هاریس، ترەمپ بە تاوانبار ناودەبات و کۆمارییەکانیش ئەو بە میراتگری شکستخواردووی بایدن دادەنێن

6 کاژێر له‌مه‌وپێش
لهۆن نەسرەدین
هاریس چەندین رەخنەی لە ترەمپ گرت
هاریس چەندین رەخنەی لە ترەمپ گرت
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بێڵ لاینەر، دیموکراتێكی سەرسەختی دانیشتووی پێنسلڤینیای ئەمریکایە، لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی بایدن ساردببووەوە، بەڵام کە مەشخەڵەکەی رادەستی هاریس کرد، ئەویش بووژایەوە. 
 
بێڵ دەڵێ "هەر کە بیستم هاریس درێژە بە هەڵمەتەکە دەدات، پۆستەی بایدن - هاریسم بڕی و تەنیا ناوی هاریس ـم هێشتەوە، خەڵک وزەیەکیان پێ بەخشراوە و هەست بە نوێبوونەوە دەکەن." 
 
جیمی تەمەن 80 ساڵ، رۆژانە لەنێو قاوەخانەیەکی پشت ماڵی لاینەر دادەنیشێت؛ بە درێژایی تەمەنی دیموکرات بووە؛ متمانەی بە هاریس هەیە و دەڵێت، رۆژی هەڵبژاردن ئەمریکا شینپۆشی دیموکراتەکان دەبێت.
 
هەر کە هاریس قۆڵی بۆ یەکەمین هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی هەڵماڵی، سەرووی 80 ملیۆن دۆلار لە کۆمەکبەخشانی بۆ کۆکرایەوە؛ نوێترین راپرسی نیشتمانیی ئەمریکاش، بۆ یەکەم جار بە دوو خاڵ پێش ترەمپی دانا؛ 44 بە 42.
 
هاریس لەسەر بنەمای کارکردنی وەک داواکاری گشتی، چەندین رەخنەی لە ترەمپ گرت.
 
کامالا هاریس رایگەیاند ''بەرلەوەی بە جێگری سەرۆک و بەر لەوەی بە سیناتۆر هەڵبژێردرێم، داواکاری گشتیی ویلایەتی کالیفۆرنیا بووم و هەموو جۆرە تاوانبارێکم بینیوە؛ ئەوانەی دەستدرێژییان کردووەتە سەر ژنان، دز و جەردە، فریودەر و فێڵاوی و یاساشکێن، بۆیە پێتان دەڵێم من باش دەزانم ترەمپ چ  جۆرە پیاوێکە و لە ریزی کامیاندایە." 
 
بۆ هاریس، ترەمپ فێڵاوییەکی پڕ تاوانە؛ بۆ کۆمارییەکانیش، داتاکانی ئەمریکای سەردەمی ئیدارەی بایدن، رەنگدانەوەی تواناکانی هاریسە.
 
ئیلیس ستێفانیک، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە پارتی کۆماری دەڵێ "بە هەڵەدا مەچن، گەلی ئەمریکا دەزانێت کامالا هاریس بەشدارە لە سیاسەتە شکستخواردووەکانی بایدن؛ لە قەیرانی هەڵاوسان، وزە، تاوان و قەیرانی ژمارەی یەکی ئەمریکییەکان، کە ئەویش قەیرانی کۆچبەری سەر سنووری باشوورە." 
 
لە ئێستاوە تاوەکو 5ـی تشرینی دووەم، کە رۆژی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکایە؛ هاریس بە دوو فیلتەری سەرەکیدا تێدەپەڕێت؛ بەدەستهێنانی کۆدەنگی دیموکراتەکان لە کۆنگرەی نیشتمانیی پارتەکەیان و، ئەنجامدانی لانیکەم دیبەیتێك لەگەڵ ترەمپ؛ لە ئەگەری سەرکەوتنیدا، رێگەی بۆ کۆشکی سپی ئاسانتر دەبێت.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە