رووداو دیجیتاڵ
کەشتیی ئاسمانیی ئۆسیریس رێکس کە بۆ هێنانەوەی نموونەیەک لە نەیزەکی بێنوو رەوانەی بۆشایی ئاسمان کرابوو، ئێوارەی ئەمڕۆ نیشتەوە.
میشێل تۆمپسن، پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە زانکۆی پوردو لە ویلایەتی ئیندیانای ئەمریکا دەڵێت، "بێنوو لەبەر کۆمەڵە هۆکارێک دەستنیشانکرا، بەڵام من سێ لە هۆکارە لەپێشینەکانی خۆمتان پێدەڵێم. یەکەمیان ئەوەیە کە لە تەنیشتمانە. لە هەسارەی زەوییەوە نزیکە، بۆیە ئێمە دەتوانین بە ئاسانی بگەینە ئەوێ و نموونەکان بهێنینەوە لە کاتێکی دیاریکراودا. دووەمیان ئەوەیە کە نەیزەکێکی دەوڵەمەندە بە کاربۆن، ئەوەش واتا دەوڵەمەندە بە گەردی ئەندامی و ئەو گەردە ئەندامییانە لە سەرەتای دروستبوونی هەسارەی زەوییەوە هەن و ئەوەش دەکرێت زانیاریمان پێبدات کە ئایا ژیان چۆن بووە لەسەر هەسارەکەمان لەو کاتەوەی کە دروستبووە. هۆکاری سێیەمیش ئەوەیە کە لەماوەی نزیکەی 100 ساڵی دیکە پاشماوەی ئەو نەیزەکە زۆر بە نزیکی بە تەنیشت زەویدا تێدەپەڕێت و نزیکتر دەبێت لە مەودای سووڕانەوەی مانگ بە دەوری زەویدا".
8ـی ئەیلوولی 2016، لە وێستگەی هێزی بۆشایی ئاسمانی کەیپ کاناڤێراڵ، ئاژانسی ناسا کەشتییەکی ئاسمانیی رەوانەی بۆشایی کرد. لە کانوونی یەکەمی ساڵی 2018 کەشتییەکە گەیشتە خولگەی نەیزەکەکە. لە 20ـی تشرینی یەکەمی 2020یش لەسەر نەیزەکەکە نیشتەوە بۆ کۆکردنەوەی نموونەیەک. دوای ئەوە کەشتییەکە لەوێ مایەوە بۆ چاودێریکردنی نەیزەکەکە. لە نیسانی 2021یش کەشتییەکە دەستی بە گەڕانەوە کرد. تەمەنی پاشماوەی نەیزەکەکە بە نزیکەی 4.5 ملیار ساڵ دەخەمڵێنرێت.
بڕیارە تەنیا 30٪ـی نموونەی نەیزەکەکە بخرێتەژێر تاقیکردنەوەوە، ئەوەش لە تاقیگەکانی ئەمریکا، کەنەدا و ژاپۆن. 70٪ یشی بۆ نەوەکانی داهاتوو هەڵدەگیرێت بۆ ئەوەی بە تەکنەلۆژیای پێشکەوتووتر لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت.
دوای گەشتێکی 3.9 ملیار میلی، کەشتییەکی ناسا بە هێنانەوەی نموونەی نەیزەکێک لە بۆشایی ئاسمان، ئەم ئێوارەیە لەسەر زەوی نیشتەوە
— Rudaw (@Rudawkurdish) September 24, 2023
پڕۆژەی هێنانەوەی پارچەیەک لەو نەیزەکە نزیکەی یەک ملیار دۆلاری بۆ تەرخانکرابوو pic.twitter.com/K5GN0SYbeP
جەیسن دوۆرکن، زانای پرۆژەی ئۆسیریس رێکس باس لەوە دەکات، "لە هەندێک رووەوە، چاوترووکانێکە لەو کاتەوەی کەشتییەکە نێردراوە. لە رووی دیکەوە، ماوەیەکی زۆرە چاوەڕێی ئەو نموونە بە نرخە دەکەین بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە. ئەوە دەبێتە رووداوێکی زۆر خۆش و شۆکهێنەر."
ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، 24-09-2023، کاژێر 5:55ـی ئێوارە بە کاتی هەولێر، ناسا کەپسوولی نموونەکەی لە بەرگەهەوای زەوییەوە بەردایەوە. پڕۆژەی هێنانەوەی پارچەیەک لەو نەیزەکە نزیکەی یەک ملیار دۆلاری بۆ تەرخانکرابوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ