لە ئەڵمانیا دەست بۆ هەرچی دەبەیت گرانبووە؛ 'لەبەردەم کاشیێرەکە شۆک دەبین'

24-08-2023
ئاڵا شاڵی
ئاڵا شاڵی
لە ئەڵمانیا نرخی خۆراک و کەلوپەل لە 11 تاوەکو نزیکەی 90٪ گرانبووە
لە ئەڵمانیا نرخی خۆراک و کەلوپەل لە 11 تاوەکو نزیکەی 90٪ گرانبووە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

لە ئەڵمانیا دەست بۆ هەر خۆراک و کەلوپەلێک دەبەیت گران بووە. چوومە گاسترۆ پییز کە کۆفرۆشێکی ناسراوی شاری بۆخۆم و فاتنشایدە، چێشتخانەکان، پیتزاخانەکان و قاوەخانەکان لەوێ پێداویستییەکانیان دەکڕن. ئارام مستەفا کوردە و خاوەنی شوێنەکەیە، نزیکەی 15 ساڵە کۆفرۆشە، ئەو دەڵێت، سەرەتای گرانییەکە لە سەردەمی کۆرۆنا سەریهەڵدا.
 
ئارام لەنێو کۆگاکانیدا کەلوپەلەکانی پێشاندام و گوتی، "بە راستی زۆربەی شتەکان 100٪ گران بوون. بێگومان هەست دەکەین کە گۆڕانکارییەکی زۆری بەسەردا هاتووە. ئێمە هەموو جۆرە خواردنێک بۆ رێستۆرانت و پیتزاخانەکان دەنێرین. لەدوای کۆرۆناوە هەموو شتێک گرانبوو، شەڕی ئۆکرایناش کارەساتی دروستکرد. بۆ نموونە تەماتە زۆر گرانبووە، تونۆ زۆر گرانتریش دەبێت، رەنگە کارتۆنی شەش یۆرۆ زیاد بکات. زەیتی زەیتوونیش پێشتر بە پێنج یۆرۆ دەمانفرۆشت، ئێستا بە 10 یۆرۆیە."
 
لەو نێوەندەدا، خەڵک زیان دەکەن. ئێستا هەڵاوسان لە ئەڵمانیا گەیشتووەتە 6.2٪، ئەو خۆراکانەی کە گرانیش بوون، بەشێکیان لە ئیتاڵیاوە هەناردەی ئەڵمانیا دەکرێن، ئەوەی دیکەشی لە وڵاتانی دیکەوە. 
 
بۆ ئەوەی کاریگەریی گرانبوونی نرخی کەلوپەل و خۆراک ببینین، چوومە رێستۆرانتێکی ئیتاڵی، خاوەنەکەی کوردە و ئەویش هەموو کەلوپەلەکانی لەلای ئارام دەکڕێت. 
 
سەروەت يڵدرم، خاوەنی رێستۆرانتەکەیە، گوتی، "دەتوانم بڵێم 100٪ شتەکان وەکو ئارد، پەنیر و هەموو ئەو شتانەی دەیکڕین گرانبوون. ئێمە ناچارین خواردنەکانمان گران بکەین، نرخی پیتزاکانمان یەک یۆرۆ زیادکرد، چونکە ئەو شتانەی دەیانکڕین گرانبوون. زەڵاتە، پیتزا و مەعکەرۆنیمان گرانکرد، چونکە ناچارین. هەروەها قاوەش یەک یۆرۆ گران بووە، چونکە لە ئەمریکاوە هاوردەی دەکەین."
 
بەپێی ئامارەکانی فەرمانگەی بەکاربەر، نرخی هەندێک خۆراک 11 تاوەکو 89,9% زیادیانکردووە، لەوانە شەکر، گۆشت، هەروەها ئەو خۆراکانەی لە شیر دروست دەکرێن.
 
گرانییەکە بەجۆرێکە کاریگەری لە هەژار و دەوڵەمەند کردووە. میوانێک لە رێستۆرانتەکەی سەروەت قسەی بۆ کردم، دەڵێت: "بەڵێ گرانبووە، بەتایبەتی کاتێک دەچین بۆ بازاڕکردن و گۆشت کڕین، نرخەکان زۆر بەرزبوونەتەوە، هەروەها شتی دیکەش وەکو مرەبا و نان نرخیان ئێجگار بەرزبووەتەوە. کاتێک دەچمە لای کاشیەر تووشی شۆک دەبم، کە دەبینم چی لەنێو سەبەتەکەمە و چەند گرانبووە، دوو ساڵ لەمەوبەر دەمتوانی بە هەمان پارە دوو هێندە شمەک بکڕم."
 
لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخەکان، رێژەی هەژاریش لە وڵاتی ئەڵمانیا زیادیکردووە، بە جۆرێک لە کاتی سەرهەڵدانی کۆرۆنا، نزیکەی 13.4 ملیۆن کەس هەژار یان مەترسی هەژاریان لەسەر بوو، بەڵام ئێستا، بە تایبەت لە دوای شەڕی ئۆکراینا، ژمارەکە بەرزبووەتەوە بۆ 14 ملیۆن کەس، واتە 600 هەزار کەس زیادیکردووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پلاسخارت و جێگرەوەکەی.

جێگرەوەی پلاسخارت دیاریکرا

رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، محەممەد ئەلحەسان، نوێنەری عومان لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بە نوێنەری نوێی یونامی لە عێراق دەستنیشان کرا و شوێنی جێنین هێنیس پلاسخارت، دەگرێتەوە.