لە چیلی و بەلجیکا خۆپێشاندان بۆ پشتگیری لە ناڕەزایەتییەکانی نێو ئێران بەڕێوەدەچێت


رووداو دیجیتاڵ

لە ئەمریکای لاتین و ئەوروپا پاڵپشتیی خۆپێشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەکرێت.
 
ئەوەی لە سەرەتای ڤیدیۆکە دەردەکەوێت، شاری سانتیاگۆی پایتەختی چیلییە، ژمارەیەک چالاکڤانی ژن بۆ پاڵپشتیکردن لە خۆپێشاندانەکان گردبوونەتەوە و درووشمی "ژن، ژیان، ئازادی" دەڵێنەوە.
 
مارال حیکمەت، خۆپێشاندەرێکە و دەڵێت، "ئێستا لە ئێران خەڵک لەپێناو ئازادیدا رژاونەتە سەر شەقامەکان و رووبەڕووی پۆلیس بوونەتەوە. چونکە خۆپێشاندان لە ئێران قەدەخەیە؛ دەتکوژن گەر بیکەیت".
 
ژمارەیەک خۆپێشاندەر لە بەردەم باڵیۆزخانەی ئێران لە بروکسلی بەلجیکا گردبوونەتەوە، بەشێک لە خۆپێشاندەران بۆ دەربڕینی هاوسۆزی بۆ کوژرانی ژینا، قژی خۆیان دەبڕن و سەرپۆش دەسووتێنن.
 
هانی کۆهان، خۆپێشاندەرێکی دیکەیە و دەڵێت، "پێموایە ئەمە تەنیا سەرەتایە. ماوەی 43 ساڵە خەڵکی ئێران سەرکوت دەکرێن؛ ئێستا هەموویان یەکگرتوون بۆ بەدەستهێنانی مافی ژنان. ئەمە ساتەوەختێکی مێژووییە. ئێمە هەموو پشتیان دەگرین. خەڵکیش لە جیهان پشتی ئێمە دەگرن، چونکە ئێمە ئازادیمان بۆ خەڵکی ئێران دەوێت".
 
خۆپێشاندانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە رێککەوتی 16ی ئەیلوولی 2022 دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، لە سەقزەوە دەستیپێکرد و ئێستا 80 شار و شارۆچکەی دیکەی گرتووەتەوە.
 
بە گوێرەی رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، تاوەکو شەوی هەینی لە خۆپێشاندانەکاندا 50 هاووڵاتی کوژراون؛ 730 کەس بریندار بوون و لانیکەم 600 کەس دەستگیرکراون. 
 
ژینا کچە کوردێکی تەمەن 22 ساڵی خەڵکی شاری سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستانە. رۆژی 13ی ئەیلوول لەلایەن پۆلیسی رەوشتی ئێران لە تاران دەستگیرکرا و بە گوتەی بنەماڵەکەی لێیدراوە و ئەشکەنجەدراوە؛ ژینا دوای سێ رۆژ لە گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.