە سوپای ئیسرائیل بۆردوومانی کەرتی غەززە دەکات و بەگوێرەی بەرپرسانی تەندروستی فەلەستینی، تائێستا زیاتر لە 5 هەزار و 700 فەلەستینی کوژراون. 
 
گوتێرێز، کە رۆژی 20ی تشرینی یەکەم سەردانی دەروازەی رەفحی لە سنووری نێوان میسر و کەرتی غەززە کرد، پێشوازی لە بڕیاری ناردنی هاوکاری مرۆیی سنوورداری بۆ دانیشتووانی غەززە کرد و داواشیکرد، هاوکارییەکان بەردەوام بن و گوتی، "بەڵام ئەوە دڵۆپە هاوکارییەکە لەنێو دەریایەک پێداویستییدا". 
 
سکرتێری گشتی هۆشداریدا لە ئەگەری نەگەیشتنی سووتەمەنی بۆ کارمەندانی رێکخراوەکەی لە غەززە و رایگەیاند، "ئەوان کارەکەیان دەوەستێت" و ئاماژەی بەوەشکرد، "بۆ راگرتنی ئەو نەهامەتییە گەورەیە، گەیاندنی هاوکارییەکان ئاسانتر و سەلامەتتر بکەن؛ هەروەها رێگە خۆش بکەن بۆ ئازادکردنی بارمتەکان". 
 
هەر لە کۆبوونەوەکەدا ریاز مالیکی، وەزیری دەرەوەی دەسەڵاتی فەلەستین، ئەنجوومەنی ئاسایش و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رەخنەباران کرد و رایگەیاند، بەرپرسیارێتی ئەنجوومەنی ئاسایشە شەڕ و کوشتار لە کەرتی غەززە رابگرێت.
 
ریاز مالیکی رایگەیاند، "ئەو کوشتارەی ئێستا هەیە، بەشێوەیەکی بە مەبەست و سیستماتیکی لەلایەن ئیسرائیلەوە ئەنجام دەدرێت. دەبێت داگیرکاری دژی فەلەستینییەکان رابگیرێت. ئەنجوومەنی ئاسایش بەرپرسە لەوەی رایبگرێت. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەپێی یاسای نێودەوڵەتی بەرپرسە لە راگرتنی. ئەوە بەرپرسیارێتی گشتی مرۆڤایەتییە رایبگرێت. زۆربەی ئەوانەی لەلایەن ئیسرائیلەوە کوژراون، سڤیلن". 
 
ئەمریکا: وەڵامی هێرشەکانی ئێران دەدەینەوە
 
کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، زۆربەی دیپلۆماتە باڵاکانی وڵاتانی زلهێزی کۆکردەوە، ئەوەش بەمەبەستی تاوتوێکردنی دۆخەکە و هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ ئەو جەنگەی مەترسی هەیە تەواوی ناوچەکە بگرێتەوە.  
 
یەکێک لەوانەی بەشداری کۆبوونەکەوە بوو، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بوو. بلینکن هەفتەی رابردوو ئاگربەستی رەتکردەوە و رایگەیاند، ئاگربەست تەنیا دەرفەت بە چەکدارانی حەماس دەدات خۆیان رێکبخەنەوە. 
 
لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا بلینکن رایگەیاند، وڵاتەکەی پرۆژەیاسایەک پێشکێشی ئەنجوومەنی ئاسایش دەکات. 
 
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هۆشداریشی دایە ئێران و گرووپە نزیکەکانی لە ناوچەکەدا و رایگەیاند، حکومەتی وڵاتەکەی وەڵامێکی "یەکلاییکەرەوە و خێرای" دەبێت بۆ هەر هێرشێک کە هێزە نزیکەکانی ئێران دەیکەنە سەر هاووڵاتیان و سەربازانی ئەمریکی لە ناوچەکەدا.
 
بلینکن گوتی، "ئەمریکا بەدوای ناکۆکی لەگەڵ ئێراندا ناگەڕێت. نامانەوێت ئەم جەنگە فراوانتر بێت، بەڵام ئەگەر ئێران یانیش هێزە نزیکەکانی هێرش بکەنە سەر هاووڵاتیانی ئەمریکا لە هەر شوێنێک، بەهەڵەدا مەچن، ئەو کاتە بەرگری لە خەڵک و ئاسایشمان دەکەین، بەشێوەیەکی خێرا و یەکلاییکەرەوە". 
 
بلینکن گوتی، "هیچ نهێنی نییە بۆ ئەم ئەنجوومەنە کە ئێران چەندین ساڵە پاڵپشتی حەماس، حیزبوڵڵا، حوسییەکان و گرووپەکانی دیکە دەکات کە هێرش دەکەنە سەر ئیسرائیل. سەرکردەکانی ئێران بەردەوام هەڕەشەی ئەوەیان کردووە کە ئیسرائیل لەسەر نەخشە نەهێڵن. لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا، هێزە نزیکەکانی ئێران چەندجارێک هێرشیان کردووەتە سەر پێرسۆنێلەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا کە ئەرکیان رێگریگرتنە لەوەی دووبارە داعش بەهێز بێتەوە".
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی دوو هاونیشتمانییەکە کە ئاژانسی تاوانی نیشتمانیی بەریتانی بڵاویکردووەتەوە

دوو هاونیشتمانی بە بردنی کۆچبەران بۆ بەریتانیا بە تاوانبار ناسێندران

دوو کوردی دانیشتووی بەریتانیا لە دادگەیەکی ئەو وڵاتە دانیان بەوەدا نا کە خەڵکیان بە قاچاخ بردووەتە ئەو وڵاتە. ئاژانسی تاوانی نیشتیمانیی بەریتانیا دەڵێت، قاچاخچییەکان چەندین ئۆفەری جیاوازیان پێشکێش بە کۆچبەران کردووە و زۆربەی کۆچبەرەکانیش گەیشتوونەتە بەریتانیا