هێرشکارەکەی سەر دوو مزگەوتەکەی نیوزلاند، حوکم دەدرێت

رووداو دیجیتاڵ
 
ئەمڕۆ دووشەممە لە نیوزلاند دادگای ئەو وڵاتە بڕیاری کۆتایی لەسەر زیندانیکردنی برینتن هاریسن تارانت دەدات کە بەهاری ساڵی رابردوو هێرشی کردە سەر دوو مزگەوتی ئەو وڵاتە.
 
برینتن هاریسن تارانت تۆمەتبارە بە کوشتنی 51 کەس و هەوڵی کوشتنی 40 کەسی دیکە .
 
میدیای نیوزلاند رایگەیاند: دادگا ئەمڕۆ بڕیاری زیندانیکردنی تارانت دەدات کە گەورەترین تاوانی لە مێژووی نوێدا کردووە و 51 کەسی پێکەوە کوشتووە.
 
ئەو کە وەکو رەگەزپەرست و پەرگیڕ ناوی دێت رەتیکردەوە پارێزەری هەبێت و دەیەوێت خۆی لەکاتی حوکمدان قسە بکات، ترسی ئەوە هەیە هەوڵبدات ئەو شوێنە وەکو سەکۆیەک بۆ بانگەشەی رەگەزپەرستی و دژە موسڵمان و کۆچبەران بەکاربێنێت.
 
تارانت دوای قوربانی یان رزگاربووانی هێرشەکە قسە دەکات، دادوەریش دەتوانێت هەر کاتێک ویستی قسەکانی ببڕێت.
 
بەپێی زانیارییەکان تارانت رەنگە ببێتە یەکەم کەس لە نیوزلاند بە زیندانی هەتاهەتایی سزابدرێت، بێ بوونی هەلی ئازادکردنی مەرجدار، نیوزلاند ساڵی 1961 سزای لە سێدارەدانی هەڵگرت، زۆرترین سزاش لەو کاتەوە لەسەر تۆمەتبارێک درابێت 30 ساڵ زیندانی بووە.
 
بەهار ساڵی رابردوو برینتن تارانت هێرشیکردە سەر مزگەوتەکانی نوور و لینوود و ساتی هێرشەکەیشی لە لایڤێکی فەیسبووک دانا و سەتان کەس بینیان.
 
هێرشی سەر دوو مزگەوتەکە کاردانەوەی جیهانی لێکەوتەوە، دوای ئەو رووداوە رێکار  و هەنگاو و پرۆتۆکۆڵی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گۆڕدران.
 
 لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو ژمارەیەک هێرشی راستڕەوە رەگەزپەرستەکان لە ئەوروپاش روویداوە، دیارترینیان هێرشی ئەندرێس برایڤیک بوو لە 22ی  تەمموزی 2011 لە نەرویج.
 
ئەوکات برایڤیک تەقینەوەیەکی لەبەردەم نووسینگەی سەرۆکوەزیران کرد و هێرشی کردە سەر دوورگەی ئوتویای نەرویج کە ژمارەیەک خوێندکار بۆ بەشداری لە کۆنفرانسێک چووبوونە دوورگەکە.
 
لە هەردوو هێرشەکەدا 77 کەس کوژران، دوای چەند ساڵێکیش دادگا 21 ساڵ زیندانی بۆ تۆمەتباری هێرشەکە بڕیەوە، لەو هێرشەدا زۆربەی ئەوانەی کوژران گەنج بوون، لە نێویاندا کچە کوردێک بەناوی بانو رەشید ئەبوبەکر کە تەمەنی 18 ساڵ بوو، خوشکێکیشی بەناوی لانە رەشید لە هێرشەکەدا رزگاری بوو.
 
حکومەتی ئەوکاتی نەرویج کە یەنز ستۆڵتنبێرگ سەرۆکی ئێستای ناتۆ  سەرۆکایەتی دەکرد، دانی بەوەدانا کە دەبوو ئاسایشی وڵاتەکەیان بەهێزتر بێت و رێگەنەدەن هێرشی لەوجۆرە رووبدات، لە کۆبوونەوەیەکیشی لەگەڵ خێزانی قوربانییان رایگەیاند: "حکومەت کەمتەرخەم بووە" و داوای لێبووردنی کرد.