یاهوو: زانیاری 500 ملیۆن کەس لە بەکارهێنەرانمان هاک کراوە

رووداو- هەولێر

کۆمپانیای یاهوو رایگەیاند، لە ساڵی 2014 هاککەرەکان زانیاری پەیوەندیدار بە 500 ملیۆن بەکارهێنەری ئەو کۆمپانیایەیان هاک کردووە.


زانیارییەکان وەک کۆمپانیای یاهوو رایگەیاندووە بریتین لە ناوی کەسێتی، ئیمەیل، ژمارەی تەلەفوون، بەرواری لەدایکبوون و پاسۆرد، بەڵام ئەو زانیارییانەی کە هاک کراوە زانیاری هەژمارە بانکییەکانی تێدا نەبووە.

کۆمپانیای یاهوو هۆکاری ئەو هاک کردنە بە درزکردنی زانیاری لەلایەن هاککەرەکانی وڵاتێکی نادیارەوە راگەیاندووە.

پێش کۆمپانیای یاهوو، هاک کردنی 427 ملیۆن ئەکاونتی MySpace بە گەورەترین هاک کردنی مێژووی وێب ناودەبرا، بەڵام ئەم هاک کردنەی کۆمپانیای یاهوو رێکۆردەکەی شکاندووە.

بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە هاوکاتە لەگەڵ فرۆشتنی کۆمپانیای یاهوو بە هورایزۆن بە بڕی 4.8 ملیار دۆلار و هەندێک لە پشکدارەکانی نیگەران کردووە لە گۆڕانکاری لە نرخی فرۆشتنی کۆمپانیای یاهوو.