بەڕێوەبەری سی ئای ئەی و مەلا بەرادەر 'بەنهێنی' کۆدەبنەوە

24-08-2021
لهۆن نەسرەدین
نیشانەکردن کابوول ئەفغانستان بزووتنەوەی تاڵیبان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندی ئەمریکا بەنهێنی لەگەڵ بەرپرسی ژمارە دووی بزووتنەوەی تاڵیبان کۆبووەتەوە.
 
رۆژنامەی واشنتن پۆست لە زاری بەرپرسێكی باڵای ئیدارەی بایدن کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت رایگەیاندووە، رۆژی دووشەممە، 23ـی ئەم مانگە، وڵیەم بێڕنز، لەگەڵ مەلا عەبدولغەنی بەرادەر، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی تاڵیبان لە کابوولی پایتەختی ئەفغانستان "بە نهێنی" کۆبووەتەوە.
 
رۆژنامەکە مەلا بەرادەری بە رابەری دیفاکتۆی تاڵیبان ناوبردووە و کۆبوونەوەکەش بە یەکەمین کۆبوونەوەی گەورە بەرپرسانی ئیدارەی بایدن و تاڵیبان ناوبردووە.
 
بێرنز کە بەڕێوەبەری سی ئای ئەی ـیە، هاوکات بە یەکێک لە بەهێزترین و خاوەنی زۆرترین ئەزموون لە جیهانی دیپلۆماسیی ئەمریکادا دادەنرێت.
 
بڕیاری بایدن بە ناردنی سەرۆکی دامەزراوە سیخوڕییەکەی بۆ ئەفغانستان و کۆبوونەوەی لەگەڵ بڕیاربەدەستانی تاڵیبان، قەبارەی قورسی و ئاڵۆزیی بارودۆخی ئەمنیی تایبەت بە گواستنەوە و بردنەدەرەوەی ئەمریکی و ئەفغانییەکانی دیکەی نێو ئەفغانستان دەردەخات کە هاوکاتە لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی چوونە دەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەو وڵاتە.
 
بەگوێرەی رێککەوتنی ئیدارەی بایدن و بزووتنەوەی تاڵیبان، دوایین وادەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هێزە بیانییەکانی دیکە لە وڵاتە، رۆژی 31ـی ئەم مانگەیە لەکاتێکدا هێشتا هەزاران ئەمریکی و ئەفغانی لە کابوول ماون و نەبراونەتە دەرەوەی وڵات.
 
لە مانگی تەممووزی ئەمساڵەوە، ئەمریکا سەرووی 42 هەزار کەسی بردووەتەدەرەوە، بەڵام لەلایەک وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا باس لە مانەوەی هەزاران کەسی دیکە لە ئەفغانستان دەکات و لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا - پێنتاگۆن لە دوایین راپۆرتیدا کە خراوەتە بەردەم بایدن ئاماژەی بەوە داوە کە تاوەکو رۆژی 31ـی ئەم مانگە کەمتر لە حەفتەیەک ماوە و ناتوانن سەرجەم هێزەکانیان لە ئەفغانستان بکشێنەوە.
 
لە بەرامبەردا بزووتنەوەی تاڵیبان لەسەر زاری گوتەبێژەکەی هەر جۆرە درێژکردنەوەیەک لە وادەی کشانەوەکە بە هێڵی سوور و درێژەدان بە داگیرکاری ناوبرد کە بە گوتەی تاڵیبان کاردانەوەی دەبێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لە کەنار دەریایەکی فەرەنسا دوو وشتر بۆ پاککردنەوەی کەناراوەکە بەکاردێن

وشتر بۆ خاوێنکردنەوەی کەناراوەکانی فەرەنسا بەکاردێت

تیمێکی فەرەنسییە لە کەناری دەریای نێوەڕاست، نزیک لە شاری مارسیلیای باشووری وڵاتەکە؛ بە بەکارهێنانی وشتر، کەناراوەکە لە پلاستیک و پاشماوەکانی دیکە خاوێن دەکەنەوە