پۆڵەندا، هەنگاریا و سلۆڤاکیا سەرۆکی ئۆکراینا بە سپڵەیی تۆمەتبار دەکەن

رووداو دیجیتاڵ

دانەوێڵە، درز دەخاتە نێوان ئۆکراینا و چەند وڵاتێکی دیکەی ئەوروپییەوە، لەسەر قەدەخەکردنی دانەوێڵەی ئەو وڵاتە، سەرۆکی ئۆکراینا لە رێکخراوی بازرگانی سکاڵا لەسەر وڵاتانی پۆڵەندا، هەنگاریا و سلۆڤاکیا تۆماردەکات، ئەوانیش بە "سپڵە" ناویدەبەن. 
 
ویسلۆ گرەن، خاوەن کێڵگەی گەنمەشامی و دانەوێڵەیە لە پۆڵەندا، پێش شەڕی ئۆکراینا سەرووی رێژەی 20% قازانجی لە فرۆشتنی بەرهەمەکانی دەکرد؛ بەڵام ئێستا کارەکەی لە زیاندایە.
 
ویسلۆ گرەن بەمشێوەیە باسی زیانەکانی دەکات "بارودۆخەکە بەشێوەیەکی بەرچاو گۆڕاوە. بەرهەمەکانمان وەک جاران لە قازانجدا نین، بەڵکو لە زیاندان، هۆکارەکەش بەرهەمەکانی ئۆکراینان کە بازاڕی پۆڵەندایان پڕکردووە و نرخەکانیان داتەپاندووە و بازاڕی بەرهەمەکانی ئێمەیان وێرانکردووە."
 
لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا لە ژێر گوشاری سەندیکای جووتیاران، یەکێتیی ئەوروپا هاوردەکردنی دانەوێڵەی ئۆکراینی بۆ پۆڵەندا، هەنگاریا و سلۆڤاکیا کە ئەندامن لە یەکێتییەکەی، قەدەخەکرد، ئێستا بڕیاریداوە کۆتایی بەو قەدەخەکردنە بهێنێت.
 
ئەو سێ وڵاتە، ئێستا تاکلایەنانە دژی ئەو بڕیارەی یەکێتیی ئەوروپان و بڕیاریاندا درێژە بە قەدەخەکردنی دانەوێڵەی ئۆکراینی بدەن. ئەم هەنگاوەش ئۆکراینای تووڕە کرد و لای رێكخراوی بازرگانیی جیهانی، سکاڵای لەسەر تۆمارکردن.
 
پۆڵەندا کە کاتی شەڕی ئۆکراینا، پێشوازی لە سەرووی دوو ملیۆن پەنابەری ئەو وڵاتە کردووە و رێگەیەک بووە بۆ ناردنی چەک و ملیاران دۆلار هاوکاریی وڵاتانی رۆژئاوا بۆ ئۆکراینا، سکاڵاکەی زیلینیسکی بە "سپڵەیی" لێکدەداتەوە.
 
ماتیوز مۆراوێتسکی، سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا، دەڵێت "من دەمەوێت لێرەوە بە سەرۆک زیلینیسکی بڵێم هەرگیز سووکایەتی بە پۆڵەندییەکان مەکە، گوێمان لە گوتارەکەت بوو لە بەردەم کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان، دیارە تۆ چاکەت لە بیر نامێنێت."
 
ڤۆلۆدیمیر زێلینیسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە گوتارەکەیدا لەبەردەم کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، ناڕاستەوخۆ هێرشی کردە سەر پۆڵەندا و گوتی، "رووسیا نرخی خۆراک وەک چەک بەکاردەهێنێت، ئەوەش کاریگەریی لەسەر هەموو جیهان هەیە، بەڵام هاوکات قەدەخەکردنی بەرهەمەکانمان لە لایەن هەندێ وڵاتەوە، تەنیا سوود بە مۆسکۆ دەگەیێنێت."
 
جگە لە بەرهەمە کشتوکاڵییەکان؛ بڕیارەکەی هەفتەی رابردووی حکومەتی پۆڵەندا، لەسەر وەستاندنی ناردنی چەک بۆ ئۆکراینا و گرنگیدان بە تەکنەلۆژیای سەربازی خۆیان، ئاڵۆزی نێوان کیێڤ و وارسۆی قووڵتر کرد.
 
ئەوە لە کاتێکدایە ناوەڕاستی مانگی داهاتوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی پۆڵەندایە و زۆرترین دەنگدەرانی پارتی کۆنسەرڤاتیڤی فەرمانڕەوای پۆڵەندا، جووتیارانی ناوچە کشتوکاڵییەکانن.