خێزانێکی سنووری هەولێر سێ رۆژە لە ئەرمینیا دەستبەسەر کراون

رووداو دیجیتاڵ 

خێزانێکی خەڵکی دەڤەری برادۆست لە پارێزگای هەولێر، ماوەی سێ رۆژە لە دەروازەیەکی سنووری نێوان ئێران و ئەرمینیا دەستەبەسەر کراون و داوای بەهاناوەچوون دەکەن.
 
هاونیشتمانییەک کە لە ئەرمینیا دەخوێنێت و خەڵکی باشووری کوردستانە، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە دەروازەی نۆردووس لەلایەن پۆلیسی ئەرمەنستانەوە خێزانێک دەستبەسەرکراون، کە بە بنەماڵەی حاجی رەشیدی برادۆست ناسراون و مۆبایلەکانیشیان لێ وەرگیراوە".
 
ئەوانەی دەستبەسەر کراون ژن و پیاوێک و سێ منداڵیانن؛ یەکێک لە منداڵەکان تەمەنی ساڵ و نیوێکە. شایەتحاڵەکە گوتی: "منداڵێکیان تەمەنی 12 ساڵە و تیشێرتەکەی بەری ئاڵای کوردستانە و بەهۆی ئەوەوە دەستبەسەر کراون".
 
د. موسەنا ئەمین، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە ئەمڕۆوە بەدواچوون بۆ کەیسی ئەو هاونیشتمانیانە دەکات.
 
ئەو شایەتحاڵە کە لەگەڵ ئەو خێزانەدا قسەی کردووە دەڵێت، داوایان کردووە فەرمانەگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە هانایانەوە بچن.
 
بە گوتەی ئەو شایەتحاڵە ئەو خێزانە لە رووسیا بوون، بەهۆی نەبوونی هێڵی راستەوخۆوە چوونەتە ئێریڤان لە ئەرمینیا و ویستوویانە لە رێگەی ئەو وڵاتە و بە وڵاتی ئێراندا بگەڕێنەوە.
 
هەمان خێزان ساڵی رابردوو بە گەشتیاری بە هەمان سنووردا چوونەتە ئازەربایجان و گەڕاونەتەوە و هیچ گرفتێکی یاساییان بۆ دروست نەکراوە.