یاهوو: وڵاتێکی بیانی لە پشت هاککردنی 500 ملیۆن ئیمەیڵەكەمانەوەیە

24-09-2016
رووداو @Rudawkurdish
گەورەترین پرۆسەی هاککردنی زانیاری وێب دانرا
گەورەترین پرۆسەی هاککردنی زانیاری وێب دانرا
نیشانەکردن ئیمەیڵ
A+ A-

رووداو - هەولێر

دوای ئەوەی 500 ملیۆن ئیمەیڵی كۆمپانیای یاهوو هاککران و ئەو پرۆسەیەش بە گەورەترین پرۆسەی هاککردنی زانیاری وێب دانرا، یاهوو رایگەیاند، وڵاتێکی بیانی لە پشت ئەو كارەوەیە.

کۆمپانیای یاهوو لە هەوڵەکانی بەردەوامە بۆ ئەوەی سەلامەتی بەکارهێنانی ئیمەیڵ و خزمەتگوزارییەکانی دابینبکات، بەڵام شارەزایانی ئاسایشی تۆڕەکانی ئینتەرنێت پێیان وایە، ئەو هەوڵەی کۆمپانیای یاهوو، ئاسان نابێت.

گراند گەیەر، شارەزای ئاسایشی تۆڕەکانی ئینتەرنێت دەڵێت "بۆ ئەو دەزگایانەی کە لەسەر ئینتەرنێت کاردەکەن کێشەکە لە هاکكردن و بڕینی تۆڕەکانیان نییە، کێشەکە ئەوەیە دەبێت بزانن کەی ئەو کارە کراوە. زۆر رێگە هەن کە لەرێگەیەوە هاککەران بچنە نێوی، بۆیە دەبێت کۆمپانیاکان ماوە ماوە چۆنێتی چوونە ژوورەوەی کارمەندانی خۆیان نوێ بکەنەوە. دوو هەنگاوی بەهێز بۆ ئەندامێتی فەرمانبەران دابنێن، نابێت تەنیا بە یوزەرنەیم و پاسۆرد ئەو کارە بکەن، بەڵکو دەبێت شتێک بکەن کە پێش چوونە ژەوورەوەی هەر کەسێک؛ بپرسێت ئەو کەسە کێیە".

یاهوو دەڵێت، حکومەتێکی بیانی لەپشت هاكکردنی ئەو نیو ملیار ئەکاونتەی كۆمپانیاكەیە، بەڵام شرۆڤەکاران دەڵێن کاتی ئەوە هاتووە ئەو کۆمپانیایە لە جیاتی بیرکردنەوە لە دەوڵەمەندبوون، بیر لە هەواڵگری و ئاسایشی تۆڕەکانی بكاتەوە.

نوێکردنەوەی ئەکاونت و گۆڕینی وشەی نهێنیش بۆ سێ مانگ جارێک سەرەتایییترین هەنگاوی رێگری لە هاککردنە.

گراند گەیەر دەڵێت "شارەزایان بەباشی دەزانن کە هەموو سێ مانگ جارێک لەسەر بنەمای نوێ وشەی نهێنی بگۆڕیت. گرنگ ئەوەیە نابێت بۆ چەند ماڵپەڕێک هەمان وشەی نهێنی دابنێی، ئەمە وادەکات بۆشایی دروستبێت بۆ چوونەژوورەوە و هەموو داتە کەسییەکان و زانیاری ژیان و  هەستیارترین زانیارییەکانیش دەکەونە بەر هەڕەشەی هاککەران".

مانگی تەمموزی ئەمساڵ ژمارەی بەرکاربەرانی ئیمەیڵی یاهوو بەڕێژەی 30% بەبەراود بە دوو ساڵی رابردوو دابەزی و لەبەرامبەردا رێژەی بەکاربەرانی جیمەیڵ 9% بەرزبووەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە