حکومەتی ئەڵمانیا رەشنووسی ئاسانکردنی وەرگرتنی وڵاتینامەی پەسند کرد

24-08-2023
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

حکومەتی ئەڵمانیا رەشنووسی هەمواری یاسای وڵاتینامەی پەسند کرد و بەگوێرەی پڕۆژەیاسا نوێیەکە، پرۆسەی وەرگرتنی وڵاتینامەی ئەڵمانی خێراتر و ئاسانتر دەبێت، ئەمەش وەکو هەنگاوێکی دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی دەستی کار لەو وڵاتەدا.
 
رۆژی چوارشەممە، 23ـی ئابی 2023، نانسی فیسەر، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە بەرلینی پایتەخت، پەسندکردنی پڕۆژەیاسای نوێی وەرگرتنی وڵاتینامەی لەلایەن حکومەتی ئەڵمانیاوە راگەیاند و ئاماژەی بەوەکرد، هەموارکردنەوەی ئەو یاسا کۆنە "دانپێدانانە بە ئەڵمانیای مۆدێرن" و بە یەکێک لە هەنگاوە گرنگەکانی حکومەتی ئەڵمانیای ناساند.
 
وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا راشیگەیاند، هیوادارە ئەو ئاسانکارییەی لە پرۆسەی وەرگرتنی وڵاتینامەی ئەڵمانی دا کراوە، هانی هەموو ئەوانە بدات کە ماوەیەکی زۆرە لەو وڵاتەدا دەژین و وڵاتینامەیان وەرنەگرتووە، تاوەکو لە وڵاتەکە بمێننەوە و رێکارەکانیان بۆ وەرگرتنی وڵاتینامە دەستپێبکەن و کرێکارە بیانییەکانیش هەست بە دڵنیایی زیاتر بکەن.
 
لەوبارەیەوە، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا گوتی، "ئێمە ئێستا لە پێشبڕکێیەکی جیهانیدان بۆ بەدەستهێنانی باشترین مێشک لە سەرجەم بوارەکاندا و ئابوورییەکەشمان پێویستی بە کرێکار هەیە بەشێویەکی بەپەلە، بەڵام زیرەکترین مێشکەکان روو ناکەنە ئێرە، ئەگەر سەرجەم مافە دیموکراتییەکانیان پێنەدرێت لە نزیکترین کاتیان بە گەیشتنیان بۆ ئەڵمانیا".
 
هەروەها حکومەتی ئەڵمانیا رایگەیاند، بڕیارە مانگی داهاتوودا پڕۆژەیاسا نوێیەکە لە پەرلەمانی ئەڵمانیا دەنگی لەسەر بدرێت، چونکە ئێستا پەرلەمان لە پشووی هاوینەیدایە و لە 5ـی مانگی داهاتوو کۆبوونەوەکان دەستپێدەکەنەوە، بەڵام هێشتا رۆژی دەنگدان لەسەر ئەو یاسایە نوێیە دیارینەکراوە.
   
بەگوێرەی رەشنووسە نوێیەکە، هەموو ئەو پەنابەرانەی لە ئەڵمانیا دەژین، لە دوای پێنج ساڵ مانەوەیان لەو وڵاتەدا دەتوانن داواکاریی بۆ وەرگرتنی پاسپۆرت ئەڵمانی پێشکێش بکەن، کە پێش هەموارکردنەوەکە هەشت ساڵ بووە. لەگەڵ ئەوەش هەر کەسێک زیرەکی و لێهاتووی لە کارەکەیدا پیشان بدات و بیسەلمێنێت، دەتوانن لە ماوەی سێ ساڵدا داواکاری بۆ وەرگرتنی پاسپۆرتی ئەڵمانی پێشکێش بکەن. 
  
لەگەڵ ئەوەش پڕۆژەیاسا نوێیەکە، هەر کەسێک هەڵگری پاسپۆرتی نائەوروپییە، دەتوانێت پاسپۆرتی ئەڵمانیش وەربگرێت، کە تائێستا تەنیا هەڵگری پاسپۆرتی وڵاتانی ئەوروپی، دەیانتوانی ببنە خاوەنی پاسپۆرتی ئەڵمانیش.
 
لەبارەی ئەو گۆڕانکارییە، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوە کرد ئەو هەنگاوە وا دەکات ئەو کرێکارە بیانی و پەنابەرانەی لە ئەڵمانیا دەژین، ناچار نەبن، دەستبەرداری وڵاتینامەکەی دیکەیان ببن.  
 
هەروەها، پڕۆژەیاسا نوێیەکە، تێیدا هاتووە کە هەر منداڵێک یەکێک لە باوانی هەڵگری وڵاتینامەی ئەڵمانی بێت یاخود هەر یەکێکیان لە ئەڵمانیا لەدایکبووبێت و یان بەشێوەیەکی یاسایی بۆ ماوەی پێنج ساڵ لەو وڵاتەدا ژیا بێت، ئەوا ئەو منداڵە مافی ئەوەی هەیە داوای وڵاتینامەی ئەڵمانی بکات، کە پێش هەموارکردنەوەکە، هەشت ساڵ بوو. 
 
بەڵام بەرهەڵستکارانی ئەو پڕۆژەیاسایە دەڵێن، بە پەسندکردنی، پرۆسەی پێشکێشکردنی وڵاتینامە ئەوەندەی دیکە خاوتر دەکات. بەگوێرەی ئامارەکانی حکومەتی ئەڵمانیا، ئێستا نزیکەی 100 هەزار کەس لە لیستی چاوەڕێدان بۆ پەسندکردنی فۆرمی داواکردنی وڵاتینامە و هەندێک لەوانەش رایانگەیاندووە بۆ ماوەی سێ ساڵە چاوەڕێن. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی دوو هاونیشتمانییەکە کە ئاژانسی تاوانی نیشتمانیی بەریتانی بڵاویکردووەتەوە

دوو هاونیشتمانی بە بردنی کۆچبەران بۆ بەریتانیا بە تاوانبار ناسێندران

دوو کوردی دانیشتووی بەریتانیا لە دادگەیەکی ئەو وڵاتە دانیان بەوەدا نا کە خەڵکیان بە قاچاخ بردووەتە ئەو وڵاتە. ئاژانسی تاوانی نیشتیمانیی بەریتانیا دەڵێت، قاچاخچییەکان چەندین ئۆفەری جیاوازیان پێشکێش بە کۆچبەران کردووە و زۆربەی کۆچبەرەکانیش گەیشتوونەتە بەریتانیا